ئاژانسی دەنگوباسی رووسی: بڕیارەكەی كۆنگرێس سەرەتایەكە بۆ گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە

0

دابەشكردنی عێراق …. سەرەتایەك بۆ جێبەجێ‌ كردنی سایكس-بیكۆیەكی تر

ئەمەناونیشانی نووسینێكە لە ئاژانسی سپوتنیكی رووسیدا. سپوتنیك ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی رووسیایە و گەورەترین نێوەندی خەبەریی ئەو وڵاتەیە.

ئەو ئاژانسە پییوایە ئەوەی كە ئیدارەی ئەمریكا دڵنیایی دەداتە عێراق كە رێز لە سەروەری عێراق دەگرێت و ئەوەی لیژنەكەی كۆنگرێس كردوویەتی بۆچوونی ئەوان نییە، مانای ئەوە نیە كە كۆنگرێس هەڵەیەكی زەبەلاحی كردوە و ئێستا راستی دەكاتەوە بەڵكو ئەوە پاشگەزبوونەوەیەكی تاكتیكییە لەم قۆناغەدا دوای ئەوەی بیرۆكەی دابەشكردنی عێراقی خستە ژێر پشكنینەوە، لە رێگەی بەهەل قۆستنەوەی بارودۆخی ناجێگیری ئەمنی عێراق و لاوازی رۆڵی دەزگا فەرمانڕەواكانی عێراق.

وەك سپوتنیك دەڵێت بیرۆكەی دابەشكردنی عێراق لە پلان و هێڵكارییەكانی ئەمریكادا شتێكی نوێ‌ نیە، بەڵكو كۆنەو لەناو بڕیار بەدەستانی ئەمریكادا نیمچە كۆدەنگیشی لەسەرە. پرسی دابەشكردنی عێراق لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لەسەر رووپەڕی راپۆرت و توێژینەوەكانی سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەی ئەمریكادا دەردەكەوێت، دواتر لە سەروبەندی هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق زیاتر پەرەی سەند.

ئاژانسە رووسییەكە ئاماژە دەكات بەوەی ئەم پرۆژانە سەرەتا سروشتی توێژینەوەیان وەرگرت ، وەك ئامادەكارییەك بۆ جێبەجی كردنیان . دوای ئەوەی ئەمریكا هاتە ناو عێراق هەوڵدرا ئەو وڵاتە بكرێتە تاقیگەیەك بۆ دووبارە نەخشە كێشانەوەی وڵاتانی ناوچەكە ، ئەویش بە دروستكردنی كەشێك كە تێیدا گروپ و كۆمەڵەی مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەیی دژ بەیەك بكەونە چالاكی، بەمەش زەمینە لەبار بوو بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی هێزەكانی رۆژئاوا بۆسەر ناوچەكە .

ئاژانسە رووسیەكە كە وا دەردەكەوێت دژی دووبارە نەخشەكێشانەوەی ناوچەكەیە دەڵێت زۆرێك لە سەنتەرەكانی توێژینەوەی ئەمریكا خەریكی ریكلامكردنن بۆ ئەو پلان و پرۆژانە و لایەنی جێبەجێكاریش لە واشنتن كار دەكات بۆ گۆڕینی ئەو پرۆژانە بۆ بەشێك لە ستراتیژییەتی ئەمریكا . لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر بابەتی تایبەت و رووماڵی توێژینەوەكانیان لەو بارەیەوە بڵاو كردوەتەوە ، كە چەندین نەخشەی پێشبینی كراوی وڵاتانی ناوچەكەی دوای دابەش كردنییان بۆ چەند دەوڵەتۆچكەیەكی بچوك هاوپێچ بوە .

سپوتنیك نموونە یەك دەهێنێتەوە ” رۆبەرت رایتی نوسەری ئەمریكی لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2013 وتارێكی لە رۆژنامەی (نیۆرك تایمز) دا بڵاو كردەوە لەژێر ناونیشانی: چۆن دەتوانرێت 5 دەوڵەت بكرێتە 14 دەوڵەت. بابەتەكە كە نەخشەیەكی لەگەڵدا بوو ، هەروەك لە ناونیشانەكەوە دەردەكەوێت رایت پێی وابوە كە ئەو دووبەرەكییانەی كە هەن یان لە داهاتوودا دروست دەبن ، دەبێتە هۆی دابەشبوونی 5 دەوڵەتی عەرەبی و دەبنە 14 كیانی تائیفی و ئیتنی”.

سپوتنیك زیاتر باسی پرۆژەكەی رایت دەكات: رایت بە وردی پێیوایە عێراق دابەش دەبێت بۆ سێ‌ دەوڵەتی بچوك : دەوڵەتی كوردی لە باكور، دەوڵەتی سوننە لە ناوەڕاست و رۆژئاوا، دەوڵەتی شیعە لە باشوور. هەروەها سوریاش بۆسێ‌ دەوڵەت دابەش دەبێت : دەوڵەتی كوردی ” كوردستانی رۆژئاوا” لە ناوچەی قامیشلی و هەندێك ناوچەی باكوری سوریا كە چارەنووسی لە داهاتوودا چوونە سەر هەرێمی كوردستانە، دەوڵەتی عەلەوی كە لە باكور لە لازقیەوە درێژ دەبێتەوە چەند ناوچەیەكی حمس لە ناوەڕاست و دیمەشق و دەرعا و سوەیدا لە باشور، دەوڵەتی سوننە كە ناوچەكانی تری سوریا دەگرێتەوە ، كە لەوانەیە لە داهاتوودا لەگەڵ ناوچە سوننیەكانی عێراقدا یەكبگرێت.

لەدرێژەی بابەتەكەدا هاتووە: چەندین نوسەری تری ئەمریكی لەمێژە باسی دابەشبوونی ناوچەكەیان كردووە ، لەوانە برنارد لویس و هینتینتگۆن، كە بە باوكی رۆحی “محافزكارە نوێیەكان” ی ئەمریكا دادەنرێن. لویس و هینتینگتون پێیان وایە دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو وڵاتانە راستكردنەوەی هەڵەیەكی مێژووییە كە لە سایكس-بیكۆدا كردیان ، كە ناوچەكەیان لەسەر بنەمای تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی دابەش نەكرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com