نزیكه‌ی پێنج ساڵه مه‌لا به‌ختیار به‌بێ یاسا سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی ده‌كات
“پێدانی 200 ملیۆن دینار به‌و لیژنه‌یه وه‌ك بودجه‌ی مانگانه، به هه‌ده‌ردانی سه‌رمایه‌ی گشتییه”
راپۆرتی: رێبوار ره‌زا چوچانی
ماوه‌ی چوار ساڵه مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی ده‌كات و لیژنه‌كه‌ش تا ئێستا به دوو یاسا كار ده‌كات، مانگانه‌ش بڕی (200) ملیۆن دیناریان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانیش ئه‌و بودجه‌یه “به‌هه‌ده‌ردانی سه‌رمایه‌ی گشتی” ده‌زانێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، لیژنه‌ی ئۆلۆمپی كوردستان، كه مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، مانگانه بڕی (200) ملیۆن دینار بودجه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه له كاتێكدایه كه ئه‌و لیژنه‌یه به‌شداری له هیچ پاڵه‌وانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌كردووه، بۆیه تا ئێستا ئه‌و لیژنه‌یه ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ناسراوه و به‌بێ یاسایه‌كی یه‌كگرتوویش كار ده‌كات، كه دوای چوار ساڵ له یه‌كگرتنه‌وه‌ش شێوه‌ی كاره‌كانییان وه‌ك قۆناغی پێش یه‌كگرتنه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، چونكه تا ئێستا به دوو یاسا كار ده‌كه‌ن و یاسایه‌كی یه‌كگرتوویان نیه كه ئه‌و لیژنه‌یه یه‌كبخاته‌وه، ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵه مه‌لا به‌ختیار به‌بێ یاسا سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كه ده‌كات.
شاره‌زایه‌كی وه‌رزشی نزیك له‌و لیژنه‌یه پێیوایه، لیژنه‌كه كه‌موكوڕی زۆری تێدایه و تا ئێستاش دانی پێدا نه‌نراوه، ئه‌و شاره‌زایه كه پێیباش نه‌بوو ناوی بهێنرێت، وتی “له هه‌موو دنیادا ناكرێت ڵاتێكی فیدراڵی دوو لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی هه‌بێت، ئێستا له عێراق لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی هه‌یه، بۆیه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی هه‌رێمدا ناكرێت و دانی پێدا نانرێت”، ئه‌و شاره‌زایه وتیشی “تا ئێستا نه‌مانبینیوه لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی به‌شداری هیچ پاڵه‌وانێتییه‌ك و هیچ ئۆڵۆمپیادێك بكات، چونكه له‌سه‌ر ئاستی نیوده‌وڵه‌تی دانی پێدا نانرێت و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر لاوه‌كی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت”.
دكتۆر ئالان قادر سكرتێری لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان، پێیوایه به‌شداری نه‌كردنی ئه‌و لیژنه‌یه له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، په‌یوه‌ندی به بارودۆخی سیاسی كوردستان و مه‌رجه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه، “ئێمه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نین و ئاڵای تایه‌بتمان نیه كه وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ پێی ناسرابین، ئه‌مانه رێگرن له‌وه‌ی بتوانین به‌شداری له‌و پاڵه‌وانێتییه نێو ده‌وڵه‌تییانه‌دا بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه به‌شداریمان هه‌یه له‌و پاڵه‌وانتێتییانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی خۆمانن و هه‌رێمی فیدراڵین”.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستا ئه‌و لیژنه‌یه به‌بێ یاسای یه‌كگرتنه‌وه كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه یه‌كێك بێت له‌و گرفتانه‌ی كه بۆ داهاتوو رووبه‌ڕووی په‌رله‌مان ده‌بێته‌وه، بۆ لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه، دكتۆر ئالان ده‌ڵێت “ئێمه له هه‌ولێر به‌پێی یاسای لیژنه‌ی باڵای وه‌رزش كار ده‌كه‌ین، كه پێش یه‌كگرتنه‌وه هه‌مان بوو، ئه‌وانیش له سلێمانی به‌پێی یاسای خۆیان كار ده‌كه‌ن”، بۆیه بوونی دوو یاسا بۆ لیژنه‌یه‌كی ئۆڵۆمپی، ده‌یسه‌لمێنێت كه لیژنه‌كه له رووی یاساییه‌وه یه‌كی نه‌گرتۆته‌وه و یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌شیان یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی سیاسییه، ئه‌و سكرتێره‌ی لیژنه‌ی ئۆلۆمپی باسی ئه‌وه‌شی كرد، ماوه‌ی سێ ساڵه پرۆژه یاسای لیژنه‌كه له په‌رله‌مانی كوردستانه و په‌سه‌ند نه‌كراوه و به‌هۆی نه‌مانی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانیشه‌وه، چه‌ند بڕگه‌یه‌كی پرۆژه‌كه‌یان گۆڕیوه.
دكتۆر زانا ره‌ئوف ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، له رووی یاساییه‌وه درووست نیه یه‌ك ده‌زگا به دوو یاسا كار بكات، وتی “له رووی یاساییه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك درووست نیه، كه یه‌ك ده‌زگا هه‌بێت و به دوو شێواز كاری تێدا بكرێت، یان دوو یاسای تێدا په‌یڕه‌و بكرێت، چونكه له لایه‌كه‌وه په‌ڕینه‌وه و خۆ دزینه‌وه ده‌بێت له به‌رپرسیاری، له لایه‌كی تریشه‌وه دابه‌شبوونی ئیمتیازاته‌كانه له‌سه‌ر دوو پێوه‌ری جیاواز، كه ئه‌مه ناكۆك ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری یاساكه، كه بۆ رێكخستنی كاری ئه‌و یه‌كێتییانه درووست بووه”، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان ره‌خنه له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرێت و پێیوایه نه‌یتوانیووه رۆحییه‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ده‌زگاكان زیاتر بچه‌سپێنێت “حكومه‌ت هاتووه له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی رۆڵی به‌رجه‌سته‌كاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ده‌زگاكان بێت، به‌ڵام رۆڵێكی به‌رجه‌سته‌كاری دوو ئیداره‌یی و دوو یاسایی و دوو كاركردن ده‌گێڕێت، بۆیه ئه‌مه ده‌مانخاته ناو گومانه‌وه، كه ئه‌و یاسایانه به په‌رت كراوه‌یی بن، ئه‌و یاسایانه نه‌بن باشتره”، سه‌باره‌ت به لیژنه‌ی ئۆڵۆمپیش كه به دوو یاسا كار ده‌كات وتی “ئێمه ناتوانین بڵێین ئه‌مانه سیفاتێكی یاساییان هه‌یه، چونكه من گرفته‌كه له‌وه‌دا ده‌بینه‌وه، خۆزگایا ئه‌و گرفته یاساییانه‌ی كه هه‌مانه، بۆ مامه‌ڵه كردن بوایه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عێراقدا، به‌ڵام ئێمه كه نه‌ماتوانیووه گرفته‌كانی خۆمان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هاتووین گرفته‌كانی ناوخۆی خۆشمان دوو له‌ت كردووه، بۆیه هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوانه كه ئه‌گه‌ر نه‌توانن له واده‌ی خۆیاندا كۆنگره و كۆنفرانسات ببه‌ستن، سیفاته یاساییه‌كه‌یان لێده‌سێنێته‌وه، بۆیه پێویسته كێشه‌ی وه‌رزش نه‌كرێته گرفتێكی سیاسی و نه‌به‌سترێته‌وه به گرفتی یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی ئاسایشه‌وه”.
له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌رزش و لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی، هه‌تا ئێستا ئه‌و لیژنه‌یه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام نه‌داوه و سه‌رۆك و جێگر و سكرتێره‌كانیشی به هه‌ڵبژاردن دانه‌نراون، ئه‌مه به یه‌كێك له‌و جیاوازییانه داده‌نرێت، كه لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان و وڵاتانی تر لێكجیا ده‌كاته‌وه، هاوكات دانانی كه‌سانی حیزبی و ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی حیزب له‌و لیژنه‌یه، به یه‌كێكی تر له‌و گرفتانه داده‌نرێت، كه رووبه‌ڕووی ئه‌و لیژنه‌یه ده‌بێته‌وه.
كاروان ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ر به فراكسیۆنی گۆڕان، پێیوایه له كوردستان وه‌رزش وه‌ك كایه‌كانی تر، له‌لایه‌ن حیزبه‌وه قۆرغ كراوه “ئه‌مه‌ش كارێكی نایاساییه”، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان پێیوایه ده‌بێت ده‌ستی حیزب له ناو ئه‌و بوارانه بێته ده‌ره‌وه، وتی “له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه كاری وه‌رزشیش وه‌ك كۆمیته و ناوچه‌یه‌ك به‌ڕێوه ده‌چێت، كه ده‌بێت به پرۆژه یاسایه‌ك رێكبخرێت و ده‌ستی حیزبی له هه‌موو بواره‌كاندا به وه‌رزشیشه‌وه بهێنرێته ده‌ره‌وه و وه‌رزشوانان ئازاد بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان كاروباری خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، چونكه ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا كراوه، پێشێل كردنی یاسایه”.
دكتۆر ئالان قادر پێیوایه، نه‌بوونی یاسای لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی و په‌سه‌ند نه‌كردنی پرۆژه یاساكه‌یان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، رێگره له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگر و سكرتێر و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا، “ئێمه وه‌ك ئه‌وه‌مان لێهاتووه كه چوار تایه‌مان هه‌یه و ده‌مانه‌وێت سه‌یاره‌یه‌كی بۆ بكڕین، چونكه یاساكه ده‌ستنیشانی ده‌كات كێ بانگه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن و كێ مافی ده‌نگدانی هه‌یه و كێ ده‌توانێت خۆی بپاڵێوێت”، سه‌باره‌ت به دانانی مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له پۆستی سه‌رۆكی لیژنه‌كه به‌بێ هه‌ڵبژاردن و مانه‌وه‌ی تا ئێستا، وتی “ئێمه له (6/11/2006) یه‌كمان گرتۆته‌وه، مه‌لا به‌ختیار هه‌تا ئێستا مافی خۆی بووه كه به‌رده‌وام بێت له‌و كاره، به‌ڵام ئێمه ئومێد ده‌كه‌ین كه هه‌ركاتێك ئه‌و ئه‌و یاسایه ده‌رچوو، ئه‌وكاته ئه‌ویش و خه‌ڵكانی تریش ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت كه بێنه ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و به ئاره‌زووی خۆشییان ده‌رگا له‌سه‌ر هیچییان داناخرێت و رێگه له كه‌سیش ناگیرێت”.
له به‌رانبه‌ریشدا كاروان ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێویسته به‌رپرسه سیاسییه‌كان ده‌ست له‌و پۆستانه هه‌ڵبگرن و به‌جێی بهَێڵن بۆ كه‌سانی پسپۆڕی ئه‌و بواره، وتی “حه‌قوایه ئه‌و به‌رپرسانه خۆیان بڕیاری كشانه‌وه بده‌ن له‌و بوارانه‌دا و ئه‌و جێگایانه به‌جێبهێڵن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان پسپۆڕن تێیدا، مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه له‌و بوارانه و قۆرغكردنی بواره‌كانیش، خۆی له خۆیدا شتێكی ناچیز ده‌رده‌چێت، چونكه هه‌ر ده‌زگایه‌ك حیزب ده‌ستی خستبێته ناوییه‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشی بردبێت، سه‌روسامانی ئه‌و وڵاته‌ی به هه‌ده‌ر بردووه و له په‌نای ئه‌و ده‌زگایانه‌دا، ده‌یان شتی نایاسایی و ناعه‌داله‌تییان كردووه، بۆیه ده‌بێت بواری وه‌رزشیش بكه‌وێته‌وه ده‌ست خه‌ڵكانی خۆی”.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بودجه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان، مانگانه بڕی (200) ملیۆن دیناره، ساڵی پار له‌سه‌ر به‌شه بودجه‌ی كاره‌سات و باوبۆران وه‌رگیراوه، بۆ ئه‌مساڵیش خراوه‌ته سه‌ر به‌شی مونحه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام به وته‌ی دكتۆر ئالان قادر ئه‌و لیژنه‌یه نازانن له‌سه‌ر چ به‌شێك بودجه‌یان پێده‌درێت “ئێمه نوسراو ده‌كه‌ین بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خه‌زێنه له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، به‌ڵام نازانین ئه‌وان له‌سه‌ر چ به شێك بودجه‌كه‌مان پێده‌ده‌ن”.
مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی پێشتر به‌شێك بووه له دژایه‌تییه‌كانی سه‌ر وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان، بۆیه كاتێك ئه‌و وه‌زاره‌ته داوایان له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی پێشووی حكومه‌ت كردووه، سه‌نته‌ری بلو كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای كه‌سنه‌زان، بخرێته سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌یان، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار كۆسپی درووست كردووه و داوای كردووه ئه‌و سه‌نته‌ره بخرێته سه‌ر لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی، به‌هۆی گرفته‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان و لیژنه‌ی ئۆلۆپیشه‌وه، سه‌نته‌ره‌كه نه‌درا به هیچییان و وه‌ك سه‌نته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه، كه مانگانه بڕی (15) ملیۆن دینار وه‌ك بودجه له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی بۆ دابین كراوه.
خه‌رجیاتی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان كه مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، تا ئێستا قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر كراوه، چونكه وه‌ك باس ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو پاره خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری ئه‌و بودجه‌یه، بۆ موچه ده‌ڕوات، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، تا ئێستا دیوانی چاودێری دارایی هیچ وردبینییه‌كی له حساباتی ئه‌و لیژنه‌یه‌دا نه‌كردووه، بۆیه به‌لای كاروان ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه “هه‌رچی بۆ ئه‌و لیژنه‌یه خه‌رج بكرێت، به هه‌ده‌ردانی سه‌مایه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه”، كاروان ساڵح وتی “له كاتێكدا زۆر كه‌م خزمه‌تی به وه‌رزش و بواری وه‌رزشی كردووه، به‌ڵام له په‌نای وه‌رزشدا، سه‌دان میلۆن دینار خه‌رج كراوه و دیاریش نیه بۆچی خه‌رج كراوه، بۆیه ده‌بێت پێدانی بودجه به یاسا رێكبخرێت، پێدانی (200) ملیۆن دینار به‌و ده‌زگایه كه دوو لایه‌ن قۆرغیان كردووه، به هه‌رده‌دانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتییه، چونكه ده‌بێت بودجه له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت، نه‌ك له په‌نای ده‌زگاكاندا ده‌یان شتی وه‌همی هه‌بێت بۆ به هه‌ده‌ردانی سه‌رمایه‌ی خه‌ڵك”.
پێشتر له گۆڤاری سڤیل بڵاو كراوه‌ته‌وه…………..