سەلام عەبدوڵا: حزبی کۆمۆنسیت نە ئیمڕۆ و نە سبەی ناتوانن لە كوردستان رۆڵی جددی بگێڕن.

0

سەلام عەبدوڵا: کۆمۆنیست بە كردەوە بوون بە بەشێك لەو هێزانە كە”نامەیەكی پیرۆز”یان بۆ”سەرۆك ئۆباما”یان نووسی!

نوچەنێت: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دوای ١١ ساڵ لە قەدەغەکردنی چالاکییەکانیان، مۆڵەتی کاری وەرگرتەوە، پێشتر کادرانی ئەو حزبە رەخنەیان لە ئەدای حزبە چەپەکانی تر دەگرت، کەنەیانتوانیوە وەک چەپ کار بکەن.

تۆ وەک چالاکوانێکی چەپ. چاوەڕێی چی ئایندەیەک دەکەی بۆ ئەو حزبە؟ ئایا ئەگەر حزبە چەپەکانی تر فەراغێکیان دروست کردبێت، بەمان پڕ دەکرێتەوە؟ پێت وایە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەو خەڵکەدا بن، کە ئیستا لە حزبە چەپەکان تۆراوو نیگەرانن؟؟

سەلام عەبدوڵا: بێگومان پێم خۆشە حزبێك خۆی بە چەپ بزانێ، مافی ئازادی كاری سیاسی ئاسایی خۆی وەربگرێت. من هەر كاتی خۆی هەڵویستم وەرگرتووە دژ بە قەدەغەكردن، زیندان كردن و هەر جۆرە رێگرییەك لەو حزبە.

بەشێك لە هێزی چەپ لەرادەبەدەر كورتی هێناوەو گوێ و ئەقڵی خۆی داخستووە لە ئەركەكانی، هێزی تر بەشەرم وسیاسەتی”نەرم” لە ئاست دەسەڵات دەگرنە بەر و كۆمونیزمی كرێكاری لەو كاتە بەوپەڕی رایكالییەتەوە قسەدەكەن، بەشێوەیەكی سازشكاری لەریزی هێزە كۆنەپەرەستەكان و”ئازادی، ئازادی، ئازادی و ئەڵڵاهو ئەكبەر”ئیسلامییەكان و ئەڵلاهو ئەكبەر و دوعاكانی”رۆشن-بیرە”كان و خوازیارانی”حكومەتی تەكنۆكرات”، ریزیان گرتبوو و بەبێ شەرم خزمەتیان بە سیاسەتی كۆنەپەرەست و راستڕەوەكان کردوو بە كردەوە بوون بە بەشێك لەو هێزانە، كە”نامەیەكی پیرۆز”یان بۆ”سەرۆك ئۆباما”یان نووسی!

ئایا ئەو سیاسەتە لەگەڵ”حكومەتی شورای كرێكاران”رێكدەكەوێت؟!

ئایا ئەگەر هێزێك شورای كرێكاری نەبێت، چ سوودێكی هەیە لافوگەزافی “حكومەتی شورایی” و ئازادی بێ قەید وشەرتی”كە لە قوتوی هیچ عەتارێك نییە (بڕوانە كوتەك بەكارهێنان و زەبروزەنگی پۆلیسە دیموكراتەكانی سپانیا، پورتوگال و سپانیا و ئەڵمانیا دژ بە خۆپیشاندەران) یان درووشمی حكومەتی كرێكاری هەڵبگیرێت؟!

ئایا لەو سیاسەتانە، ئەقڵ و فكری چەپ رەنگی داوەتەوە؟.

(ككك) بە خۆیان بەشێكن لەو هێزانە، كە ئەو بۆشاییەی بەرهمهێناوەو بەتەنیا بە حكومی بارودۆخی خۆیی و بابەتی خۆییان نە ئیمڕۆ و نە سبەی ناتوانن لە كوردستان رۆڵی جددی بگێڕن.

بەگشتی لاوازی و پەرتەوازی و دروشم لێدانی بان رادیكاڵ و دووڕوویی لەبەرچاوی حزب و لایەنە چەپەكان و تەقڵەدان و فرووتوفێڵكردن لەگەڵ یەكتر، تا رادەیەك منیشیان نائومید كردووە.

دووركەوتنی چەپ لە ئەنجامدانی ئەركە هەنووكەییەكانی، وڵات زیاتر بەرەو قەیرانی یەك لەدوای یەك و بەدبەختی دەبات و باشترین دیارییە بۆ هێزە راستڕەو و كۆنەپارێزەكان لە دەسەڵات یان لە دەرەوەی دەسەڵات و ئەمەش هۆی برەوبردنیانە.

خەباتگێرو رۆشنبیری چەپی نیگەران و تۆراو كەم نین و تاقە رێگا ئەوەیە حزب و لایەنە چەپەكان لە بەهاو توانا و رۆڵی یەكتر كەم نەكەنەوەو لەبری دیالۆگ و لەیەكتری نزیكبوونەوە، لەسەر بەرنامەی لایەنی كەم، لەپشەملێ مقۆمقۆ دژ بەیەكتری و بوختان و ململانێی رق ئامێزانەی دژ بە یەك نەكەن.

ئەمە سەخت نییەو بەسمانە ئەگەر چاو لە یەكگرتن و بەرەو هاوپەیمانییەتی چەپەكانی وڵاتانی ئەمریكانی لاتین بكەین!

چەپ دەبێ خۆی لە وەهمی”هاوپەیمانی- برا بچوكێك كە گوێی لێناگیرێت” لەگەل هێزەكانی تر(حزبە دەسەڵاتدارەكان یان حزبە ئۆپۆزیتسیونەكانی ناو پەرلەمان) رزگار بكات.

لێرەدا نموونەی(كەمپەین بۆ هەڵوەشاندنی فەرمانی81) دەهێنمەوە: چەپەكان دەتوانن دەست بە چالاكی جۆربەجۆر بۆ دابینكردنی ئاسایشی تەندرووستی هەموو هاوڵاتیان كە هاوكات هێز بەبەر پێگە جەماوەرییەكەی دەدا، بەڵام بەداخەوە لە خەوێكی قووڵدان و لەم ئاستە روون و هاوبەش گشتی و ئینسانییە، ئامادە نین كار جددی بۆ بكەن!

چەپ هیچ چارەیەكی تری نییە تەنها ئەوە نەبێت بە بەردەوام و بە جدی رەخنە لە خۆمان بگرین و ئامادە بین گوێ لە یەكتری بگرین و پێكەوە بە روونی ئەڵتەرناتیڤی سیاسەتێكی ئەنتی لیبرالیزم(دژ بە بازاڕی ئازادو هەوڵی سەقامگیركردنی كەرتی تایبەت)بە ناوەڕۆكێكی كارو ژیانی هەرەوەزی ئیكۆلۆیانە كاربكەین. بە پێچەوانەوە مافی رەوای چینەكەمانە بەم شێوەیە لێمان دوور دەكەونەوە و گاڵتەمان پێبكەن!

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com