نێچیرڤان بارزانی بەڵێن بەسلێمانی دەدات

0

نوچەنێت.هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەسلێمانی لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە قسە لەسەر پرۆژە تەواو نەکراوەکان دەکات و بەڵێن بەسلێمانی دەدات، پرۆژە تەواو نەکراوەکان تەواو بکرێت.

لەسەردانەکەیدا بۆ سلێمانی،نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی كرد و لەلایەن پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی پارێزگاوە پێشوازی لێكرا.

لەدیدارێکدا لەگەڵ ستافی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی حکومەتی كوردستان پیرۆزبایی لە پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی نوێی پارێزگا كرد بەبۆنەی دەست بەكاربوونیان و هیوای خواست كە وەك یەك ستاف و بە تیم كارەكانیان ئەنجام بدەن، هەرچی زۆرتر خزمەت بە خەڵكی شار و پاریزگای سلێمانی بكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەکەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كرا، بە تایبەت لە ڕووی ئاو و كارەباوە و ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان.

لەبەسەرکردنەوەی پارێزگاری سلێمانی،سەرۆکی حکومەتی کوردستان قسەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کرد و رایگەیاند”لەگەڵ پارێزگار باسی کێشەکانی سلێمانیمان کردووە بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەت ئەو کێشانەی کە تا ئێستا ماونەتەوە“.

سەرۆکی حکومەت وتیشی”باسی ئەو پرۆژانەمان کرد کە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و سلفەیان پێبدرێت. من و وەزیری دارایی پشتیوانی خۆمان بۆ پارێزگار دەربڕیووە لەبەرامبەر ئەوکارانەی کە تا ئێستا کردویەتی، هیوادارم ئەو رۆحیەتی کارکردنە لەنێوانیاندا بمێنێ و هەموومان بتوانین بە تیم کاربکەین بۆئەوەی زیاتر خزمەتی ئەو وڵاتە بکەین“.

بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لەکۆبونەوە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بەڵێنیداوە بەپێی توانا هاوکاری پارێزگای سلێمانی دەکرێت، تا لەپرۆژەوەستاوەکاندا دەست بەکار بکرێتەوە، و تەواو بکرێن

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com