بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی لەسەر پرۆژە بڕیارەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا

0

نوچەنێت

فراکسیۆنی پارتی لەپەڕلەمانی کوردستان، لەبەیاننامەیەکدا کەوێنەیەکی بۆ نوچەنێت نێردراوە، پشتیوانی بڕیارەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات و پێویستی زیاتر بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە رادەگەیەنێت.

لەبەینانەمەکەدا هاتووە ” پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەو پڕۆژە بڕیارە دووپات دەكەینەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیش، بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، تا زیاتر كار لەسەر بە دامەزراوەیی كردنی هێزی پێشمەرگە، وەك تاكە هێزی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستاندا بكەین”.

دەقی بەیاننامەکە :

بەیاننامەیەك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا، لەلایەن بەڕێز (ئید ڕۆیس) سەرۆكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمریكا، پڕۆژە بڕیارێك بە ژمارە (5747) بە كۆنگرێسی ئەو وڵاتە دراوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات بە سەرۆك ئۆباما بدرێت، كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕ چەك بكات.

ئێمە لە كاتێكدا پاڵشتی تەواوی ئەو پڕۆژە پڕیارە دەكەین و پێشوازی لێدەكەین و بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانین، كە لەسەر ئاستی جیهانی گرنگی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دەدات، لە هەمانكاتدا پێمانوایە، ئەو پڕۆژە بڕیارە بۆ ئەنجامی ئەو نەبەردیانە دەگەڕێتەوە، كە هێزی پێشمەرگە لەبەرانبەر گەورەترین هێزی تیرۆرستی لە جیهاندا تۆماری كردوون.

هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە وەك تاكە هێزێك كە لەسەر زەویدا شەڕی تیرۆستانی داعش دەكات، نەك هەر بەری بە هێرشەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە گرتووە، بەڵكو زیانی گەورەیشی پێگەیاندوون، هەروەها لە پارچەكانی تری كوردستانیش، قارەمانێتی گەورەی تۆماركردووە، چونكە وەك لای هەمووان ئاشكرایە، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان، بووە هۆی گۆڕینی پارسەنگی هێز و دواجار بە سەركەوتنی گەلی كوردستان لەو پارچەیە شكایەوە.

ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی تر پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەو پڕۆژە بڕیارە دووپات دەكەینەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیش، بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، تا زیاتر كار لەسەر بە دامەزراوەیی كردنی هێزی پێشمەرگە، وەك تاكە هێزی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستاندا بكەین.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان

2/5/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com