نوچەنێت-زەمان
هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقیی (لیستی شیعەكان) دەڵێت ئەمریكییەكان دەیانەوێت لە رێگای پشتگیری كردن لە پێكهاتەكانی عێراق دوور لە دەسەڵاتی ناوەند عێراق دابەش بكەن، هەڕەشەش دەكات ئەگەر لایەنە ناوخۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆژانە بكەن، بەرپەرچدانەوەی توندیان دەبێت.
جاسم محەممەد جەعفەر ئەندامی هاوپەیمانێتی شیعەكان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی زەمانی چاپی لەندەن دەڵێت “ئەمریكییەكان دەیانەوێت عێراق دابەش بكەن و پلانەكەی بایدن جێبەجێ بكەن، ئەوەی جێگەی داخە هەندێك لایەنی ناوخۆیی دەستخۆشی لەو هەنگاوە دەكەن و ئامادەیی دەردەبڕن مامەڵە لەگەڵ ئەمریكییەكان بكەن لەو رووەوە”.
بە ئاماژەكردن بە كورد و بەشێك لە سوننەكانیش جەعفەر وتویەتی “هەندێك دەیانوێت سوود لە دەستێوەردانە نێودەوڵەتییەكان لەكاروباری عێراق وەربگرن بۆ ئەوەی هەندێك ئەجێندا جێبەجێ بكەن كە یەكپارچەیی وڵات دەكاتە ئامانج”.
ئەندامەكەی لیستی شیعەكان بە زمانێكی هەڕەشە ئامێزیشەوە وتویەتی “هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستەوسان نابێت لە ئاست ئەو دەستێوەردانانە و بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە بەرپەرچی هەر لایەنێكی ناوخۆیی دەداتەوە كە بیر لە پێشێلكردنی دەستوور و بازدان بەسەر شكۆی دەوڵەتی عێراق بكاتەوە”.