نوچەنێت- ئەخبار 24
لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا چەند راپۆرتێك بڵاو بوونەوە كە ئاماژە بە بریندار بوونی مەترسیداری ئەبوبەكر بەغدادی “خەلیفە”ی داعش دەكەن لە میانەی هێرشێكی ئاسمانی وڵاتە هاوپەیمانەكان كە لە مانگی ئازاردا جێبەجێیان كردوە، لە كاتێكدا داعش بریندار بوونی یان ئەگەری كوژرانی بەغدادی رانەگەیاندوە، بەڵام سێ كەسی دیاری ناو داعش پاڵێوراون بۆ جێگرتنەوەی كە ئەمانەن:
ئەبو عەلاء ئەلعەفری:
ناوی راستەقینەی عەفری عەبدولرەحمان مستەفا ئال شیخلارە، چەند نازناوێكی هەیە لەوانە “ئەبو سەجا” و “حاجی ئیمان” و ” عەبولرەحمان مستەفا” ، بە رەگەز توركمانە خەڵكی ناوچەیەكی باشوری موسڵە، پێشتر مامۆستای فیزیا بوە لە شارۆچكەی تەلەعفەری پارێزگای موسڵ.
سەنتەری ” سەكینە” ی سەر بە وەزارەتی كاروباری ئیسلامی و ئەوقاف و بانگەوازی سعودیە ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەلعەفری ساڵی 1998 چوەتە ئەفغانستان ، دوای ئەوەش كە زەرقاوی بوە رێبەری قاعیدە لە عێراق ساڵی 2004 ، عەفری بەیعەتی پێدا.
ئەلعەفری چەندین پۆستی بەڕێوە بردوە لەناو داعش ، لەوانە سەرۆكی ئەنجومەنی شورا و ” جێگری خەلیفە” . سەنتەری سەكینە دەڵێت ” ئەلعەفری وردە وردە خەریكە رابەرایەتی داعش دەگرێتە دەست و رێكخراوەكە بەڕێوە دەبات دوای بریندار بوونی ئەبوبەكر بەغدادی ” ئەمە ئەو شتەیە كە هێشتا سی ئێن ئێن ناتوانێ دڵنیا بێتەوە لێی .
بەپێی راپۆرتەكان ، كێشەی زۆر لە نێوان ئەلعەفری و ئەندامانی قاعیدەدا دروست بوە بەجۆرێك بوەتە هۆی دەركردنی لە رێكخراوەكە، كە ئەمە وایلێكردوە چەند پرۆسەیەكی تۆڵە كردنەوەی بێبەزەییانە و كوشتن ئەنجام بدات دوای ئەوەی توانی ببێتە رێبەری مەیدانی داعش لە عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا ئەلعەفری لە هەموو ئەندامەكانی تر زیاتر ئارەزووی ئاشتبوونەوەی هەیە لەگەڵ بەرەی نوسرەی باڵی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا .
ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی:
وتەبێژی رێكخراوی داعشە و تەمەنی 38 ساڵە بە یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتیە سوریەكانی ناو داعش هەژمار دەكرێت، یەكەم كەس بوو دروستبوونی “خەلافەتی ئیسلامی” راگەیاند وەك خۆی وتی .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەلعەدنانیی لەژێر لیستی ” تیرۆرست تایبەتییە نێودەوڵەتیەكان ” ریزبەند كردوە، پاداشتێكیشی بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار ئامادە كردوە بۆ هەر كەسیك زانیارییان بداتێ لەبارەی ئەلعەدنانییەوە.
ئەلعەدنانی هەر لە سەرەتاوە پەیوەندی بە رێكخراوی قاعیدەوە كرد لە عێراق و لە جەنگەكانی پارێزگای ئەنبار بەشداری كردوە ، پاشان دەستگیر كراوە و لەساڵی 2005 تا 2010 لە زیندان بوە و پێدەچێت شوێنی دەسبەسەر كردنەكەشی لە سەربازگەی بۆكای ئەمریكی بوبێت.
بەڕای شیكەرەوەكان دوو فاكتەر هەن كاریگەرییان دەبێت لەسەر گەیشتنی ئەلعەدنانی بە رابەرایەتی كردنی داعش دوای بەغدادی، ئەوانیش یەكەم تەمەنی بچوكە و دووەم خەڵكی سوریایە، چونكە ئێستا هەموو ئەوانەی پۆستە باڵاكانی ناو داعش بەرێوە دەبەن عێراقین.
ئەبو عەلی ئەنباری :
سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی داعشە، شارەزایی سەربازی فراوانی هەیە بەو پێیەی یەكێك بوە لە بەرپرسەكانی دەزگای هەواڵگری سەردەمی رژێمی سەددام ، عێراقییە و خەڵكی نەینەوایە.
ناوی ئەنباری بەتەواوی ناسرا دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی كرایە سەر پەناگەی سەركردەیەكی داعش بە ناوی ” ئەبو عەبدولرەحمان بیلاوی ” كە سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی داعش لە عێراق، دوای كوشتنی بیلاوی لەو هێرشەدا مێمۆرییەك دۆزرایەوە ، ئەو رۆڵەی ئەنباری دەیبینێت لە بەرێوە بردنی پرۆسە سەربازییەكاندا بە تەواوی دەركەوتوە.
لەوانەبە كار كردنی ئەنباری لەناو دەزگای هەواڵگری رژێمی سەددامدا وایلێبكات كەسێكی بەو راددە خۆشەویست نەبێت كە ببێتە جێگرەوەی بەغدادی ، بەتایبەتی لەناو چەكدارە بیانییەكان و سەلەفیەكان .