نوچەنێت – بەغداد تایمز
هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر هەڕەشەی “دەست بڕین”ی كرد لەو كەسانەی دەست بۆ دابەشكردنی عێراق درێژ دەكەن، لە هەمان كاتدا گوتی كە ئەمریكا نایەوێت داعش لە عێراق لەناو ببات بەڵكو تەنها چالاكیەكانی سنوردار دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا عامری وتی ” ئەمریكا مكوڕ نیە لەسەر لەناوبردنی داعش لە عێراق بەڵكو دەیەوێت تەنها چالاكیەكانی سنوردار بكات “.
عامری دووپاتیشی كردەوە كە ” ئەمریكا هەر لە سەردەمی حكومەتەكەی مالیكییەوە بەڵێنییان دا ئەو چەكانەی پێویستن بیانداتە حكومەتی عێراق بە تایبەتی فڕۆكەی ئێف 16 و ئەپاچی، بەڵام تا ئێستا هیچمان نەدی ، هەروەك چۆن تانكی ئەبرامزی ئەمریكی كێشەی بەرچاویان هەیە لە بواری چاككردنەوە و پارچەی یەدەك”.
سەرۆكی رێكخراوی بەدر هەروەها وتیشی ” ئەگەر ئەمریكا بەڕاستی دەیەوێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە ئەوا پێویستە پەلە بكەن لە پڕچەك كردن و ئامادە كردنی عێراق لەبەرامبەر ئەو پارەیەی كە عێراق دەیانداتێ نەك بە بەخشین”.
لەبارەی پرۆژە یاساكەی كۆنگرێسیشەوە عامری وتی ” با زۆر دڵنیا بن كە ئێمە رێگا بە دابەشبوونی عێراق نادەین كە كۆنگرێس وروژاندویەتی ، ئەوەی دەست بۆ دابەشكردنی عێراق درێژ بكات دەستی دەبڕین”. هەوەها وتیشی ” هەموو گەلی عێراق دابەشبوونی عێراق رەتدەكەنەوە ،جگە لە چەند سیاسەتمەدارێك”.
ئەوەشی وت كە ” ئێمە لەپێناو یەكێتی عێراق دەجەنگین، پێكهاتەی سوننەش پێمان دەڵێن عێراق ئەمانەتە لە دەست ئێوەدا و یەكێتیەكەی بپارێزن ، هەروەك چۆن براكانمان لە كوردستانیش دابەشكردن رەتدەكەنەوە”.