نوچەنێت-ئاژانسەكان
ئەندامێكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و حەیدەر عەبادی ئەندامیەتی، بە توندی هێرشدەكاتە سەر لایەنی كورد و سوننە بەهۆی سەردانەیان بۆ واشنتن و پێیان دەڵێت “دەرتان خست هاوبەشی ئەمریكان نەك پرۆسەی سیاسی عێراقی”.
عەواتیف نیعمە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەیانامەیەكدا دەربارەی سەردانی سەرۆكی هەرێم و پارێزگاری موسڵ و وەزیری دارایی پێشووتری عێراق بۆ واشنتن دەڵێت “مەبەست لەم سەردانە داواكردنی چەكە لەلایەن ئەوانەوە، هەروەك مەبەستی درووستكردنی هەرێمێكی سوننەی لەگەڵە وەك بەشێك لە پلانی ئەمریكا بۆ دابەشكردنی عێراق”.
نیعمە وەك تیرۆریست ناوی رافع عیساوی دێنێت دەڵێت سەردانی ئەو سیانە ماسكی سەر روویانی لادا و دەری خست ئەوانە هاوبەشی ئەمریكان نەك پرۆسەی سیاسی عێراق.
هەر ئەمڕۆ عالیە نوسەیف ئەندامی هەمان فراكسیۆن داوای لە حكومەتی بەغدا كرد یاداشتنامەیەكی ناڕەزایی بگەیەنێتە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و سەركۆنەی ئەوە بكات كە ئەوان پێشوازییان لە تیرۆریستێك كردووە، كە مەبەستی رافع عیساوی بووە.