نوچەنێت-ئیرەم نیوز
داعش زۆربەی بەشەكانی پاڵاوتگەی بێجی داگیركردووە و 200 كەسیشی لە پۆلیس و سوپا و هێزە تایبەتییەكانی عێراق گەمارۆداوە و هەڕەشەی سەربڕینیان لێدەكات.
ئەو 200 كەسە گەمارۆدراوە داوای فریاگوزاری دەكەن و یەكێكیان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا وتوویەتی “لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوین، گوێمان لە دەنگی چەكدارانی داعشە كە دەڵێن هەمووتان سەردەبڕین، خواردن و خواردنەوە زۆر كەمن، رۆژانە تەنها چەمێك دەخۆین، جلەكانمان دەدڕێنین و بۆ برینپێچیی بریندارەكان بەكاری دێنین”.
ئەو كەسەی تەلەفۆنی كردووە وتویەتی خەڵكی بەغدام و فیشەكێكم هەڵگرتووە تا خۆم بكوژم كاتێك توندڕەوەكان شوێنەكەمان داگیر دەكەن.
دوو ئەفسەری فەرماندەیی پرۆسە سەربازییەكانی سەڵاحەدین وتویانە تیرۆریستەكان بەجۆرێك خۆیان لەناو بەشەكانی پاڵاوتگەكەدا حەشارداوە كە بە فڕۆكە ناتوانین بیانكەینە ئامانج، چونكە ئەگەر بیانكەینە ئامانج پاڵاوتگەكە وێران دەبێت، كە گەورەترین پاڵاوتگەی نەوت و بەرهەمەكانیەتی لە عێراق.
عەقید عیماد سەعیدی كە فەرماندەیی یەكەیەكی سەربازیی زەمینییە لە نزیك بێجی دەلێت داعش تەواو پاڵاوتگەكەی گەمارۆداوە و هەموو رێگەكانی گەیاندنی هاریكاریی پچڕاندووە. ئەو دانی پێدا ناوە كە 66%ی پاڵاوتگەكە داعش تێدایە و رۆژانەش هێرشی خۆكوژی دەكەنە سەر هێزە عێراقییەكانی ناو پاڵاوتگەكە و دەوروبەری.
پاڵاوتگەی بێجی گەورەترین پاڵاوتگەی عێراقییە و بەر لە هاتنی داعش بە تەنیا دەیتوانی 33%ی پێداویستییە ناوخۆیەكانی عێراق لە نەوت و بەرهەمەكانی دابین بكات.