نوچەنێت: هەولێر
دوای سێ كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی لیژنە دەستوورییەكەی هەرێم، تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنێتی درووستكردنی ئەو لیژنەیە رێكنەكەوتوون، گۆڕان و یەكێتی و دوو لایەنە ئیسلامییەكە، داوای كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەكەن، بەڵام پارتی ئەو داوایە رەت دەكاتەوە، هەموویشیان لەسەر ئەوە رێكەوتوون، كە هیچ لێدوانێك بۆ راگەیاندنەكان نەدەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە دەست نوچەنێت كەوتوون، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێكەوتی(28/4/2015)ی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان، كە تایبەت بوو بە چۆنێتی درووستكردنی لیژنە (21) كەسییەكە، نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ڕێككەوتنێك، تەنها شتێك كە هەموویان كۆك بوون لەسەری ئەوە بووە، كە لێدوان بە دەزگە ڕاگەیاندنەكان نەدەن.
لە كۆبوونەوەكەدا هەر دوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی، داوای ئەوەیان كردووە، هەموو لایەنەكان بەشداری ئەو لیژنە (21) كەسییە نەبن، بەڵام فراكسیۆنی پارتی ئەو داوایەی رەت كردووەتەوە، هەر یەكە لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیش، لەو بارەیەوە هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان نەداوە.
سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی كوردستان بە نوچەنێتی راگەیاند: “دوای ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەیناتوانی بگەنە رێككەوتن، داوای كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیان كرد، بەڵام فراكسیۆنی پارتی ئەو داوایەی رەت كردەوە، چونكە هەر لە سەرەتاوە فراكسیۆنی پارتی بانگەشەی ئەوەی كردووە، كە دەبێیت لەو لیژنە (21) كەسییەدا، هەموو فراكسیۆنەكان بەشدار بن، بەوانەیشەوە كە تەنها یەك كورسییان هەیە”.
بە گوێرەی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە: “لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ڕیككەوتنێك، تەنها ئەوە نەبێت كە لێدوان بۆ دەزگەكانی راگەیاندن نەدەن”.