نوچەنێت.رووداو:
حەیدەر شەشۆ،فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شنگال واز لە یەكێتی دەهێنێت و حیزبێكی تایبەت بە ئێزدییەكان دادەمەزرێنێت.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شنگال لە راگەیێندراوێكدا باس لە دامەزراندنی حیزبێك بەناوی ئێزدییەكان دەكات و لەبەشێكی هاتوو”ئێزدییەكان دووجار لە عێراق بێبەش بوون: جارێك لە بەغدا وەك هاونیشتمانی كوردستانی و جارێكی دیكەش لە كوردستان وەك هاووڵاتی عێراقی“.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە(رووداو)ی راگەیاندوە”ئەو راگەیێندراوە لە لای ئێمەوە دەرچووە و ئێمە ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی دامەزراندنی پارتییەكی سیاسی تایبەت بە ئێزدییەكان دەكەین”.
حەیدەر شەشۆ كە وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە و ئێستا لە ئەڵمانیایە،وتیشی”ئەم پارتییە بۆ هەموو ئێزدییەكان دەبێت، بەڵام بەپێی یاسای پارتە سیاسییەكان لە كوردستان و عێراق ناكرێت هەڵگری ناسنامەی وڵاتێكی دیكە ببێتە ئەندام لە پارتێكی عێراقدا، بۆیە ئەم پارتییە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت”.
شەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “دەرگای ئەم پارتە لە بەردەم هەموو كەسێكدا كراوەیە و لە كاتی راگەیاندنی كۆمیتەی ئامادەكاری، ئەو كەسانەش ناویان ئاشكرا دەكرێت”.
شەشۆ لەبارەی مانەوەی لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت “بەپێی یاسا بۆم نییە لە نێو پارتێكی دیكەدا كار بكەم، بەڵام دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پارتە نوێیەكە، ئەو بابەتەش چارەسەر دەبێت”.
سەبارەت بە ناوی پارتەكەش،وتی”تاوەكو ئێستا هیچ ناوێك بۆ پارتەكە دەستنیشان نەكراوە و ئەوەمان بۆ كۆنگرەی دامەزراندن بەجێهشتووە”.
حەیدەر شەشۆ لە رۆژی 5ی نیسانی 2015 لە لایەن ئاسایشی دهۆكەوە دەستگیركرا و دواتر لە 13ی نیسان بەبڕیاری دادگا ئازاد كرا. شەشۆ بەمەبەستی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ حیزبە نوێیەكەی سەردانی ئەڵمانیای كردووە و دەڵێت “دوو هەفتە لە ئەڵمانیا دەمێنمەوە و دەگەڕێمەوە كوردستان”.