مەروان گەڵاڵی: هەڵوێستەکانی ئێران بەرانبەر بەسوننە لەکۆنەوە قینەوە سەرچاوە دەگرێت

0

مەروان گەڵاڵی: ئێران شەڕی 8 ساڵەی لەگەڵ عێراق لەبیر نەكردووە، هەڵوێستەکانی بەرانبەر سوننە لەو کۆنەقینەوە سەرچاوە دەگرێت

بەشێك لە قیاداتی شیعە لە مێژوویەکی بەناحەق دارێژراودا دەژین، قەناعەتیان وایە دژایەتی كردنی سوننە لەخوای گەورە نزكیان دەكاتەوە

موسوڵمان بێت یان كافر، لەگەڵ هەر كەسێكین كە زوڵمی لێدەكرێت

دەبێت سوننە خۆی كۆبكاتەوەو یەك سەف بێت، بەقوەت لەگەڵ شیعەدا دابنیشن و مەرجەكانی خۆیان فەڕزبكەن

نوچەنێت . دڵشاد هەرتەلی

مەروان گەڵاڵی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نوچەنێت لەکێشەکانی نێوان سوننەو شیعەی عێراق ئەدوێت، هۆشداری دەداتە سوننەی عێراق کە ئەگەر “فریای خۆی نەكەوێت، ئەوەی كە پێیدەوترێت سێگۆشەی سوننە لەعێراقدا، شتێكی لێ نامێنێتەوە كەخەڵكی سوننە دڵیان پێی خۆش بیت”. شیعەش ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە “سوننە بووە خاوەنی دەسەڵات، تۆڵەی خۆی دەكاتەوە”.

نوچەنێت: سوننەی عێراق باسی چەوساندنەوە دەکەن بەدەستی شیعە، ئێوە وەک سەرکردە لەهێزێکی ئیسلامی کوردستان، لەو بارەوە سەرەنجتان چییە؟

مەروان گەڵاڵی: یەکەم ، هۆكاری چەوسانەوەی سوننەكان لەعێراق دەگەڕێتەوە بۆخۆیان، چونكە بۆخۆیان لەنێو خۆیاندا یەك سەف نین و وەحدەتی خۆیان نەپاراستوە، هەر یەكە و رووگەی لەشوێنێكە، بەشیكیان وەگەڵ داعش كەوتون، بەشێكیان ئەجندای وڵاتە عەرەبییەكان جێبەجێ دەكەن، و بەشكیشیان لەدەسەڵات بەشدارن لەبەغدا، بەشێكشیان چوار مشقە بۆی دانیشتوون و دەستیان بەكڵاوی خۆیانەوە گرتوە كەبانەیبات، لەكۆتایشدا باكڵاوی هەموو سوننەكانی برد، ئەگەر سوننە بیەوێت رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت و هێز و پێزی پارێزراو بێت، دەبێت یەك سەف بێت و لەدەوری قیادەیەك كۆببنەوە.

خاڵی دووەم، گومانی تێدانییە، كە شیعە زوڵم و ستەمی زۆری لە سوننە كردووە، ئەوانەی كەبەشداریش بوون لە حكومڕانی دا لەگەڵ شیعە، ئەوانیشی چەوساندوەتەوە و راوەدوی ناون، بۆ نموونە تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، بینیمان بە چ دەردێكیان برد، چەندانی وەكو تاریق هاشمی سینارۆیان بۆ دروستكردبوون بۆ ئەوەی كە تۆمەتباریان بكەن و لەسجنەكان بیانڕزێنن، حكومڕانی لە عێراق دا، بەتایبەتی كە ئێستا شیعە دەسەڵاتداری یەكەمە، دەیانەوێت تەسفیە حیساباتی ئەو زوڵم و ستەمەی كە كاتی خۆی سەدام كردویەتی و سەدامیش لەسەر سوننە حساب بووە، لەگەڵ سوننەدا بکەن، لەکاتێکدا لەزوڵمکردندا سەدام فەرقی بەشیعە و كورد و سوننە نەدەكردووە، هەرچی نەیاری ئەو رێژێمە با تەسفیەی دەكرد، بەڵام شیعە هاتوە هەرچی ئەو زوڵم و ستەمەی كە لێان كراوە لەسەر سوننەیان حساب كردووەو ئێستاش بەفرسەتی دەزانن تەسیفیە حساباتی خۆیان لەگەڵ سونە بكەن، دەتوانم بڵێم تەسفیە حسابی خۆیان كردووە ئەگەر تەماشای پێكهاتەی بەغدا بكەین، تەماشای ئەو شوێنانە بكەین كە سوننە تێیدا باڵادەست بووە، ئەو ڕاستیانەمان زیاتر بۆ دەردەكەوێت.

نوچەنێت: کەوایە دەبێ سوننە چیی بکات. بۆ ئەوەی رزگاری بێت لەو زوڵمەی کەئێوە دەڵێن لەتۆڵەدا لێیان دەکرێت؟

مەروان گەڵاڵی: دەبێت سوننە خۆی كۆبكاتەوە، یەك سەف و یەك ریزبێت، قیادەیەكی هەبێت كە گوێڕایەڵی تەوجیهاتی قیادەكەی خۆیان بن، هەموویان پێكەوە بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن، بەیەك لایەنی بەقوەت لەگەڵ شیعەدا دابنیشن، ئەو كاتە دەتوانن مەرجەكانی خۆیان فەڕزبكەن.

نوچەنێت: جگە لەو یەک نەبونەی باستکرد، سوننە چ خاڵێکی تری لاوازی هەیە؟

مەروان گەڵاڵی: سوننە نەیتوانیوە باڵانسی خۆی رابگرێت لەعێراقدا، بۆ نموونە لەگەڵ شیعە كە لێكنزیكن و سنورەكانیان بەیەكەوەیە و خزمایەتیان هەیە، نەیانتوانیووە سیاسەتێكی وا بەكاربهێنن كە پارێزراوبن، لەگەڵ كوردیش بەهەمانشێوە سوننە نەیتوانیووە هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ واژۆبكات، واتە سوننە لەهەردوك مەزهەبان بوون، نەتوانیویانە لەگەڵ شیعە ئەو ستراتیجیەتەی كە پێویستی دەكرد لە عێراقدا پەیڕەوی بكەن پەیڕەویان نەكردووە، نەشیانتوانیووە ئەو هاوپەیمانی و دۆستایەتی و یەكسەفیەشیان لەگەڵ كورد هەبێ تا بتوانن بەهێزتر بن، بۆ نموونە كاتێك كە باسی دوڵەتی سەربەخۆی دەكرێت بۆ كورد، یەكەم كەس كەهاواری لێ هەڵدەستێت، سوننەیە. لەبیریانچوەتەوە 22 دەوڵەت بەناوی سوننە بەناحەق و بەهەرشتێك ناوی لێبنێت بۆ خۆیان بەڕەوا بینیووەو دروستیانکردووە، بەڵام بەكوردی رەوانابینن دەوڵەتێکی هەبێ كەزمان و كلتورمان لەوان جیاوازەو خاوەنی رابردوێكین كە شانازی پێوە دەكەین لەخزمەت كردنی میللەتی خۆمان. هەموو ئەمانە سوننەی لاوازترکردووە لەوەی کەهەن.

دەکرا سوننە بەوەی كە دان بەمافەكانی میللەتی كورد دابنێت، كورد بكاتە هاوپەیمانیەتێكی بەهێزی خۆی، لەگەڵ شیعەش بەشێوازێك سیاسەتی بکردایە کەپێگەی خۆی بپاراستایە، بەڵام ئەوان لەجێی ئەمە هەڵەی گەورەیان کرد، بەتایبەت كاتێك كە عێراق داگیر كرا سوننە نەیتوانی بەشێوازێك هەڵسوكەوت بكات، کەخۆی نەكاتە قۆچی قوربانی و خەڵكی تر بێنە سەر سفرەی حازر.

نوچەنێت: کەوایە پێت وایە کێشەی نێوان سوننە و شیعە لەعێراق تەنها بەهۆی زوڵمی سەدامەوە بێت لەشیعەو ئێستا شیعە تۆڵەدەکاتەوە؟

مەروان گەڵاڵی: هەر ئەوە نییە، خاڵی یەکەم، راستە ئەوەیە کەسەدام كە رژێمێكی دیكتاتۆری و لێوان لێو بوو لە ستەم و چەوساندنەوەو تەسفیەكردنی نەیارەكانی، دەتوانم بڵێم قیاداتی زۆری شیعە لەوكاتەدا بەدەستی رژێمی سەدام لەبەین براون و ئیعدام كراون، زۆربەی ئەوانەی كە ئەمڕۆ لەحكومدان بەو هۆیەوە لەمەنفا بوون لە ئێران و توركیا و بەریتانیا، ئەمڕۆ دەرفەتێكیان دەست كەوتووە قەناعەتیان وایە ئەوە فورسەتێكی چاكە بۆ ئەوەی تۆڵە لە سوننە بستێنەوە.

خاڵی دووەم، ئەوەیە، کە قەناعەتم وایە بەشێك لە قیاداتی شیعە لە مێژوودا دەژین، ئەو مێژووەی كە بەناحەق دارێژراوە، خەڵكانێكی موغریز مێژووێكیان دروستكردووە، کە لەو دژایەتی و رق و كینەیەی لەسەردەمی دوای پێغەمبەری خوا(ص) هەیە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان وەكو عیبادەت و خواپەرستی تۆڵە و ئینتیقام لە خەڵكانێك دەكەنەوە كەمەحسوبن لەسەر ئەهلی سوننە، قەناعەتیان وایە دژایەتی كردنی ئەو جۆرە كەسانە، یان ئەو مەزهەبە، لەخوای گەورە نزكیان دەكاتەوە.

نوچەنێت: ئەی ئێوە وەک هێزێکی ئیسلامی قسەتان چییە ؟

مەروان گەڵاڵی: بەڵام ئێمە وەكو لایەنێكی ئیسلامی دەڵێین، هەر كەسێك كەبیەوێت لەعێراقدا بەزەبر و زەنگ حكوم بكات و حساب بۆ هیچ كەسێك نەكات، سەركەوتوو نابێت و تێیدا دەشكێت و قەرزبار دەبێتەوە، خەڵكی عێراقیش قبوڵی ناكات.

هیودارین شیعەكان كە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارن، بەشێوازێك دەستەڵاتداری عێراق بكەن كە ئیرادەكەی عێراقیان لەبەر چاو بێت، وانەزانن كە دەسەڵاتەكان بەردەوام بەدەستی ئەوانەوە دەبێت و وەزعەكە گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئەگەر وایلێهات بەیانی سوننە بووە خاوەنی دەسەڵات و هێز و قوەت و دەسەڵاتی گرتەوە دەست، ئەویش ئینتیقام و تۆڵەی خۆی دەكاتەوە.

نوچەنێت: کەوایە ئێوە لەگەڵ سوننەی عێراقدا هاوسۆزن؟

مەروان گەڵاڵی: ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی گوتومانە، لەگەڵ هەر كەسێكین كە زوڵمی لێدەكرێت لەم سەر زەمینەدا، موسڵمان بێت یان موسوڵمان نەبێت، هەڵگری بیروباوەڕ بێت یان كافر بیت، بەس مەزڵوم بێت ئێمە لەسەفی مەزڵومانین، ئەوەندەی كە پێمان بكرێت بەدوعای خێریش بێت، دوعا بۆ مەزڵومان دەكەین، دوعا بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە ستەمیان لێكراوە، تا ستەمەكەیان لەسەر لابچێت، قەناعەتیشمان وایە ئەمڕۆ لە عێراقدا سوننە زوڵمی لێدەكرێت و دەچەوسێنرێتەوە، ئەوشەڕەی كە داعشیش ئەمڕۆ بەرپای كردووە، ئەویش هەر بۆ لێدانی سونەیە، بۆ كاولكاری پارێزگاكانی ئەهلی سوننەیە، پێموایە ئەگەر وەزعەكە ئاوا بڕوات و سوننە فریای خۆی نەكەوێت، ئەوەی كە پێیدەوترێت سێگۆشەی سوننە لەعێراقدا، شتێكی لێ نامێنێتەوە كەخەڵكی سوننە دڵیان پێی خۆش بیت.

نوچەنێت: وەک دیارە شیعەی عیراق گوێڕایەڵی ئێرانە، بێگومان سەرکەوتن و باشی حوکمی ئەوانیش بۆ ئێران سەرکەوتنە، بەڕای تۆ بۆچی ئێران وا ناکات شیعە باشتر تەعامول بکات لەبەرانبەر سوننەدا؟

مەروان گەڵاڵی: بەگشتی ئێران و توركیا و وڵاتە عەرەبییەكان، هەر كەسەی تەماشای بەرژەوەندی و ئەجندای خۆی دەكات، دیارە هەر وڵاتێکیش پێیی خۆشە دراوسێەكەی بێ هێز بێت، تا بتوانێت هەیمەنی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا فەڕزبكات، ئێرانیش ئەو شەرە 8 ساڵەی كە لەگەڵ عێراق كردی لەبیری نەكردووە، بەشێك لەو هەڵوێستەی دەچێتە بابی ئەو كۆنە قینەی كە 8 ساڵ شەری هەبوو لەگەڵ عێراق و ملیۆنێك زیاتر لەهەردوو لا بووە قوربانی، ئەوانە زۆر بەئاسانی لەبیری ناكەن.

ئێران دەیتوانی بەتایبەتی لەرووی ئامۆژگاری كردنی حیزبە شیعیەكان، رۆڵێكی ئەكتیفتر ببینێت، دەستیان بگرێت و رێگە نەدات زوڵم بكەن، چونكە زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە عێراق لە دەسەڵاتن كە شیعەن، لە ئێران دابوون، ئێرانیش لەگەڵ حیزبە شیعەكان وەكو مەزهەب كۆدەبنەوە و وەقەناعەتیان بەئایدۆلۆژیا و بیروبۆچونی هەم سیاسی و دینی یەكتر هەیە، ئێران دەیتوانی زیاتر رۆڵ بگێڕێت، بەڵام ئێران ئەو رۆڵەی نەبینیوە لەكەمكردنەوەی زوڵمی شیعەكان لەسەر سوننەكان وای نەکردووە کێشەکەیان بەعاقارێكی ئیجابی ببات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com