ئەحمەد كانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی: دهزگای پاراستن سهر به حیزبه و ئهو ئهركهی له ئەستۆی بهرپرسهكهیهتی، له ئهستۆی ههموو ئهندامانی مهكتهبی سیاسیشدایه
دیدار: رێبوار رەزا چوچانی
ئەحمەد كانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی (23)ی مەخموری پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخاتە سەر ئەو گرفتە سیاسییانەی كە رووبەڕووی حیزبەكەی بۆتەوە، بە بڕوای ئەو، خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان تۆڵە كردنەوەبوو لەپارتی، پێشیوایە ئەو تۆڵەیە پێشینەیەكی مێژینەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو.
رێبوار: هەست دەكرێت لەڕووداوەكاندا، تۆمەتەكان زیاتر روو لەپارتییە، بەبڕوای ئێوە بۆ كار لەسەر تۆمەتباركردنتان دەكرێت؟
ئەحمەد كانی: ئێمە پێمانوایە ئەو دارە بەردی تێدەگیرێت، كە بەرهەمی هەیە، داری بێبەر بەردی تێناگیرێت، لەڕووداوەكاندا تۆمەتەكان كە ئاراستەی پارتی دەكرێت، ئەوە دەلالەت لەكاریگەری پێگەی پارتییە لەكوردستان، بۆیە لەو رووەوە بەسروشتی دەزانین، كە تۆمەتەكان رووبەڕووی پارتی ببنەوە، رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتەكانیش بەو مانایە نییە، كە هەموویان راستن، یان هەموو تۆمەتەكان ناڕاستن، لەدنیا و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، حیزبێكی وەك پارتی كە تەمەنێكی زۆری هەیە لەخەبات، زۆر ئاساییە رووبەڕووی كێشە و گیروگرفت ببێتەوە، ئێستاش پارتی حیزبێكی سەرەكییە لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاساییە توشی كەموكوڕی ببێتەوە، بۆیە رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتەكان لەبەرانبەر پارتی بە شتێكی ئاسایی دەبینم.
رێبوار: بەڵام پارتی توانیویەتی مامەڵەیەكی واقیعییانە لەگەڵ رووداوەكانی 17ی شوبات و رووداوەكانی دوای ئەو رێكەوتە بكات؟
ئەحمەد كانی: من ناڵێم توانیویەتی، بەڵام پارتی هەوڵێكی زۆر دەدات، بۆئەوەی بەشێوەیەكی واقیعی رووبەڕووی تۆمەتەكان ببێتەوە، چونكە شێوازی رووداوەكان دوور بوو لەلایەنی شارستانی، جۆرێك تەهدیدی تێدا بوو بۆ سەر ژیانی خەڵك و بۆ سەر كاری سیاسی و حیزبایەتی، هەست دەكرا ئەوەی لەناو شەقام و خۆپیشاندانەكان بوو، رۆحیەتێكی ئینتیقامیان هەبوو، نەك رۆحییەتی رەخنەگرتن و دروستكردن و بیناكردن.
رێبوار: ئینتیقام لەچی؟
ئەحمەد كانی: ئنیتیقام لەخودی پارتی.
رێبوار: بۆ لەپارتی؟
ئەحمەد كانی: دەبێت لەوان بپرسیت بۆ؟.
رێبوار: بەڵام بەپێی خوێندنەوەی خۆتان بۆ لەپارتی؟
ئەحمەد كانی: بەرای من ئەگەر سەیری نوسینەكانی كاك نەوشیروان بكەیت، بەتایبەتی لەكتێبەكانی (لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) و (پەنجەكان یەكتری دەشكێنن)، بەوە نەوەستا كە بێتە سەر شۆڕشی ئەیلول و سەركردایەتیكردنی ئەو شۆڕشە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی بارزانی نەمر و دواتر شۆڕشی گوڵان، بەڵكو چووە سەر دەڤەری بارزانیش، دەیویست مێژووی تەریقەتی ئاینی ئەو ناوچەیەش بشێوێنێت، ئەگەر لەلایەنی شەخسیشەوە سەیری بكەین، كەواتە كاك نەوشیروان رق و كینەیەكی هەیە لەبەرانبەر خانەوادەی بارزانی.
رێبوار: بەڵام پێتوایە ئەم بارودۆخەی ئێستاش درێژكراوەی ئەو ململانێیانەی پێشوو بێت؟
ئەحمەد كانی: هیچ شك و گومانێكم نییە، كە بەشێكی زۆری ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، درێژكراوەی ئەوكاتەیە، چونكە لەدوای رێكەوتنی ساڵی 1970 باڵی مەكتەب سیاسی پارتی كە لەساڵانی 1964 ئینشیقاقیان كرد، لەگەڵ بارزانی نەمر و سەركردایەتی پارتی ئاشت بوونەوە و هەموویان هاتنەوە ناو شۆڕش، بەڵام تەنها كاك نەوشیروان نەهاتەوە ناو شۆڕش.
رێبوار: واتە تۆ پێتوایە بارودۆخی ئێستا درێژكراوەی هەمان ئینیشقاقەكەی ساڵی 1964 و 1966ن؟
ئەحمەد كانی: من دەڵێم بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی كە ئێستا زیندوو دەكرێنەوە، یان دەوروژێنرێن، درێژكراوەی ئەوكاتەن، بەتایبەتی لەلایەن كاك نەوشیروانەوە تا ئێستا ئەو كێشانە كۆتاییان نەهاتووە و ساف نەبوونەتەوە.
رێبوار: رایەك هەیە پێیوایە لێدوانە توندەكانی فازڵ میرانی لە رۆژی 17ی شوبات و رۆژانی دوای ئەویش، بەشێك بوون لەئیدامەدان بە توندتربوونی بارودۆخەكان، ئێوە راتان چییە لەو بارەیەوە؟
ئەحمەد كانی: ئێمە وەك پارتی و وەك كورد زۆرمان پێناخۆش بوو، ئەو خەڵكە شەهید بوون، راستە بارەگا پیرۆز نییە، بەڵام ئەوەی لەناو بارەگایە مرۆڤن، چۆن ئەوان دەڵێن خۆپیشاندەر پیرۆزن و نابێت دەستدرێژی بكرێتە سەریان، ئێمەش دەڵێین ئەوەی لەناو بارەگایە ئینسانە و نابێت دەستدرێژی بكرێتە سەریان، كەسیش نییە بڵێت ئەگەر هەڤاڵانی پارتی لەناو لقی چوار بێدەنگ بوونایە سەلامەت دەردەچوون، ئەوەی دەبینرێت هەست دەكرێت پیلانێك هەبووە لەدژی پارتی، چونكە ئەگەر سەركەوتوو بوونایە، پەلاماری بارەگاكانی یەكێتیشیان دەدا و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیان دەدا، ئەوكاتە هەوڵیان دەدا سلێمانی لەهەرێمی كوردستان جیا بكەنەوە، یاسای پارێزگاكانیشی بەسەردا بسەپێنن، لەدەستووری عێراقیش ئەو فیدراڵییەتەی كە ئاماژەی پێدراوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەویش بكەوێتە مەترسییەوە.
رێبوار: كێ فەرمانی تەقەكردنی داوە، چونكە هەندیكجار دەگوترێت ئەوەی كە فەرمانی تەقەكردنی داوە، لەسەرووی لقی چواریشەوە بووە، واتە لەئاستی باڵاتر بووە؟
ئەحمەد كانی: ئەوە زۆر دوورە لەڕاستی، من چەند جارێك بەرپرسی لقی چواریشم دیوە و قسەشمان كردووە، هەتا بەرپرسی لقی چواریش فەرمانی نەكردووە تەقە بكرێت، كە بەرپرسی یەكەمە لەناو بارەگاكەدا، من پێموایە رەد فیعلی پاسەوانەكان بووە، چونكە بەبەڵگەوە هەیە كە تەقە لەلقی چوار كراوە، ئەوەش رۆژانی داهاتوو لەلایەن دادگاوە یەكلایی دەكرێتەوە.
رێبوار: ئێستا پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی چۆنە، چونكە زۆرجار هەست دەكرێت بەهۆی وروژاندنی پرسی سەندنەوەی سەرۆكایەتی حكومەت لەیەكێتی، ساردی دەخاتە پەیوەندییەكانتان، یان زۆرجار كادیرەكانی ئێوە پێیانوایە بەهۆی رێكەوتنی ستراتیژییەوە زیان بەر حیزبەكەتان كەوتووە؟
ئەحمەد كانی: بە درێژایی مێژووی پارتی و یەكێتی تا ئێستا دوو شتی زۆر گرنگیان كردووەو بە رای من لەهەموو شتەكان گرنگتر بوون، كە لەبەرژەوەندی میللەت بووبێت، یەكەمیان دروستكردنی بەرەی كوردستانی لەخەباتی شاخ، دووەمیان ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەیە كە ئێستا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، بەڵام راستە هەندێك جار كە لەگەڵ كادیرەكانی خۆمان دەدوێین، پێیانوایە ئەو رێككەوتنە بە زیانی پارتی شكاوەتەوە، بە هەمان شێوەش لەناو یەكێتیش ئەو بیروبۆچوونەش هەیە، رەنگە لەناو سەركردایەتیشیان هەبێت، من ناتوانم ئێستا بڵێم ئاستی زیانەكە چەندە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، قازانجی زیاترە، زیانەكان لەڕووی تەكنیكییەوەن، چونكە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، زۆرینەی جەماوەری یەكێتی پشت ئەستوور بوون بەوەی كە حیزبەكەیان لەگەڵ پارتیدایە و لەهەڵبژاردن دەردەچێت، بۆیە دەنگیان بە گۆڕان دا، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بە نوێنەرەكانی خۆیان دا و دەنگەكانی گۆڕان كزی كرد، لەگەڵ ئەمانەشدا لەسەرمانە هەموومان پارێزگارییەكی باش لەڕێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان خۆمان و یەكێتی بكەین، بەڵام رەنگە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەر یەكەمان لیستی خۆی هەبێت و دوای هەڵبژاردن یەك بگرینەوە.
رێبوار: بەرنامەتان هەیە بۆ سەندنەوەی سەرۆكایەتی حكومەت لەیەكێتی؟
ئەحمەد كانی: ئێمە دەگەڕێینەوە سەر رێككەوتنی ستراتیژی نێوانمان، لەو رێككەوتنە لەسەرچی پێكهاتووین، وا دەكەین، بەڵام ئەویش قابیلی موناقەشەیە، چونكە تائێستا هیچ شتێكی فەرمی لەئارادا نییە، كە چەند مانگی تر سەرۆكایەتی حكومەت دەدرێتەوە بەپارتی، ئەوە بەپێی ئەو موناقەشانەیە كە لای پارتی و یەكێتی دەكرێت.
رێبوار: پەیوەندیتان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە، ئایا پەیوەندیتان پچڕاوە؟
ئەحمەد كانی: من ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان پچڕاوە، نەك هەر ئێمە یەكێتیش پەیوەندی لەگەڵ گۆڕان نەپچڕاوە، كە مەلا بەختیار و هێرۆخان سەردانی گۆڕانیان كرد، ئەوە خۆی لەخۆیدا هەبوونی پەیوەندییە، رەنگە بە هەمان شێوە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئەحزابی تریش هەبێت.
رێبوار: ئێوەش ئەو جۆرە پەیوەندییە نهێنییەتان هەیە؟
ئەحمەد كانی: رەنگە هەمان بێت، بەڵام ناوی پەیوەندی نهێنی نییە و بۆ گفتوگۆیە، لایەنی بەرانبەر داخوازی هەیە، خۆ دەبێت پەیوەندییەك هەبێت بۆ گەشتنی ئەو داخوازییە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە هیچییان لەسەر حسابی رێككەوتنی ستراتیژی و هیچی لەسەر حیزبەكانی تر نییە.
رێبوار: زۆرجار باس دەكرێت كە پارتی بۆ شێوەی رێكخستن و سیاسەتكردنی، دیدێكی ئەمنییانەی هەیە، بۆچی پارتی بەو دیدەوە كاری حیزبایەتی دەكات؟
ئەحمەد كانی: ئەگەر ئەو فكرەیە لەسەر پارتی هەبێت، غەدرێكی گەورەی لێ دەكرێت، وەك خۆیشم دژی هەموو جۆرە بیركردنەوەیەكی ئەمنیانەم.
رێبوار: بۆ چی دژیت، لەكاتێكدا باس لەوە دەكرێت كە حیزبەكەت ئەو بیركردنەوەیەی هەیە؟
ئەحمەد كانی: جگە لەپاراستنی ئارامی هەرێمی كوردستان كوردستان، كە بەپێویستی دەزانم، بەڵام ناكرێت مامەڵەیەكی ئەمنیانە بكەین لەگەڵ دەوروبەر، چونكە ئەو جۆرە مامەڵانە متمانە دروست ناكەن، كاری حیزبیش بەو شێوەیە ناكرێت، بۆیە ئەو شتانە هەڵبەستراون و راست نین، راستە ئێمە دەزگای پاراستنمان هەیە و دەزگایەكی تۆكمەیە، پڕە لەزانیاری، بەڵام لەبەرانبەر دوژمنانی كورد، نەك زانیاری لەناو حیزب، ئەوانیش شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەك، بۆئەوەی ئەم هێمنییە بپارێزن، بۆ نمونە ئێستا من لەمەخمورم، ئەگەر دەزگای پاراستن لەمەخمور بەهێز نەبێت، رەنگە مانگانە تەقینەوە روو بدات، چونكە لەمەخمور هەموو كادیرەكان هاوكاری دەزگای پاراستن دەكەن، بۆ ئاشكراكردنی هەر جموجوڵێكی تیرۆرستان و ناحەزان.
رێبوار: واتە هەموو كادیرەكانی پارتی لەمەخمور سەر بە پاراستنن؟
ئەحمەد كانی: نەخێر شتی وانییە، پاراستن سەر بە ئێمەیە، چونكە لەناو پارتیش پاراستن سەر بە حیزبە و حیزب سەر بەپاراستن نییە، بەرپرسی ئەو دەزگایەش ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، ئەو ئەركەی كە لەسەر شانییەتی، لەسەر شانی هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسییە، لەهەموو روویەكەوە شتێك نییە كە دەزگایەك كۆنتڕۆڵی ئەوانی كردبێت، بەشێوەیەكی تر، ئەگەر كادیرێكی پاراستن و كادیرێكی حیزب، كە هەردووكیان كادیری حیزبن، چونكە كادیرەكانی پاراستنیش كادیری حیزبن، ئەگەر ئیشی باشیان كرد دەستخۆشیان لێدەكەین، ئەگەر كادیرێكی پاراستن شتێكی خراپ بكات، سەركۆنەی دەكەین.
له گۆڤاری سڤیلهوه