گۆران سه‌باح فێرخوازی ماسته‌ر له بواری رۆژنامه‌وانی له زانكۆی (كانزه‌س)ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا:
له كوردستان رۆژنامه‌وانی بووه‌ته گاڵته‌جاڕی بووه‌ته زبڵدانی حیزبه‌كان
به‌رپرسانی سیاسی گۆڵێكی گه‌وره‌یان له رۆژنامه‌نووسان كردووه به‌وه‌ی به‌گژ یه‌كیانه‌وه ده‌نێن
كوردستان هه‌ر گه‌نجێك بێ ئیش بێ، یان ده‌بێته پۆلیس یان ده‌بێته رۆژنامه‌نووس
میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆی كوردی جۆره میدیایه‌كه من ناوی لێ ده‌نێم “شه‌ڕه سه”
لای خۆمان كه پۆلیس، یان ئاسایش یان كارمه‌ندێكی حكوومه‌ت ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان، بۆ پیشه‌كه نییه بگره بۆ زه‌وی وه‌رگرتنه. خه‌ڵكێكی زۆر له په‌نای ئه‌ندامیه‌تی سه‌ندیكا زه‌وی وه‌رگرتووه
گفتوگۆ: غه‌فور هیرانی
* ده‌كرێت سه‌ره‌تا، باسی خولیا‌و خه‌ونه‌كانی منداڵی خۆتمان بۆبكه‌ی، یان بكرێت زیاتر خۆت به خوێنه‌ران بناسێنی، به‌پێی زانیاری من، پێشتر زیاتر خه‌ریكی فێربوونی زمان و وه‌رگێڕان بووی له زمانی ئینگلیزییه‌وه‌و دواتر هاتیه ناو كایه‌ی میدیا، ئه‌م زنجیره ئه‌زموونه له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نته‌وه چۆن خولیاكانی تۆی پێكهێناو وه‌كو گه‌نجێكی به‌هه‌ره‌مه‌ند ده‌ركه‌وتی و دواتر له خۆرئاوا ئێستا له قۆناخی خوێندنی باڵا ده‌ستت به خوێندن كرد؟
– ناوم گۆران سه‌باح غه‌فووره. بڕوانامه‌ی به‌كالیۆریسم هه‌یه له زمانی ئینگلیزی و ئێسته ماسته‌ر ده‌خوینم له بواری رۆژنامه‌وانی له زانكۆی (كانزه‌س) له ویلایه‌تی كانزه‌س له ئه‌مه‌ریكا. له سێ بوار كار ده‌كه‌م، نووسین، رۆژنامه‌وانی و وه‌رگێڕان. وه‌ك نووسین، وتار ده‌نووسم‌و رۆمانێكم نووسیوه به‌ناوی “شاخوێنبه‌ری سه‌ركرده”. چاپی یه‌كه‌میم له 2005 بڵاو كرده‌وه‌و چاپی دووه‌میشی له 2010 له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم بڵاو كرده‌وه. وه‌ك رۆژنامه‌وانی: ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئاژانسی كوردستان‌م بۆ ده‌نگوباس. دیبلۆمم هه‌یه له بواری رۆژنامه‌وانی له ئه‌ڵمانیا. وه‌ك وه‌رگێڕانیش تا ئێسته 21 كتێبم له زمانی ئینگلیزییه‌وه كردووه به‌كوردی، له‌وانه‌ش: هاهلێتی شكسپیر، رۆمانی بانه‌كانی وێزه‌رینگ، تیۆری سیاسی، حكوومه‌ت و گه‌نده‌ڵی، مێژووی هۆیه‌لی گه‌یاندن، رۆژنامه‌گه‌ری پیشه‌ییی، شه‌هیدانی وێڵ، داهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئه‌و ئایدیانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر جیهاندا گرت و… تاد. له دیسێمبه‌ری 2009، خه‌ڵاتی باشترین وه‌رگێڕم وه‌رگرت له كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌ت‌و ناوه‌ندی ئاینده بۆ پرسه‌كانی گه‌نج.
سه‌باره‌ت به خه‌ونه‌كانی منداڵیم: منداڵی كورد خه‌ونی نییه. بیرم نایه‌ت به‌منداڵی خه‌ونێكم هه‌بووبێ. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ژێرخانی په‌روه‌رده‌یی. سیستمی په‌روه‌رده له كوردستان هانده‌ر نییه قوتابی خه‌ونێك بۆ خۆی دروست بكات. ئێسته بڕۆ پرسیار له قوتابیانی سێیه‌می ناوه‌ندی یان شه‌شه‌می ئاماده‌یی بكه له‌باره‌ی خه‌ونه‌كانیان، یه‌كسه‌ر پێت ده‌ڵێ حه‌ز ده‌كه‌م ببم به‌دكتۆر یان ئه‌ندازیار. بێ ئه‌وه‌ی خۆی له‌و دوو بواره‌دا ببینێته‌وه. به‌بیرمه له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ك له هه‌ولێر تۆپێك نه‌بوو یاری پێ بكه‌ین، هه‌مووجار به‌به‌رد یان به‌سه‌لكی بووكه پلاستیك یاریی تۆپێنمان ده‌كرد. كوا خه‌ون له‌و كه‌شوهه‌وایه دروست ده‌بێ. خه‌ونی گه‌وره‌مان ئه‌وه بوو تۆپێكی فتبۆڵمان هه‌بێ له یاریگایه‌ك دوور له تۆز و خۆڵی كۆڵانان تۆپانێ بكه‌ین. من دوای ئه‌وه‌ی له كۆلێژی په‌روه‌رده به‌شی زمانی ئنیگلیزی وه‌رگیرام له 99-2000، ده‌ستم كرد به‌پێگه‌یاندنی خۆم.
ئه‌زموونی رۆژنامه‌وانیم پێش ئه‌زموونی زمان و وه‌رگێڕان دێ. پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌م به‌وه‌رگێڕان، بۆ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه كارم ده‌كرد، له‌وانه‌ش ئا‌ڤێستا و میدیا و روانین. دوای دوو ساڵ له ئه‌زموونی راگه‌یاندن، ئه‌وجا ده‌ستم كرد به‌وه‌رگێڕان. یه‌كه‌م جار به‌وتارو كورته چیرۆك ده‌ستم پێكرد، دواتریش كتێب. نووسین و وه‌رگێڕان و كاری رۆژنامه‌وانی هاوته‌ریب بوون له 2000ه‌وه تا ئێسته. ئه‌زموونه‌كانم له هه‌رسێ بوار: وه‌رگێڕان، نووسین و رۆژنامه‌وانی له خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئێجگار قووڵ سه‌ریان هه‌ڵدا دوای ئه‌وه‌ی له كۆلێژ وه‌رگیرام. من كوڕی خوێندنه‌وه‌م، خوێندنه‌وه منی گه‌یانده ئه‌و ئاسته‌ی ئێسته‌م.
* كێ هانده‌ری تۆ بوو، بۆ هاتنه ناو كایه‌ی میدیا، تا خۆت له‌ناو ئه‌م بواره‌دا ببینیه‌وه؟
– به‌گشتی خوێندنه‌وه‌ی زۆر‌و وردبوونه‌وه‌م له ژیان هانده‌رم بوون، بۆ هه‌رسێ بوار. دوای ئه‌وه چه‌ند كه‌سێك هه‌بوون له ژیانمدا كه ده‌ستیان گرتم‌و منیان زیاتر پێگه‌یاند. له هه‌رسێ بواره‌كه (نووسین، رۆژنامه‌وانی و وه‌رگێڕان) به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه‌ی ئاراس، منی زیاتر پێگه‌یاند. رۆلی سه‌ره‌كی هه‌بوو له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی من له هه‌رسێ بواره‌كه. پێش ئه‌ویش دكتۆر هیمداد عه‌بدولقه‌هار كه منی فێره وه‌رگێڕان كرد. ئێسته‌ش له‌بیرمه دكتۆر هیمداد چه‌ند له‌گه‌ڵم ماندوو بوو له وه‌رگێڕانی یه‌كه‌م كورته چیرۆك به‌ناوی “سه‌ربه‌خۆیی” كه تا ئێسته‌ش بڵاوم نه‌كردووه‌ته‌وه.
* پێتوایه، رۆژنامه‌نووسی كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسانه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستان ده‌یبینین كه رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌یان له زیادبووندایه؟
– نه‌خێر، رۆژنامه‌نووسی كارێكی تا بڵێی زه‌حمه‌ت و ئاسێیه. پیشه‌یه‌كه ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ته كار له ته‌مه‌نی مرۆ ده‌كات. دوای كرێكارانی كانه‌كانی خه‌ڵووز، دووه‌م كورتترین ته‌مه‌ن ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نووسانه چونكه به‌رده‌وام له ژێر فشار و بیركردنه‌وه و گه‌ڕاندان به‌دوای زانیاری. ده‌سكه‌وتنی زانیاری و گه‌یاندنی به‌خه‌ڵك كارێكی زه‌حمه‌ت و پڕه له به‌رپرسیاره‌تییه. ماندووبوون و ته‌ركیز و شاره‌زایی ده‌وێ تا زانیاری چه‌واشه نه‌كه‌ی. به‌داخه‌وه، له كوردستان رۆژنامه‌وانی بووه‌ته گاڵته‌جاڕی، بووه‌ته زبڵدانی حیزبه‌كان. چه‌واشه‌كردنی زانیاری و خه‌ڵك له لووتكه‌یه له كوردستان. پێشكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له هه‌ر وڵاتێك به زۆربوونی ژماره‌ی بڵاوكراوه و رۆژنامه‌نووسان نییه. له هیچ وڵاتێك زۆربوونی بڵاوكراوه پێوه‌ر نییه بۆ ئازادیی بیروڕا و رۆژنامه‌وانی. كورد ده‌ڵێ زۆری و بۆری باش نییه، له كوردستان زۆرێكی سه‌قه‌ت هاتووه‌ته كایه له بواری رۆژنامه‌وانی. تۆ پێم بڵێ، وێڕای ئه‌و هه‌موو رۆژنامه و گۆڤار و ته‌له‌فزیۆن و رادیۆیه، كامیان كار له رای گشتی ده‌كه‌ن، كامیان رای گشتی دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پرسێك. بێگومان هیچیان. كه‌واته به‌ژماره نییه به‌پیشه‌یه.
* ئێستا له وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا ده‌خوێنێت و چاودێری ستایل و شێوه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسی ئه‌وێ ده‌كه‌ی، چۆن به‌راوردكاری له‌نێوان ئه‌م دوو میدیایه ده‌كه‌ی، چونكه زۆرجار دیتومانه له‌ناو میدیای كوردی به‌راوردی ئه‌م دوو كێڵگه رۆژنامه‌نووسیه كراوه؟
– ئه‌مه‌ریكا له پێشه‌نگی كاری رۆژنامه‌نووسیدایه، هه‌م له رووی ئازادی و هه‌م له رووی پیشه‌گه‌ریشه‌وه. ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌راورد ناكرێ، زوڵمیش له كوردستان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا. پێش هه‌موو شتێ، له كوردستان ژێرخانی رۆژنامه‌وانی نییه. ژێرخانی رۆژنامه‌وانی چییه: یاسایه‌كی رۆژنامه‌وانی پراكتیكی، میدیای ئازاد و ده‌نگی ئازاد و متمانه له نێوان خه‌ڵك و میدیا و میدیا و ده‌سه‌ڵات. رۆژنامه‌نووسی پرۆفێشناڵ. له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه داتا. تا ئێسته سه‌رژمێرییه‌كی دروست نییه رۆژنامه‌نووس پشتی پێ ببه‌ستێ. له كوردستان یاسای رۆژنامه‌وانی هه‌یه به‌ڵام كاری پێ ناكرێ. له ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ژێرخانه زۆر به‌هێزه. هه‌مواركردنی یه‌كه‌م له ده‌ستوور پاڵپشت و ژێرخانێكی به‌هێزه بۆ ئازادیی رۆژنامه‌وانی و میدیای ئازاد. هه‌موو كه‌یسێكی رۆژنامه‌وانی له دادگه به هه‌مواركردنی یه‌كه‌م چاره‌سه‌ر ده‌كرێ. خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات تا راده‌یه‌ك متمانه‌یان به میدیا هه‌یه.
بێ له‌مانه‌ش، له كوردستان رۆژنامه‌وانی پیشه‌گه‌رانه (پرۆفێشنال) نییه. میدیای پرۆفێشناڵ چییه، واته: پاراستنی مافی رۆژنامه‌نووس، پاراستنی مافی بڵاوكراوه، مافی له‌به‌رگرتنه‌وه، ناوه‌ڕۆكی بێ لایه‌نانه‌نه‌و سه‌ربه‌خۆو راست. كوا مافی رۆژنامه‌نووسان له كوردستان، شتێك بكه‌ی پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات بی، ده‌كوژرێیی و له تڕی سه‌ی ده‌چی. رۆژنامه‌نووس له ئه‌مه‌ریكا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه. پیاو هه‌یه چاوی له رۆژنامه‌نووس سوور بكاته‌وه له‌وێ شتی وا نییه.
* ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌مانتوانیه‌وه نزیكبینه‌وه له ستاندارده باشه‌كانی جیهانی نووسین و كولتووری رۆژنامه‌نووسیمان لاوازه‌و ته‌مه‌نیشی زۆر نییه، ده‌كرێت چۆن سوود له‌و ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی ئه‌وان وه‌ربگرین بۆ پێشخستنی میدیا له كوردستان؟
– كوردستان ده‌بێ كولتووری رۆژنامه‌وانی دروست بكات، به‌سوود وه‌رگرتن له لایه‌نه باشه‌كانی میدیای رۆژئاوا به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا. كردنه‌وه‌ی زانكۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی زۆر پێویسته. ئێمه هه‌ر رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه به‌میدیا تێگه‌یشتووین. وا نییه، بۆ نموونه فۆتۆگرافی و كاری دۆكیومێنته‌ری و فیلم، سێ كۆڵه‌گه‌ی گرینكی میدیان. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان ریفۆرمێكی بنچینه‌یی له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بكرێ. كردنه‌وه‌ی خولی ئاست به‌رز و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی گه‌نج تا له‌و بواره بخوێنێت. ساڵانه سه‌تان توێژینه‌وه ده‌كرێ له‌سه‌ر میدیا له ئه‌مه‌ریكا، یه‌ك توێژینه‌وه‌م پێ بڵێ له كوردستان كه تا ئێسته بێ لایه‌نانه‌ن و پیشه‌گه‌رانه كرا بێ له‌سه‌ر میدیا. هیچ نییه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سی ئه‌كادیمیمان نییه له بواره‌كه.
* خۆت ده‌زانی رۆژنامه‌كانی خۆرئاوا، به به‌راورد به رۆژهه‌ڵات زیاتر پشت به داتا‌و(فاكت) به‌ڵگه، ده‌به‌ستن له چنینی هه‌واڵ و راپۆرته‌كانیان، ئایا میدیای كوردی هیچ له‌و توخمانه‌ی له‌خۆی گرتووه، چونكه هه‌ندێ بۆچوون هه‌یه كه میدیدا له كوردستان هیچ نییه جگه له راوبۆچوونی شه‌خسی یان باكگراوندی سیاسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ریده‌كه‌ن یان هاوكارییان ده‌كه‌ن له رووی مالییه‌وه؟
– له پێشدا گوتم، میدیای كوردی بووه‌ته زبڵدانی حیزبه‌كان. هیچ كه‌ناڵێك، رۆژنامه‌یه‌ك یا رۆدیۆیه‌ك نییه له كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێ له رووی سه‌رچاوه‌ی داراییه‌كه‌یه‌وه. من پاره به‌تۆ بده‌م رۆژنامه‌یه‌ك ده‌ر بكه‌ی، بێگومان كۆنترۆلت ده‌كه‌م چی بڵێی و چی نه‌ڵێی. هه‌تا ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌شم لێ بگری، پێت ده‌ڵێم چۆنم لێ بگری. ده‌سه‌ڵات و میدیاش ئاوایه له كوردستان. ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ی ده‌بینی فه‌زای میدیا له كوردستان چه‌ند كوتله‌یه‌كن و هه‌ر كوتله و سه‌ر به‌لایه‌نێكی سیاسییه. زۆرجار من وا هه‌ست ده‌كه‌م به‌رپرسانی سیاسی گۆڵێكی گه‌وره‌یان له رۆژنامه‌نووسان كردووه به‌وه‌ی به‌گژ یه‌كیانه‌وه ده‌نێن. نه‌بوونی داتا واته نه‌بوونی ژێرخانی رۆژنامه‌وانی. هیچ داتایه‌ك نییه پێت بڵێ حكوومه‌ت ساڵانه چه‌ند سه‌رف ده‌كا و چه‌ند داهاتییه‌تی. ئه‌مه بۆ نموونه. ئیتر هه‌زاران پرسی تر كه هیچ داتایان له‌سه‌ر نییه.
رۆژنامه‌نووس ناچاره پشت به‌قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و ببه‌ستێت كه كه‌س نازانێ راسته یان درۆ.
* یه‌كێ له‌و شته سه‌یرانه‌ی له كوردستان هه‌ستی پێده‌كرێت، نه‌فه‌س كورتییه له به‌دواداچوونی كێشه‌كان، یاخود بیرچوونه‌یه، رۆژنامه‌وانی كوردی، ته‌نها كێشه ده‌وروژێنێت و هیچ به‌دواداچوونێكی له‌سه‌ر ناكات، بۆ نموونه ژنێك به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنج راكێش و قێزه‌ون ده‌كوژرێت، چیرۆكێكی دوور‌و درێژ له‌پشت ئه‌م رووداوه‌وه هه‌یه، به‌ڵام رۆژنامه‌وانی ئێمه ته‌نها ئه‌و رۆژه به‌دواداچوون ده‌كات و خامه‌كه‌ی ده‌كاته راپۆرتێك و یه‌كجار بڵاوی ده‌كاته‌وه، دوای ئه‌وه له رۆژه‌كان و مانگه‌كانی داهاتوودا سه‌ره‌داوو چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گات به‌كوێ، لای میدیدای كوردی هیچ بایه‌خی نییه‌و به ماده‌یه‌كی به‌سه‌رچووی ده‌زانێت، تۆ كه هه‌ردوو كولتووری رۆژنامه‌وانی كوردی و خۆرئاوایی ده‌بینی لێكدانه‌وه‌تان بۆ ئه‌م شێوازه چۆنه‌و له‌وێ واته خۆرئاوا چۆن له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه به‌دواداچوون ده‌كرێت؟
– راسته. ئه‌مه خاڵێكی زۆر گرینگه. له ئه‌مه‌ریكا كه‌یس هه‌یه 15 ساڵه به‌رده‌وامه. كه‌یس هه‌یه رووماڵكردنی شه‌ش مانگ ده‌خایه‌نێت، یان چه‌ندان ساڵ. بۆ نموونه، لافاوه‌كه‌ی كاترینا له 2005 كه بووه هۆی وێرانكردنی شاری نیوئۆرلینز له ویلایه‌تی لویزیانا، تا ئێسته‌ش رۆژنامه‌نووسان رووماڵی ده‌كه‌ن. ئه‌و كولتووری به‌دواداچوونه له ناو میدیای سه‌قه‌تی كوردی نییه. به‌ده‌یان رێكخراوی ئافره‌تان به‌ده‌نگ هاتن و حكوومه‌ت چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ئافره‌تان دوای كوشتنی دوعا، تا ئێسته هیچ رۆژنامه‌نووسێك نه‌یپرسی ئاخۆ ئه‌و بڕیار و ئه‌و كارانه به‌كوێ گه‌یشتن. رۆژنامه‌نووس له ئه‌مه‌ریكا له یه‌ك بوار قووڵ ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه له بواری كاره‌ساتی سروشتی، ئیتر ئه‌وه پیشه‌ی ئه‌وه كه ده‌بێ به‌دوای كاره‌ساته سروشتییه‌كاندا بچێ و له هه‌موو گۆشه‌یه‌كه‌وه رووماڵیان بكات. لای خۆمان، رۆژنامه‌نووس له بواری وه‌رزش، سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریش كار ده‌كا. ئیتر به‌م شێوه‌یه ناتوانێ به‌دوای بابه‌تێكدا بچێ. ئه‌گه‌ر وا بكات ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك چه‌ند كۆپییه‌كی خۆی بكات، ئه‌مه‌ش ناكرێ.
* له ئه‌مریكا ئازادیه‌كی زۆر بۆ ده‌زگاكانی میدیا ده‌ستبه‌ر كراوه، به‌ڵام له كوردستان گله‌یی ده‌كرێت له پانتاییه ئازادیه‌و ده‌گوترێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌یه‌وێت به‌رته‌سكی بكاته‌وه، پێتنوایه ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ی كه له‌باری یاساییدا بۆ رۆژنامه‌نووسان به‌دی هاتووه، ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ پاشه‌كشه‌ی لێبكات، ئه‌ی ئایا چی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه ئێستا له كوردستان كه به‌ناوی فه‌وزای رۆژنامه‌نووسی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ئیتیكی و ژماره‌ی زۆری رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نوسان خولقاوه؟
– له كوردستان هه‌ر گه‌نجێك بێ ئیش بێ، یان ده‌بێته پۆلیس یان ده‌بێته رۆژنامه‌نووس! بۆیه هه‌ندێ جار پۆلیس یان رۆژنامه‌نووس ده‌بینی نازانن دوو رسته به‌ڕه‌وانی بنووسن یان قسه بكه‌ن. میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆی كوردی جۆره میدیایه‌كه من ناوی لێ ده‌نێم “شه‌ڕه سه” چونكه زۆرجار به‌بێ فاكت و بنه‌ما هه‌ڵده‌ستێ هه‌ندێ پرسی هه‌ستیار ده‌وروژێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ناو ده‌ربكا و رۆژنامه‌كه‌ی بفرۆشرێ. خوێنه‌ری ساویلكه‌ی كوردیش ئه‌وه‌ی ده‌وێ نه‌ك زانیاری و راستییه‌كان. ده‌سه‌ڵاتیش هه‌قی خۆیه‌تی به‌م شتانه تووڕه بێ، به‌ڵام نه‌ك كاردانه‌وه‌كه‌ی بگاته ئاستی كوشتن. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژووییه. نموونه‌ش بۆ ئه‌مه كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمانه. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه: رۆژنامه‌نووس ده‌بێ رۆشنبیر بێ. ده‌بێ جیاوازی بكا له نێوان راستی و بۆچوون و درۆ. ده‌بێ راستی به‌به‌ڵگه‌وه بدات به‌خوێنه‌ر. هه‌روه‌ها ده‌بێ كه‌ناڵگه‌لی میدیا له كوردستان كارنامه‌ی ئیتیكی و پرۆفێشناڵیان هه‌بێ. بۆ نموونه، رۆژنامه‌ی وانشتۆن پۆست یان كه‌ناڵی بی بی سی، ئه‌وانه پرۆتۆكۆلی ئیتیكی و پرۆفێشناڵییان هه‌یه و هه‌موو رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانیان ده‌بێ پابه‌ند بن پێیه‌وه. ده‌سه‌ڵات ده‌بێ ده‌رگاكانی بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووس ده‌ستی بگات به زانیارییه‌كان. ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس ده‌ستی گه‌یشت به‌زانیارییه‌كان، ئه‌وا پشت به‌درۆ نابه‌ستێ. ئه‌و گێره‌شێوێنییه‌ش نامێنێ كه میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆ ده‌یكه‌ن. بۆ نموونه، له ئه‌مه‌ریكا یاسا هه‌یه بۆ گه‌یشتن به‌زانیارییه‌كان. هه‌ر شتێك له‌سه‌ر تۆماری گشتی بێ، رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه داوای بكات له حكوومه‌ت. ده‌بێ پێناسه‌ی تۆماری گشتی بكرێ له كوردستان. ده‌بێ رۆژنامه‌نووس و ده‌سه‌ڵات زانیاریی تایبه‌تی و گشتی له‌یه‌كتر جودا بكه‌نه‌وه.
* مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی قه‌ومی شتێكه په‌یوه‌ندی به راگه‌یاندن و جوڵه‌ی سیاسیه‌كانیشه‌وه هه‌یه، ده‌سه‌ڵات هه‌میشه میدیای ئه‌هلی به‌وه تۆمه‌تمبار ده‌كات كه ئه‌م سنوورانه ناناسێت كه ناویان به‌رژوه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه، ئه‌وه‌ی بێته به‌رده‌می له خزمه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی تیراژه‌كه‌ی دابێت بڵاوی ده‌كاته‌وه، ئایا له‌ئه‌مریكاش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئێره میدیكان ئاوا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فاكته‌كاندا ده‌كه‌ن؟
– ده‌سه‌ڵات له ئه‌مه‌ریكا له سێ شوێن ته‌داخول ده‌كا و ناهێڵێ میدیا بنووسێ. یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر نووسینه‌كه یان كاره‌كه هه‌ڕه‌شه بێ بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی. بۆ نموونه، به‌پێی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكی هاوڵاتی ئازاده هه‌رچی بكا و بڵێ. به‌ڵام له كه‌یسی ویستی سووتاندنی قورئان له‌لایه‌ن قه‌شه جۆنز له ویلایه‌تی فلۆریدا، ده‌سه‌ڵات نه‌ك هه‌ر ته‌داخولی كرد، بگره وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رۆبێرت گێیتس ته‌له‌فۆنی بۆ جۆنز كرد و گوتی نابێ قورئان بسووتێنی. چونكه سووتاندنی قورئان كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌هێزی ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومیی، ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی له ئه‌فغانستان و عێراق. ته‌نانه‌ت له ناو ئه‌مه‌ریكاش چونكه ده‌بووه هۆی تووڕه‌كردنی ئه‌مه‌ریكییه موسلمانه‌كان، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی لێ ده‌كه‌وته‌وه. ده‌بینین، لێره‌دا میدیا پشتی ده‌سه‌ڵاتی گرت و هه‌رچی رووماڵكردنی میدیای ئه‌مه‌ریكی هه‌بوو دژی سووتاندنه‌كه بوون. نابێ ده‌سه‌ڵاتیش هه‌موو شتێك بخاته قاڵبی ئه‌منی قه‌ومییه‌وه. ده‌بێ ئه‌منی قه‌ومی پێناسه بكرێ و سنوور بۆ دابنرێ. بۆ نموونه له ئه‌مه‌ریكا، ئه‌منی قه‌ومی واته: ئه‌گه‌ر میدیا شتێك بڵاو بكاته‌وه، به‌هۆی ئه‌و شته ئه‌مه‌ریكا بڕووخێ، یان وه‌زاره‌تێك وێران بێ یان به‌رپرسێكی سیاسی بكوژرێ، یان سوپا زیانی پێ بكه‌وێ. زیانه‌كه‌ش راسته‌وخۆ بێ، وه‌ك له كه‌یسی سووتاندنی قورئاندا باسم كرد چونكه زیانه‌كه راسته‌وخۆ ده‌بوو. دووه‌م: قسه‌ی هه‌ڵیت و په‌ڵیت و سێكسی بۆ منداڵان. سێیه‌م، جوێندان و قسه‌ی ناشیرین و به‌ده‌ر له ئه‌خلاق.
* ئایا میدیا له‌وێ ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه، یان ته‌فسیری و دیدی جیواز له ئێمه هه‌یه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، لێره پاره‌وه‌رگرتن له حكومه‌ت یان هه‌ر هێزێكی سیاسی به مه‌رجی سه‌ربه‌خۆبوون ده‌زانن، واته هه‌رچی بڵاو بكه‌یه‌وه بنووسی تۆ ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆی به مه‌رجێك داراییت خۆت دابینی بكه‌ی و كه‌سێكی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات یان حكومه‌ت هاوكاریت نه‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ئه‌زموونی ئه‌وه‌مان هه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوایی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست و لۆس ئه‌نجلوس تایمز پشتیوانی دیموكراته‌كانی ئه‌مریكایان به فه‌رمی راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌هلی لێره ئه‌مه بكات به خاڵی نێگه‌تیڤ و ده‌رچوون له ئیتیك سه‌یرده‌كرێت؟
– میدیا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رۆلی هه‌یه له پێكهێنانی حكوومه‌ت و دروستكردنی رای گشتی له‌باره‌ی پرسه سیاسییه‌كان و پرسگه‌لی تر له رۆژئاوا. میدیای ئازاد واته سه‌ربه‌خۆ له ناوه‌ڕۆك و سه‌رچاوه‌ی دارایی. بۆ نموونه، كه‌ناڵی سی ئێن ئێن كه‌ناڵێكه سه‌ر به‌دیموكراته‌كان و له به‌رامبه‌ر ئه‌ویش دا، كه‌ناڵی فۆكس نیوز سه‌ر به‌كۆمارییه‌كانه. به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه ئه‌و دووانه پاره له‌هه‌ردوو حیزب وه‌ربگرن و ره‌خنه‌یان لێ نه‌گرن. نه‌خێر. كۆمپانیای زه‌به‌لاح هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌ناڵانه ده‌به‌ن به‌ڕێوه. واته سه‌ربه‌خۆن له رووی داراییی و ناوه‌ڕۆكه‌وه. زۆرجار ده‌بینین سی ئێن ئێن ره‌خنه‌ی زۆر تووند له ئۆباما ده‌گرێ. دواتر پاڵپشتی ده‌بێ پێناسه بكرێ. مانای چییه كه سی ئێن ئێن یان لۆس ئه‌نجلۆس تایمز پشتی لایه‌نێكی سیاسی ده‌گرن. ئاخۆ دێن پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كه‌ن و لایه‌نه نێگه‌تیفه‌كانی ده‌شارنه‌وه، نه‌خێر. ئاخۆ دێن به‌سه‌ر شان و باڵیدا هه‌ڵده‌ڵێن و له‌به‌رچاوی خه‌ڵك جوانی ده‌كه‌ن تا خه‌ڵك ده‌نگیان بداتێ، نه‌خێر. به‌و شێوه‌یه نییه، پشتیوانی ئه‌وان واته پشتیوانیكردن له‌و پرسانه‌ی كه كاندیدی ئه‌و پارته ده‌یوروژێنێ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئۆباما باسی خراپی سیستمی بانق بكات، ئه‌وا سی ئێن ئێن ده‌چێ به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌مه په‌یدا ده‌كا و قسه‌كه‌ی ئۆباما ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌وه‌یه پشتیوانی، نه‌ك به‌و مانایه‌ی لای خۆمان كه پێداهه‌ڵگوتن و چه‌پڵه‌ڕێزان بێ.
* ماڵپه‌ڕی ویكیلیكس كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له ئاستی جیهان نایه‌وه، به‌جۆرێك به شۆڕشێك یان بازدانێكی مێژوویی به‌سه‌ر كولتووری زانیاری و بڵاوكردنه‌وه‌دا ته‌فسیری بۆ ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و دبه‌یت و به‌دوداچوونه‌ی میدیكانی ئه‌مریكا، ئه‌م حاڵه‌ته چۆن لێكده‌درێته‌وه‌و شڕۆڤه ده‌كرێت، له‌كاتێكدا فه‌یله‌سووفی ناسراوی ئه‌مه‌ریكی(نعوم چومسكی)ش، وه‌كو ئازادیخوازترین بیریاری ئه‌م سه‌رده‌مه پشتیوانی ئه‌م جۆره بڵاوكردنه‌وه‌یه بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ده‌زانین میدیای ئه‌مه‌ریكا له سكانداڵێكی تریشدا ئه‌مه‌ریكاو وه‌زاره‌تی به‌رگری تووشی ئیحراجی كرد، كاتێ وێنه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندانی ئه‌بوغرێبی بڵاوكرده‌وه، پێتوایه جیهانی زانیاری و بڵاوكردنه‌وه دوای قه‌یرانی ویكیلیكس له ئه‌مریكا به‌كوێ ده‌گات؟، یاخود پێتوایه ئازادی رۆژنامه‌وانی چاپه‌مه‌نی به هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه له‌مه‌ودا له ئه‌مریكا چاوی پێده‌خشێنرێته‌وه به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه؟
– یاسایه‌ك هه‌یه له ئه‌مه‌ریكا پێی ده‌ڵێن یاسای سیخوڕی. هه‌ر كه‌سێك زانیاریی نهێنی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكی بڵاو بكاته‌وه، به‌و یاسایه دادگه‌یی ده‌كرێ. زانیاریی نهێنی واته ئه‌و زانیارییانه‌ی ئه‌گه‌ر بێت و بڵاو بكرێنه‌وه، كار له ئه‌منی قه‌ومی ده‌كه‌ن و دوور نییه شه‌ڕ به‌رپا بكه‌ن. سێ را هه‌یه له‌باره‌ی ویكیلیكس له ئه‌مه‌ریكا. رای یه‌كه‌م، یان بڵێین گرووپی یه‌كه‌م، پێیان وایه ئه‌و كاره‌ی ویكیلیكس ده‌یكات ده‌چێته قاڵبی سیخوڕی. بۆیه ئه‌م گرووپه ناو له ویكیلیكس ده‌نێن “تیرۆریستی ته‌كنه‌لۆجیا.” گرووپی دووه‌م، رای دووه‌م، پێیان وایه ویكیلیكس كارێكی ره‌وا ده‌كا چونكه نابێ حكوومه‌ت زانیاری له خه‌ڵك بشارێته‌وه. هه‌روه‌ها پێیان وایه كه یاسای سیخوڕی ته‌نێ هاوڵاتییانی ئه‌مه‌ریكی ده‌گرێته‌وه و له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا، بۆیه جولیان ئاسانج، دامه‌زرێنه‌ری ویكیلیكس، ناگرێته‌وه. گرووپی سێیه‌م، رای سێیه‌م، پێیان وایه ویكیلیكس هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی ئه‌مه‌ریكا. بۆ نموونه چه‌ندان ژێرخانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كه‌ن كه تیرۆریستان زۆر به‌ئاسانی ده‌ستیان پێیان ده‌گا و ده‌توانن گورزی گه‌وره له ئه‌مه‌ریكا بوه‌شێنن. وه‌ك رێڕه‌وی كێبڵه‌كانی كاره‌با و وزه له ژێر زه‌ریاكان.
به‌ڵام ئه‌مانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كار له ئازادیی رۆژنامه‌وانی و چامه‌مه‌نی ئه‌مه‌ریكا ناكه‌ن و ته‌سكی ناكه‌نه‌وه چونكه ده‌ستوور رێ به‌مه نادا. ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه، ئه‌مه‌ریكا تووشی قه‌یرانی وا ده‌بێ. له حه‌فتاكان، رۆژنامه‌ی نیو یۆرك تایمز كۆمه‌ڵێك دۆكیومێنتی نهێنی پنتاگۆنی ئه‌مه‌ریكی بڵاو كرده‌وه له‌باره‌ی جه‌نگی ڤێتنام. ئه‌و كاته، دانیال ئێلسبێرگ كه دۆكیومێنته‌كانی ئاشكرا كرد، تووشی هه‌مان باری جولیان ئاسانج بووه‌وه. حكوومه‌ت ته‌داخولی كرد و نیو یۆرك تایمز وه‌ستا له بڵاوكردنه‌وه‌ی دۆكیومێنته‌كان. به‌ڵام ئه‌مجاره واشنتۆن پۆست ده‌ستی گه‌یشت به‌دۆكیومێنته‌كان و بڵاوی كرده‌وه. بۆیه حكوومه‌ت هیچی پێ نه‌كرا. ئیتر بڕیار ده‌رچوو له‌وساكه‌وه كه نابێ حكوومه‌ت بڕیاری شه‌ڕ بدات به‌نهێنی. كه‌واته كه‌یسه‌كه به‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئازادیی میدیا ته‌واو بوو، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
* دوایین پرسیارم دێمه‌وه سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌وانی له كوردستان، به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان زیاتر له هه‌شت هه‌زار رۆژنامه‌نووس له كوردستان هه‌یه، من زانیاریم هه‌یه سه‌دان له پۆلیس و ئاسایش و فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت له كه‌رته جۆراوجۆره‌كانی حكومه‌ت و حزب كارمه‌ندن ئه‌ندامی كارای ئه‌و سه‌ندیكایه‌ن، ئایا له خۆرئاوا یان له ئه‌مریكا، ڕێگه ده‌ده‌رێت مامۆستا پیشه‌وه‌ر، بازرگان، پۆلیش و كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت ببنه رۆژنامه‌نووس، یان ناویان له‌پاڵ ئیشه‌كه‌ی تریان وه‌كو رۆژنامه‌نووسی كاراش حسابی بۆ بكرێت؟
– سه‌ندیكایه‌ك نییه به‌ناوی رۆژنامه‌نووسان له ئه‌مه‌ریكا. كاتێ رۆژنامه‌نووس ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیكایه‌كی سه‌ر به‌حیزب یان لایه‌نێكی سیاسی، ئه‌وا واته ته‌لبه‌ندكردنی ئازادیی بیر و نووسینی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه. هه‌موو كه‌س له ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ ببێته رۆژنامه‌نووس. بۆ نموونه، مایكل روپێرت، ئه‌فسه‌ری پۆلیس بوو له كالیفۆرنیا، له هه‌مان كاتیش‌دا بۆ رۆژنامه‌كان وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی فریلانس كاری ده‌كرد و ده‌ینووسی. تووندترین ره‌خنه‌ی له حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكی ده‌گرت. له‌سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا، ئێسته ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه له ئه‌مه‌ریكا پێی ده‌ڵێن “هاوڵاتیی رۆژنامه‌نووس” واته هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێ رۆژنامه‌نووس بێ. ده‌توانێ ماڵپه‌ڕێك بكاته‌وه و هه‌واڵ بڵاو بكاته‌وه. ده‌توانێ بلۆگێكی هه‌بێ و زانیاری بڵاو بكاته‌وه. لای خۆمان كه پۆلیس، یان ئاسایش یان كارمه‌ندێكی حكوومه‌ت ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیكا، بۆ پیشه‌كه نییه، بگره بۆ زه‌وی وه‌رگرتنه. خه‌ڵكێكی زۆر له په‌نای ئه‌ندامیه‌تی سه‌ندیكا زه‌وی وه‌رگرتووه.

