نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایگەیاند، کوردستان پابەندی رێککەوتن بووە لەگەڵ بەغدا، ئەگەر حکومەتی بەغداش وەک کڕیاری نەوت مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات، لارییان نییەو ئامادەن رێککەوتنێکی نوێ لەو بارەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکەن.
لەسەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، شاری پزیشكی فاروقی بەسەر كردەوە كە پرۆژەیەكی پزیشكی كەرتی تایبەتە.
لەبەسەرکردنەوەی ئەو شارە پزیکشییەدا سەرۆکی حکومەتی کوردستان قسەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کرد و رایگەیاند، دەمێك بوو دەیویست پڕۆژەی شاری پزیشكی فاروق لە سلێمانی ببینێت و دەستخۆشی لە فاروقی مەلا مستەفا كرد، “بۆ ئەو کارە جوانەی” و گوتی”ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆ سلێمانی، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان و عێراقیش پڕۆژەیەکی دەگمەن و تا بڵێی رێکوپێک و جوانە”.
سەرۆکیحکومەتی کوردستان، دەستخۆشی لە فاروقی مەلا مستەفا كرد، بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لە سلێمانی و كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ئەنجامی داون و هیوای خواست ئەو نموونانە لە كوردستان زۆرتر بن، بە تایبەتی كە سەرمایەی خۆیان لە كوردستان بەگەڕخستووە و ئەو داهاتەی كە دەستیشیان كەوتووە، هەر لە كوردستان بەكاریان هێناوە.
لەبارەی رێككەوتنی نێوان كوردستان و عێراقیش، نێچیرڤان بارزانی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەوەی خستەڕوو کە”رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا بەپێی یاسای بودجەی عێراقە بۆ ساڵی 2015 کە ئێمە 550 هەزار بەرمیل نەوت بدەین بە حکومەتی عێراق و لەبەرامبەردا ئەوان دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان کە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینارە، بدەنە هەرێم”. بەڵام “بەداخەوە ئەوان تاوەکو ئێستا پابەندی ئەو رێککەوتنە نین، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەند بووین بەو رێککەوتنانە و هیوادارین عێراقیش پابەندی ئەو رێککەوتنانە بێت”.
سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ئەوەشی راگەیاند کە ئەگەر بەغدا”دەیانەوێت لەسەر بنەمای كڕیاری نەوت هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، ئێمە لاریمان نییە، بەڵام ئەو كات دەبێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکەین چونکە دەبێت هەندێك شت لەو رێککەوتنە بگۆڕدرێت”.