نوچەنێت.ههولێر:
نەوزاد ڕەسووڵ.دەڵێت،پەرۆشیەکی زۆری کورد بۆ سەردانەکەی (بارزانی) بۆ ئەمەریکا هەیە و چاوەڕوانی ئەنجامی باشیش دەکرێت.
(نەوزاد ڕەسووڵ) پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوە”سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا لەم كاتەدا زۆر گرینگە، بەر لەوەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و چالاكییەكانی سەردانەكەی (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریكا بزانین سەردانەكە بە گرینگ دەزانین و زۆر پێویستیشە لەم کاتەدا”.
وتیشی”ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتی ئەزموونێكی باشە و ئەو ئەزموونە لە ناوچەكە و عێراقیش سەركەوتوو بووە و ئەمەیش بە لای ئەمەریکاوە جێگەی بایەخە”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژە بەوەش دەكات”سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە لە پیادەكردنی دیموكراسی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی زلهێز، ئەو سیاسەتە سەركەوتوو بووە؛ خۆی سەردانی بارزانییش بۆ ئەمەریكا بەڵگەی ئەو سەركەوتنەیە”.
(نەوزاد ڕەسووڵ) دەشڵێت، پەرۆشییەكی زۆری كورد بۆ سەردانەكەی (بارزانی) هەیە و چاوەڕوانی ئەنجامی باش دەكرێت.