نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكایەتی هەرێم ئامانجی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا و كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئاشكرادەكات.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپیەكی بۆ (نوچەنێت)نێردراوە،تێدا هاتوە”ئەمڕۆ شەممە 2ـی 5ـی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی سەردانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی بە یاوەری شاندێك لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ كەوت“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكوومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە لەبارەی شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی“.
سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەش ئاشكرادەكات كە”لەم سەردانەدا بەڕێزان مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و قوباد تالەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت یاوەری سەرۆك بارزانی دەبن“.