نوچەنێت.ههولێر:
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت،پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی راستەوخۆ، وا دەكات هەرێمی كوردستان بناخەی دەوڵەتێكی بەهێز دابنێت،بەڵام شیعەكان دژی ئەو پڕۆژەیاسایەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،بە ماڵپەری فەرمی كوردستانی راگەیاندوە”پڕۆژەیاسایەك لەلایەن لیژنەی ئاساییش و بەرگریی كۆنگرێسی ئەمەریكاوە پێشكەش كراوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٦ـدا راستەوخۆ هێزی پێشمەرگە پڕچەك بكرێت، ئەمەیش سەرەتایەكە بە چاوی دەوڵەتەوە لە هەرێمی كوردستان”.
وتیشی”شیعەكان دژی ئەو پڕۆژەیاسایەن،لە كاتێكدا ئێران و خەڵكانی دیكە چەكیان بۆ عێراق ناردووە بە بێ ئەوەی بگاتە كورد و سوننە،كەچی هیچیان نەگوتووە و ناڕازی نەبوون،بەڵام شیعەكان دژن.بەپێی هەمان پڕۆژەیاساش كە شیعەكانی زۆر نیگەران كردووە، ئەگەر حكومەتی عێراق لە ماوەی سێ مانگدا هاوكارییەكانیان بۆ میلیشیا شیعەكان رانەگرێت، هەموو هاوكارییەكانیان بەسەر كورد و سوننەدا دابەش دەكەن”.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە”ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت، شەرعییەت بە هێزی پێشمەرگە دەدات بۆ ئەوەی پڕچەك بكرێن بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا و داوا لە هەر وڵاتێك بكەی ناتوانێ بڵێ بە بێ بەغدا چەك نادەم بە پێشمەرگە، ئەو كاتیش دەتوانرێت بناخەی دەوڵەتێكی بەهێز دابنرێت بەوەی كە سوپایەكی نیشتیمانیی بەهێز و پڕچەكت هەبێت، چونكە لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەتدا پێویستت بە سوپایەكی بەهێز هەیە، هەر بۆیەیش ئەوانەی دژن، لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەترسن”.