سۆسیالیست و شيوعی و ئاڕاسته‌ی‌ سێیه‌م تاكه‌ كورسیەكە‌ی‌ ‌لیژنەی‌ ده‌ستور‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
هه‌رسێ‌ فڕاكسیۆنی‌ سۆسیالیست و ئازادی‌ و ئاڕاسته‌ی‌ سێیه‌م،رایدەگەێنن،كە ئەوان ئەو تاكه‌ كورسیه‌ی‌ له‌لیژنه‌ 21 كه‌سییه‌كه‌ی‌ ده‌ستور پێیاندراوه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌ چونكە ناكرێ‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ نێوان پێنج لایه‌نی‌ سیاسی‌ ناو په‌رله‌مان قۆرخ بكرێ‌ و ته‌سكبكرێته‌وه‌.

فراكسیۆنی‌ (ئازادی‌، سۆسیالیست، ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م) سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستوورو هه‌مواركردنه‌وه‌ی راگەیەنراوێك بڵاودەكەنەوەو لەبەشێكی هاتووە”ره‌شنووسی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پرسێكی‌ هه‌ستیاری‌ نیشتمانی‌ و په‌یمانێكی‌ كۆمەڵایه‌تیه‌،ناكرێ‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ نێوان پێنج لایه‌نی‌ سیاسی‌ ناو په‌رله‌مان قۆرخ بكرێ‌ و ته‌سكبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو رێگا راسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستی‌ بالاَو له‌نێوان سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌كانی‌ كوردستان سازانی‌ له‌ سه‌ربكرێ“.

ئەو سێ فڕاكسیۆنە راشیدەگەێنن”ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بۆ چوار حزبی‌ سیاسی‌ و فراكسیۆنه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان(1) كورسی‌ دابنێ‌، ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی‌ ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ خواست و ئیراده‌ی‌ نیشتمانیه‌، ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هاوكات داوا له‌ ته‌واوی‌ كۆمەڵاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، رۆشنبیران و نووسه‌ران، پێكهاته‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین ئه‌م ئاراسته‌یه‌ قبول نه‌كه‌ن“.
ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگه‌یه‌نراوێك له‌ فراكسیۆنی‌ (ئازادی‌، سۆسیالیست، ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م) سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستوورو هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌

له‌ ماوه‌ی‌ رابوردوو، پرسی‌ ئاماده‌كردنی‌ پڕۆژه‌ی‌ ره‌شنووسی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جارێكی‌ تر له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و له‌نێوان فراكسیۆنه‌كاندا، گفتوگۆی‌ جددی‌ هێنایه‌ پێشه‌وه‌، تا دواجار هه‌ر پێنج فراكسیۆنی‌ ( پارتی‌ , گۆران یه‌كێتی‌ , یه‌كگرتوو , كۆمه‌ڵ) له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان سه‌رنج و تێبینی‌ جیاوازی‌ خۆیان له‌سه‌ ر لیژنه‌ (21 ) كه‌سیه‌كه‌ راگه‌یاند .
ئێمه‌ وه‌ك هه‌رسێ‌ فراكسیۆنی‌ (ئازادی‌، سۆسیالیست، ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م) له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رامانگه‌یاند، ره‌شنووسی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پرسێكی‌ هه‌ستیاری‌ نیشتمانی‌ و په‌یمانێكی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌، ناكرێ‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ نێوان پێنج لایه‌نی‌ سیاسی‌ ناو په‌رله‌مان قۆرخ بكرێ‌ و ته‌سكبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو رێگا راسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستی‌ بالاَو له‌نێوان سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌كانی‌ كوردستان سازانی‌ له‌ سه‌ربكرێ‌.
دووپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، سیاسه‌تی‌ حزبایه‌تی‌ ته‌سك و به‌ش به‌شێنه‌، سیاسه‌تێكی‌ ناره‌وایه‌ و زوڵمه‌ له‌خودی‌ ره‌شنووسی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستوورو ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، چونكه‌ ده‌ستوور بۆ ته‌واوی‌ چین و توێژه‌كان و پێكهاته‌كانی‌ كوردستانه‌ نه‌ك حزبێك یان چه‌ند حزبێك و پێكهاته‌یه‌كی‌ دیاریكراو.
ئێمه‌ وه‌ك هه‌رسێ‌ فراكسیۆن جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌شداربن له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ره‌شنووسی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تا ده‌ستوور له‌ كۆتاییدا ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌ر بڕ و چه‌سپاندنی‌ مافه‌كانی‌ هه‌مووان.
ده‌مانه‌وێ‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌ین، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بۆ چوار حزبی‌ سیاسی‌ و فراكسیۆنه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان(1) كورسی‌ دابنێ‌، ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی‌ ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ خواست و ئیراده‌ی‌ نیشتمانیه‌، ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هاوكات داوا له‌ ته‌واوی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، رۆشنبیران و نووسه‌ران، پێكهاته‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین ئه‌م ئاراسته‌یه‌ قبول نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌ك ناتوانێ‌ ده‌ستوور به‌ر هه‌م بێنێ‌ و ئاشتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ده‌سته‌به‌ربكات، به‌ڵكو مه‌ترسی جددیه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و به‌ریه‌ككه‌وتن و لێكترازانی‌ نیشتمانی‌.

فراكسیۆنی‌ سۆسیالیست فراكسیۆنی‌ ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م فراكسیۆنی‌ ئازادی‌

11/5/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com