هەڵوێستی پێشنوێژی مەهاباد لەبارەی فەرینازەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

پێشنوێژی هەینیی شاری مەهاباد و دادوەر لە دادگا رایگەیاندووە،خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانەی شاری مەهاباد کە سەبارەت بە مەرگی گوماناوی “فەریناز خوسرەوانی” رژانە سەر شەقامەکان، بە ” ئاژاوە گێڕ” وەسف کردووە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، مەلا قادر سوهرابی باسی لەوە کردووە،رێژەی خۆپیشاندەرانی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی شاری مەهاباد کەمتر لە ١٠٠ کەس بوونە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەشی کە ناڕەزایەتییان دربڕیوە “تاقمێکی هەلپەرەست و داردەستی بێگانە” بوون.

ئەو کەسە ئایینییە وتوویەتی: ئەو خەڵکەی کەلە بەردەم هوتێل تارا کۆبوونەتەوە، بەشێکی هەرە بەرچاوییان وەکوو تەماشاگەر حوزووریان هەبووە و بوونی ئەو خەڵکەشی بە شتێکی ئاسایی زانیوە.

سوهرابی هۆکاری کۆبوونەوەی ئەو خەڵکەی لە بەردەم هوتێل تارا دەگەڕێنێتەوە بۆ قەرەباڵغیی شوێنی رووداوەکە و باوەڕیشی وایە کە هوتێلەکە لە نزیک سێ تێرمیناڵی گشتی شار هەڵکەوتووە.

ئەو دادوەرە کەلە دادگای شاری مەهاباد بەرپرسیاریەتیی لقی کێشە بنەماڵەیی‌یەکانی لە ئەستۆیە لەو باوەڕەدا بووە کە رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد کارتێکەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی شاری مەهاباد دادەنێ و دووکەڵی ئەو رووداوە دەچێتە چاوی خەڵکەوە.

مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی لە هوتێل تارای مەهاباد لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا دەنگدانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە و پاشان خەڵکی شاری مەهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە و کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد لەو باوەڕەدا بوون کە دەسەڵاتداران بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو رووداوە و شاردەنەوەی راستییەکان، بێدەنگیان شکاند و چەندین لێداوانی دژ بەیەکیان دا.

غوڵام حوسێن موحسێنی ئێژەیی وتەبێژی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی رایگەیاندبوو “کردەوەکانی خودی فەریناز خولقێنەری ئەو رووداوە بووە و هیچ پێویستیی نەدەکرد ئەو پرسە بەو شێوەیە پەرەی پێبدرێت”.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیبراهیم رەئیسی دادستانی گشتیی رێژیمی ئێران، رایگەیاندووە کە رووداوی لەو شێوەیە زۆر شتێکی ئاسایی‌یە و ئەویش هاوچەشنی مەلا سوهرابی خۆپیشاندەرانی بە “گرووپێکی سەر بە دژە شۆڕەش” لە قەلەم دابوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com