بۆچی عێراق درەنگوەخت وەڵامی پرۆژەكەی كۆنگرێسی دایەوە؟

0

نوچەنێت-شەرقولئەوسەت

 

پرۆژە یاسایەكی حیزبی كۆماریی ئەمریكا لە كۆنگریس داوا دەكات 25%ی هاریكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا راستەوخۆ بۆ كورد و سوننە بن و عێراقیش بەپێی رێنماییەكانی هاوپەیمانان یارمەتیی سەربازیی كورد و سوننە بدات. لە پرۆژەیاساكەی كۆنگرێسدا هاتووە كە ئەگەر عێراق پابەند نەبوو بە پشتیوانیی كورد و سوننە، ئەوا 60%ی پشكەكەی عێراق لە یارمەتییە سەربازیەكانی ئەمریكا بگێڕدرێتەوە و دابەش بكرێت بەسەر كورد و سوننەدا.

 

ئەم بڕیارە دەبوو هەر زوو وەڵامی توندی بەغدای بەدوا بهاتایە، بەڵام كاتێك بەغدا كەوتە هات و هاوار كە كار لەكار ترازابوو، پرۆژەكە دەنگی لەسەر دەدرا و عێراق بواری لۆبیكردنی بۆ نەماوبوەوە. ئەم وەڵامە بۆ وا دواكەوت؟ سەرچاوەیەكی پەرلەمانیی عێراقی نهێنییەكە بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رووندەكاتەوە.

 

دیارە وەڵامی بڕواپێكراو دەبێت لە پەرلەمانەوە بێت نەك هەر بەرپرسە لێدوانی خۆی بدات. كاتێك بەغدا ویستوویەتی پەرلەمان بە توندیی وەڵامی پرۆژەیاساكەی كۆنگرێس بداتەوە و لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهاتووە. لە لیژنەكەدا ناكۆكی درووستبووە لەلایەن شیعەكان لەلایەك و كورد و سوننە لەلایەكی تر.

 

شیعەكان داوایان كردووە دەقی بەیاننامەكە وەها دابڕێژرێ كە سەركۆنەی پرۆژەكە بكرێت چونكە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقە، بەڵام كورد و سوننە وتویانە دەبێت بەڵێن بدرێت كە بەغدا خۆی هەموو چەك و پێداویستییەكان بە كورد و سوننە بدات، وەك چۆن بە حەشدی شەعبی دەدات بۆیە پێویست بە هاریكاری ئەمریكا ناكات.

 

سوننە و كورد وتویانە ئەمریكا لە ناچاریدا ئەو پرۆژەیەی ئامادەكردووە، چونكە بەغدا داخوازیی كورد و سوننەكانی پێشێلكردووە.

 

ئەو ناكۆكییانەی نێوان فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان وای كردووە وەڵام لەكاتی خۆیدا نەدرێتەوە و دوابكەوێت و بكەوێتە كاتێك كە بوار نەمێنێت بۆ ئەوەی عێراق فشار لە كۆنگرێس و حكومەتی ئەمریكا بكات بڕگەكانی پرۆژەكە بگۆڕن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com