نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبیت لە هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ كوردستان و ئاستی یارمەتی و هاوكارییە مرۆییەكانیش زیاتر دەكات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ شەممە 2ـی 5ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێم پێشوازی لە ستیڤن هاربەر سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە جیسۆن كینی وەزیری بەرگری و كریستیان پارادیس وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و برونۆ ساكۆمانی باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی كەنەدا“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”دوای گەییشتنی شاندی میوان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و شاندی یاوەری ساز درا“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لەم كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردن و نیشتەجێبوون و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لەم كۆبوونەوەیەدا بارزانی بەناوی خۆی و گەلی كوردستان بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە. سەرۆك بارزانی هاوخەمیی خۆیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند بەهۆی گیانلەدەستدانی سەربازێكی كەنەدایی لە هەرێمی كوردستان“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان و پەلاماریان بۆ سەر كوردستان و قارەمانێتیی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی و ئازادی و ژیان و دژی مێژوو و شارستانیەت و ڕابردوو و ئاییندەی مرۆڤن، بۆیە ئەركی گشت لایەكە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە پێشمەرگە توانی بەرگری لە كوردستان و مرۆڤایەتی بكات و ئەفسانەی داعش بشكێنێت“.
لەبەرانبەریشدا”سەرۆك وەزیرانی كەنەدا سوپاسی هاوسۆزیی سەرۆك بارزانی كرد و ئەوەی باس كرد كە جیهان سەرسامە بە كوردستان چونكەكوردستان بەهێز و ئیرادەیەكی پتەو بەرگریی لەخۆی كرد و پێشمەرگەیش پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراست و تیرۆریستانیش هەڕەشەیەكی جیهانیین بۆ سەر گشت لایەك و ئەو سێ هۆكارە پاڵیان بە وڵاتەكەی نا كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بدات.سەرۆك وەزیرانی كەنەدا پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە قورسەی كە هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوە و یارمەتیدانی سەدان هەزار ئاوارەدا گێڕاویەتی و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبیت لە هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ كوردستان و ئاستی یارمەتی و هاوكارییە مرۆییەكانیش زیاتر دەكات“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و بەرزكردنی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان كردەوە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە چۆنییەتی یارمەتیدانی ئاوارەكان و پێداویستی و كێشە و گرفتەكانیان تاوتوێ كرا“.