نوچەنێت.ههولێر:
حکومەتی عێراق بۆ مانگی نیسان پارەی كەمتری بۆ ھەرێم ناردوەو پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت،ئەگەر کار بەیاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران ناکرێت با دایبخەین.
رەوانەکردنی پارەی کەمتر لەلایەن بەغداوە بۆ ھەولێر بەراورد بە رێژەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە، ناڕەزایەتی نوێنەرانی کوردی لە ئەنجومەنی نوێنەران لێدەکەوێتەوە،لەوبارەیەوە د.ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە SNNی راگەیاندوە”پێش ھەر کارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ ھەولێر، پێویستە وەفدێکی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عیراق کۆببنەوە“.
وتیشی”ئەگەر ئەو وەفدەی ھەرێم ھیچ ئەنجامێکی نەبوو،ئەو کاتە پێویستە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق و ھۆشیار زێباری وەزیری دارایی و عادل عەبدولمەھدی وەزیری نەوت ھەر سێکیان پێکەوە بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بکەین“.
ئەشواق باسی لەوەشکرد”پێویستە بەھەر سێکیان بڵێین ئایا پەسەندکردنی یاسای بودجە مانای چییە، یاخود کاری پێدەکرێت؟ یان ئەگەر کار بەیاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران ناکرێت با دایبخەین و بچینەوە ماڵەوە، چونکە ئەگەر وابێت پەسەندکردنی یاسا ھیچ سوودێکی نییە“.