سەلام گۆمەشینی: هیچ هیواو ئومێدێکمان بەو هەیکەل و پێکهاتە بێ ئامانج و ناوەرۆکە بەتاڵەی حزبی سۆسیالیست نەما بوو

0

سەلام گۆمەشینی ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سویدەوە بۆ سڤیل:

کاک محەمەدی حاجی محمود لەشکستەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان پشکی شێری بەر دەکەوێت

زیاترئیشوکارەکانی حزب بە کەسوکار و بنەماڵەی سکرتێر رادەسپێردرا کە زۆر جار بە تەنزەوە پێیان دەگوترا مەکتەبی سیاسی دووەم

هیچ هیواو ئومێدێکمان بەو هەیکەل و پێکهاتە بێ ئامانج و ناوەرۆکە بەتاڵەی حزبی سۆسیالیست نەما بوو کە بتوانین وەکو رێبازو ئایدیۆلۆژی لە چوارچیوەی ئەو حزبە درێژە بە خەبات بدەین

کاک محمەدی حاجی مەحمود چەند پێشمەرگەیەکی نارد و کاک نەوشیروان مستەفایان دەستگیر کرد لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا هەندێک لە پێشمەرگەکان رەفتاری باشیان نەبووە

رزگار رەزا چوچانی/ سوید

نوچەنێت/ گۆڤاری سڤیل

مامۆستا سەلام گۆمەشینی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشوی حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، لەم دیمانەی گۆڤاری سڤیلدا هۆکاری هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی بزوتنەوەی سۆسیالیست ئاشکرا دەکات و باسی کێشەکانی رابردوی ناو حزبەکەی و هۆکاری جیابونەوەی لەو حزبەو دواین کۆنگرەی حزبی سۆسیالیست دەکات.

سڤیل:سەلام گۆمەشینی کێیە، چۆن کوردستانت بەجێهێشت؟

سەلام گۆمەشینی: من لە سالی ١٩٤٩لە گوندی گۆمەشین، سەر بە قەزای کۆیەی پاریزگای هەولێر لە کوردستانی باشوور لە دایک بووم، لەخیزانێکی شۆرشگێرو نیشتمانپەروەر، باوکم ناوی ناوم( سەلام ) لەتەمەنی ٢دوو ساڵیدا مالمان دەچێتە هەولیر، لەتەمەنی ٦شەش ساڵیدا دەنێردرێمە قوتابخانەی خالیدیە لەهەولیر، تا پۆلی سێیەمی سەرەتایی لەهەولێر دەبم، بەهۆی وەزیفەی باوکمەوە ماڵمان دەچێتە کۆێی، لەوێ درێژە بە خویندن دەدەم، لە سالی ١٩٦٥جارێکیتر ماڵمان دەگەرێتەوە بۆ هەولێر، بەردەوام دەبم لە خوێندن و لە هەمان ساڵدا تێکەڵ بە سیاسەت دەبم، لەریزی پارتی دیموکراتی کوردستان/ باڵی مەکتەبی سیاسی و دەبم بە ئەندامی یەکیەتی قوتابیانی کوردستان، تاکو ساڵی ١٩٦٩لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی درێژە بە خوێندن دەدەم، بە هۆی بارودۆخی سیاسی هەڵوێست وەردەگرم و دەچمە ریزی پێشمەرگەی کوردستان، کە پێموابوو سەنگەری بەرگری لە گەلەکەمان لە شاخە و لە سنوری لقی ٢ ئیشوکارم پێ ئەدریت و ئەبم بە مامۆستای شۆرش، لێرەدا بە مامۆستا سەلام گۆمەشینی دەناسرێم، جگە لەوەش لە هەمان کاتیشدا ئیشوکاری تایپ و رۆنیۆوم دەکرد، لە لقی٢ ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سالی ١٩٧٠ دوای بەیانی ١١ ئازار دەست بە خویندن دەکەمەوە لە ئامادەیی شەوان لە هەولێر، لە پۆلی شەشەم تاکوتەواوی دەکەم لە لقی ٢ دەمینێمەوە و هەروەها بە فەرمانبەریش لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر بەشی ژمێریاری دادەمەزرێم، تاکو ساڵی ١٩٧٤شەر لە نیوان شۆرشی گەلەکەمان و رژێم فاشستی بەغدا دەست پێدەکاتەوەو جارێکیتر دەبمەوە بە پێشمەرگە و لە مەکتەبی رێکخستنی ناوەندی پارتی لە ناوپردان لە بەشی تایپ و رۆنیۆو ئەرشیف کارم پێ دەسپێردرێت، شەو و رۆژ لە ژێر رەحمەتی بۆمباباراندا کارەکانمان رادەپەراند، بەردەوامم بووم تاکو سالی ١٩٧٥ و شۆرشەکەمان هەرەسی هێنا، کە ئەمە رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو، بە ناچاری روومان لە ئێران کرد وئاوارە بووین بە ماڵ و مناڵەوە. خۆشەویستیم بۆکوردستان و نەتەوەوخاک و نیشتمان بەشیک بوو لە ژیانم، وا تێکەڵ ببوو لەگەل خوێن گۆشت و ئێسقانم، هەر گیز بۆم لێك جیا نەئەکرایەوە، بۆیە ناکرێ باس لەژیانم بکەم بەبێ ئەوەی باس لە خەبات و تێکوشان وئێشو ئازارەکانی گەل و نیشتمان و سیاسەت نەکەم. من لێرەدا لەسەر ٢٥ ساڵ بازدەدەم دەچمە سەر وەڵامی بەشەکەی تری پرسیارەکەتان.

لە سالی ١٩٩٩ لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بانگهێشت کرابووین وەک حزبی سۆسیالیست، کە ئەو کات منیش تێدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووم، لەگەڵ کاک محمدی حاجی محمود سکرتێری حزب و کاک محمد غفور ئەندامی مەکتەبی سیاسی، وەفدی سۆسیالیست بووین، هاتینە دەرەوە بۆ بەشداری کردنمان لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. دوای کۆنگرەکە من و کاک محمد غفور نەگەراینەوە بۆ کوردستان، کە پێش هاتنمان لە لایەن حزبەوە بریاری لێدرا بوو بۆ مانەوەمان.

من لە گەڵ مناڵەکانم کە دوو بەشن، هەندێکیان لە کوردستانن وهەندێکیشیان لە سویدن، بۆیە من هەم لە سوید و هەم لە کوردستانم، بەڵام زیاتری لە کوردستانم و ژیانیکی سادەش بەسەر دەبەم و کاتەکانم زیاتری بە هەواڵەکانی جیهان بە گشتی و کوردستان تایبەت و خویندنەوە بەسەر دەبەم.

سڤیل: بچینەوە سەرەتای کارەکانت کەی پەیوەندیت بە حزبی سۆسیالیستەوەکرد؟ و کەی وازت هێنا ؟ هۆکاری وازهێنانەکە چی بوو؟

سەلام گۆمەشینی: لەدوای هەرەسی شۆرشی ئەیلول ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووم لەگەڵ منالەکانم و لە ساڵی ١٩٧٦ بە سود وەرگرتن لە لێبوردنی گشتی گەراینەوە کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٧ سەرەتا پەیوەندیم کرد بە بزووتنەوەی سۆسیالیست، کە ئەو کات حزب نەبوو لە ساڵی ١٩٧٩ بوو بە حزبی سۆسیالییستی یەکگرتووی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨١ یش بوو بەحزبی سۆسیالیستی کوردستان، من ئەندام و کادیری پێشکەوتووی سۆسیالیست بووم و هەر لە سەرەتاوە رۆڵم تێدا بینیوە، وەکو لیپرسراوی ناوچە، ئەندامی مەکتەبی ئیدارە ودارایی، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەندامی لق، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی ناوەندی، لێپرسراوی لق، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن و لە دوایدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان. بە گشتی و تێکڕا و لە سەر یەك بە بێ دابران ٢٤ بیست و چوار ساڵ تاکو ساڵی ٢٠٠٠ کە تا ئێستاش درێژە بە هەمان بیروباوەرو ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەوسۆسیالیست دەدەم، چونکە ناکری مرۆڤ ئەو مێژووە پر لە خەبات فیداکاری و سەروەرییانەی بزووتنەوە وون بکات، کە دەریاییەک خوینی رۆلەکانی کردۆتە قوربانی لە پێناو بە دیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، کە بە شایەدی هەموو حزب و رێکخراوو هێزو جەماوەری کوردستان بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان داینەمۆی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ گەلەکەمان بووە.

هۆکاری وازهێنانم لە کاتی خۆی کە دەستم لەکار کێشاوەتەوە دیاری کردوە بۆیان کە بەکوردی و بەکورتی بیرو رای جیاوازمان هەبوو، نەمتوانی لەگەڵ ئەو بەرێزانە رێبکەم.

سڤیل: جیاوازییەکان چی بوو؟ چۆن سەرەتا تا کۆتا لەگەڵ سۆسیالست هاتن هەستتان بەو جیاوازیە نەکردو لەم کۆتایەدا هەستتان پێکرد؟، ئەوەی نەدەکرا قبوڵبکرێت لای بەڕێزت چی بوو؟

سەلام گۆمەشینی: من هیچ کێشەیەکم نەبوو لە قۆناغی خەباتی بزووتنەوە وحزبی سۆسیالیستی کوردستاندا، کیشەکان و جیاوازییەکان لێرەوە دەست پێدەکات، کە بریاری یەکگرتنیان دا لەگەڵ پاسۆک و پارتی گەل و دوا جار باڵێکی یەکگرتن لەگەڵ پارتی و باڵەکەی تری لەگەڵ یەکێتی، کە من هەر لەسەرەتاوە وەک کادیرێکی حزب، لەگەڵ مانەوەی سۆسیالیست و پاراستنی قەوارەکەی بووم و بەش بەحاڵی خۆم هەوڵێکی زۆرم دا لەگەڵ خوالێخۆش بوو کاک رەسوڵ مامەند سکرتێری حزب و ئەندامانی سەرکردایەتی، بۆیە من لەگەڵ هیچ لەو باڵانەدا نەرۆیشتم، چونکە من پێموابوو کە سۆسیالیست وەک حزبێکی دیموکراتی شۆرشگێر و هێڵی سێهەم و قوتابخانەیەکی نوێی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە و زەرورەتێکی مێژووییە، کە لە زروفێکی زاتی و مەوزوعی سەخت هاتوتە کایەوەو لەناو ئێشوئازارەکانی گەلەکەمان گەشەی کردوە. بۆیە من لێرەدا پێموایە کە کاک محمدی حاجی محمود، روڵی گەورەی هەبوو لە حەلکردن وشکستەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و پشکی شێری بەر دەکەوێت.

پاش ئەوەی کە کاک محمدی حاجی محمود، دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەر پرسی لقی سلیمانی و کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو ماوەیەدا هەندێ لە کادیرەکانی سوسیالیستی راسپاردبوو کە هەوڵی رێکخستنەوەی سۆسیالیست بدەن، بەڵام ناوی ئەو نەهێنن، ئێمەش بەناوی حزبی رزگاری خومان رێکخستبوەوە، بریار وابوو کە کۆنگرە بکەین ناوەکەی بکەینەوە سۆسیالیست.

کاک محمد حاجی محمود لە گەل کاک عبداللە ئاگرین، بە ناوی پارتی سەردانی بارەگای ئێمەیان کرد لە هەولێر، من و کاک رێکار پێشوازیمان لێیان کرد و باس لە پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان کرا.

پاش ماوەیەک کاکە حەمە دەست لە پارتی دەکێشیتەوەو سۆسیالیست رادەگەیەنی، داوای لە ئێمە کرد کە بمان بینێ وحەزدەکات ئێمەش بەشداری بکەین لە رێکخستنەوەی سۆسیالیست، کە لەوەدا لەگەڵ فکرەکەی ئێمە یەکی دەگرتەوە، من لەگەڵ بیروراو بۆچونەکانی کاکە حەمە ناکۆک بووم، بەڵام بۆ رێکخستنەوەی سۆسیالیست هاوڕا بووم کە وای بۆ دەچووم، کاکە حەمە دەیەوێت ئەو زیانەی کە لە سۆسیالیستی داوە قەرەبوی بکاتەوە، هەر چەندە هەر بە عەقلیەتی شاخ وهێزو چەک لەگەڵ بارودۆخەکە مامەڵە دەکرا و هاوکێشەی هێز رۆڵی دەبینی، پەنجا بە پەنجای یەکێتی و پارتی و لەدەست دانی سەرخان و ژێرخانی سۆسیالیست و بەبێ لایەنی زۆر سەخت و ئەستەم بوو، کە سۆسیالیست ببێتەوە ئەو حزبە کە بتوانی رۆڵی پێشووی ببینیت. لەگەڵ هەموو ئەو راستیانەو بیروراو جیاوازییەکانم، من رازی بووم لە سەر رێکخستنەوەی سۆسیالیست و بریاری بەشدار بوونم دا، بەو هیوایە کە کەسانی روناکبیرو بیردۆز و لێهاتوو دڵسۆز لە ناو ئەو حزبە جێبگرن و ئەو بارە کەوتووە راست بکەنەوەو حزب بە ئاراستەیەکی تەندروست بەرن، بەلام بەداخەوە هێندەی نەبرد، کە بارودوخەکە بەئاراستەی شەری ناوەخۆ رۆیشت، هەر چەندە سەرەتا سۆسیالیست رۆڵی ناوبژیوانی دەبینی، بەڵام لە دوا جاردا ئەویش بوو بە لایەنێکی شەرەکە، شەڕی ناوەخۆ کاریگەری کردە سەرئۆرگان و دەزگاکانی حزب و لە پەلوپۆی خستن و تەنها ناویان هەبوو، تاکرەوی باڵی بە سەر حزبدا کێشابوو، بودجەی حزب شەفاف نەبوو، کەسانی نامەسئول روڵی سەرکردایەتیان دەبینی و دەسەڵاتیان لە سەروی مەکتەبی سیاسی بوو، کە ئەویش لە لایەن سکرتیرەوە رێگەیان پێدراوبوو.

حزب ببووە حزبی شەخسی و بنەماڵە، بۆیە من پێموابوو کە روخسارو پرنسیبەکانی ئەو حزبە شێوێنرابوو، شتێک نەمابوەوە کە پێی بڵێن خەبات و بیروباوەرو سۆسیالیست، کە لە ئاست خزمەتکردنی کێشەی رەوای گەلەکەماندا بێت، تەنها ئەوەی کە دەیکەین خزمەتە بە بەرژەوەندی و دەوڵەمەند کردنی کۆمەڵێک خەڵک، لە سەر حسابی خەبات و تیکۆشانی کادیرو پێشمەرگە و شەهیدان و سەروەرییەکانی سۆسیالیست، بۆیە ئەوانە بۆ من قابیلی قبوڵ نەبوون و لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەی کە لە سەرەوە باسم کرد، بریارمدا کە لە ناو ئەو حزبە دەست لەکار بکێشمەوە.

سڤیل: کێ بوون ئەوانەی بە هۆی پشتیوانی سکرتێر، دەسەڵاتیان لە مەکتەبی سیاسی زیاتر بێت؟ هۆی چی بوو سکرتێر پشتیوانی دەکردن؟

سەلام گۆمەشینی : بێگومان کەسانێ بوون لە نزیک خودی سکرتێری حزب، کە پێکهاتبوون لە کەسوکاری و بنەماڵەکەی، زیاترئیشوکارەکانی حزب بە ئەوان رادەسپێردرا و ئەوان کارەکانیان جێبەجێ دەکرد، بەبێ ئەوەی دیسپلینی حزبی لە بەر چاو بگیردرێت و مەکتەبی سیاسی لە زۆری بێ ئاگا بوو، سکرتێر پشتیوانی و متمانەێ تەواوی دا بوو بە ئەوان، کە زۆر جار بە تەنزەوە پێیان دەگوترا مەکتەبی سیاسی دووەم، دوا جاریش سکرتێر ئەوانەی سەر خست بۆ سەرکردایەتی حزب، کە تاکو ئێستا ئەوانە لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو حزبەن.

سڤیل: وەکو فکرەی سۆسیالیست وا دەبینرێت سۆسیالیست و یەکێتی لە یەک نزیکترن، تا لە پارتی، تۆ لە ئەرزی واقعیدا تا چەند ئەم لێکنزیکیە دەبینی؟

سەلام گۆمەشینی: ئەو پرسیارە بەشیکی پێویست بەوە دەکات بگەرێینەوە بۆ رابردوو، سۆسیالیست لە دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٥و رووداو کارەساتەکانی دوای ئەوە، کە یەکەم حزب بووە رێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان مۆر کردوە و پەیوەندی دۆستانەی هەردوو حزب گەیشتە ئەو ئاستە کە لەگەڵ حزبی شیوعی و پاسۆک بەرەی (جود) ی لێبکەوێتەوە، لە کاتێکدا، کە سۆسیالیست بە تایبەت و بەرەی (جود) بەگشتی لە شەر دابوون لە گەڵ یەکیتی نیشتمانی کوردستان، هەرچەندە سۆسیالیست رێگەی گفتوگۆ و ئاشتی بە چارەسەری ناکۆکییەکان دەزانی و هەوڵی بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی نیشتمانی دەدا، بۆ ئەوەی کەهەموو لایەنەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان، لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوەو لولەی چەکەکانیان ئاراستەی دوژمنی سەرەکی بکەن، ئەوە ئامانجی سەرەکی سۆسیالیست بوو، کە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر لەساڵی ١٩٨٦لە تاران گەیشتنە رێکەوتن، دوای ئەوە چەندین کۆبونەوەی تری بە دوا داهات تا لە ئەنجامدا لە چوار چێوەی بەرەی کوردستانی هەموو لایەنەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان کۆکرانەوە، ئەوەش گڕوتێنێکی دایەوە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و ئەو بەرەیەش توانی رابەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بە گشتی بکات و بە تایبەت سەرکردایەتی راپەرینە مەزنەکەی جەماوەری گەلەکەمان لە بەهاری سالی١٩٩١، کە بووە هۆی لە ریشە دەرهێنانی رژێمی فاشستی بەعسی گۆربەگۆر و ئازاد کردنی بەشێکی زۆر لە شار و شاروچکەکانی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، کە دیسان سۆسیالیست رۆڵی بەر چاوی هەبووە، پەیوەندی دۆستانەی سۆسیالیست لە دوای دروست بوونی بەرەی کوردستانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەک وهاوتا بوو، تا ئەو کاتەی حزبی سۆسیالیست لەگەڵ پارتی گەل و پاسۆک لە پرۆسەیەکی یەکگرتندا حزبی یەکگرتن پێکدەهێنن. دوای ئەوە حزبی یەکگرتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدەگرن، بەڵام سکرتێری حزب خوالێخۆش بوو کاک رەسول مامەند و شێخ محەمەد شاکەلی، عادل موراد، عدنان موفتی و شیروان شیروەندی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کادیری سیاسی و عەسکەری لە حزبی یەکگرتن، دێنە دەرەوەو ناچن بۆ ناو کۆنگرەی پارتی و لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە رێکەوتنێکدا دەچنە ناو یەکیتییەوە.

دوای دابەش بوونەی سۆسیالیست بە سەر یەکیتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکشکانی سەرجەم جومگوکانی ئەو حزبە، کۆتایی بە پەیوەندییەکان دێت و حزبی سۆسیالیست حەل دەبیت، هەوڵ و کۆششێکی زۆر کرایەوە، لە لایەن ئەو کادر و ئەندام و پێشمەرگانەی کە نە چوو بوون بۆ ناو یەکیتی و پارتی، ودوای ئەوەش کاک محەمەدی حاجی محمود لە ناو پارتی هاتە دەرەوە و هەوڵ و کۆشش کرا، بۆ رێکخستنەوەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، بەڵام رێگەی پێ نەدرا لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە بەو ناوە بێتەوە سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٤ بە ناوی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دامەزرایەوە کە من خۆشم یەکێک بووم لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە، لێرەدا قۆناغێکی نوێی لە خەباتی ئەو حزبە دەست پێدەکاتەوە.

کەسەرەتا هەوڵ بۆ ئەوەدرا پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ یەکێتی و پارتی و هەموو حزب و لایەنەکانی تری رێک بخات، کە بە داخەوە شەری ناوەخۆی یەکێتی و پارتی هاتە کایەوە، سەرەتا لە قۆناغی شەری ناوەخۆدا سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان یەکیتی و پارتی بینی، لەگەڵ لایەنەکانی تر، وەکو حزبی شیوعی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و هتد… کەمن خۆم تێیدا نوێنەری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بووم. بەڵام دوا جار دوای٣١/ئابی/١٩٩٦سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بوو بە لایەنێکی شەڕەکەو چووە ناو ‌هاوپەیمانیەوە لەگەڵ یەکێتی کە پێک هاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتخوازان، پارتی پارێزگاران کوردستان، لێرەدا بە تەواوی پەیوەندی سۆسیالیست دیموکرات، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، دەپچرێت و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشدەخات. پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و هاوکیشەی هێز و هەڵوێستی سیاسی هاتبوونە ئاراوە و هیچ بنەمای فکری و ئایدیۆلۆژی لە خۆ نەگرتبوو، هەرچەندە لە رووی فیکرەوە سۆسیالیست دیموکرات بوون، بە ڵام من پیموایە، پەیوەندییەکانیان لە سەر ئەرزی واقعیدا لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانە، نەک فیکرو ئایدیۆلۆژی، بۆیە پەیوەندییەکانی ئەو حزبە قابیلی مەد و جەزر و جێ گۆرکێیە.

سڤیل: زیاتر لەسەر کێشەکانی رابردوو بوەستین، کێشەی نێوان نەوشیروان مستەفا و سۆسیالیست چۆن دروست بوو؟ چۆن بوو بیر لە دەستگیر کردنی ئەو کرایەوە؟ ئایا وەک دیلی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ کرا یان چۆن؟

سەلام گۆمەشینی: حزبی سۆسیالیستی کوردستان، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ شەخسی بەرێز کاک نەوشیروان مستەفا نەبووە، بەڵکو کێشەکان لە نێوان حزبی سۆسیالیستی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، کە لە ئەنجامی شەرو پێکدادانەکان لە نێوان هەردوولا هاتبوونە ئاراوە، لەناوچەکان سیاسەتی پاوان خوازی پیادە دەکرا، پێشمەرگەی سۆسیالیست چەک دەکرا و شەهید دەکرا، یان بەدیل دەگیران لە لایەن هێزەکانی یەکیتیەوە، سۆسیالیست بریاری بەرگری و رووبەروو بوونەوەی دابوو، لەگەڵ هێزەکانی یەکیەتی لەحالەتی شەڕدا بوون، هەرچەندە هەوڵ وکۆششی چارەسەری کێشەکانی دەدرا بە رێگەی ئاشتی، چەندین رێکەتن دەبوو و دیل ئەگۆردرایەوە و چەکەکانی یەکتر ئەدرایەوە، بەڵام هەر زوو ئەو رێکەوتنانە پێشێل دەکرایەوە، هەر جارەی لە ناوچەیەک سەری هەڵئەدایەوە، دەستگیرکردنی کاک نەوشیروان لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخ و شەڕە کورد کوژییە بووە و وا نەبووە، کە پێشوەخت نەخشەی بو دارێژرابێت و بیری لێ کرابیتەوە، هێزێکی سۆسیالیست بە لێپرسراوەتی کاک محەمەدی حاجی محمود، لە بناری ناوچەی شارەزوور دەبن، کە کاک نەوشیروان مستەفا لە گوندێکی ئەو ناوچەیە دەبێت و زانیارییان بۆ دەچێ کە کاک نەوشیروان لێرەیەو لەماڵێکە، کاک محمەدی حاجی مەحمود چەند پێشمەرگەیەک ئەنێرێت و کاک نەوشیروان مستەفا ئەهێنن کە هیچ ‌هێزێکی لەگەڵ نابێت و لە شەریش دەستگیر نەکراوە، لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا هەندێک لە پێشمەرگەکان رەفتاری باشیان نەبووە، تاکو دەگاتە لای شەهید تاهیری عەلی والی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی سۆسیالیست، شەهید تاهیرعەلی والی پێی ئەڵێ، کە تۆ میوانی لە لای ئێمە، وەکو دیلی جەنگیش مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە.

سڤیل / قادر رەشید لەکتێبەکەیدا دەڵێت، سۆسیالیست کاک نەوشیروانی بە ئامانەت داوەتە دەست برادەرانی حزبی شیوعی، ئەویش رەچاوی ئەو هەموو رێزەی ئێمەی نەکردووە، هەڵهاتووە، دوای هەڵهاتنی نەوشیروان مستەفا، لەنێوان شیوعی و سۆسیالیست چی گوزەرا وچی وترا؟

سەلام گۆمەشینی: کاک نەوشیروان مستەفا هەڵنەهاتووە، دوای ئەوەی کە ئەیبەن بۆ بارەگای سەرەکیان لە شاخی سورێن، شەهید تاهیری عەلی والی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک شێخ محەمەد شاکەلی و کاک قادر جەباری لەوێ ئەبن، شەهید تاهیری عەلی والی بە کاک نەوشیروان ئەڵی تاکو من لێرە بم، ژیانت پارێزراوە و تۆ میوانی لە لای ئێمە، لەوانەیە ئەو کات کەسانێکی دژ بە کاک نەوشیروان بووبن، کە حەزیان کردبێت کاک نەوشیروان بکوژن، بۆ ماوەیەک دەمینێتەوە، شەهید تاهیری عەلی والی لەگەڵ هاورێ ئەحمەد بانی خێڵانی (ئەبو سەرباز)ی حزبی شیوعی بۆ سەلامەتی و پاراستنی گیانی رێکدەکەون، کە کاک نەوشیروان تەسلیمی حزبی شیوعی بکەن و لە لای ئەوان بێت، دوای ئەوە بریار دەدەن کە کاک نەوشیروان ئازاد بکەن، حزبی شیوعی ئەو راستیە دەزانن، بەڵام لە بەر بارودۆخی ناوچەکەو ئێران و عێراق وا بڵاوی دەکەنەوە کە کاک نەوشیروان مستەفا هەڵاتووە. و ئیستا کاک نەوشیروان لە ژیان دایە و دەکری راستییەکان لە خۆی ببیسن.

سڤیل: مەبەستت چییە لەوەی شیوعی لەبەر بارودۆخی ناوچەکە وای بڵاوکردۆتەوە؟

سەلام گۆمەشینی: ئەوە دەکرێ لە حزبی شیوعی بپرسن، بۆ چی وا بڵاوکراوەتەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە لای ئەوانە. بەڵام من پێموایە بارودۆخی ناوچەکە و شەرێ ئێران وعێراق رۆڵی بووبێت لەو باسە، چونکە کاک نەوشیروان کەسیکی داواکراو بووە.

سڤیل / بەڵام قادر رەشید باسی ئەوەش دەکات، پەلاماردانی پشت ئاشان و ئاشقولکە و سەرکردایەتی سۆسیالیست لەوکاتەدا، هەوڵی تۆڵەکردنەوەی کاک نەوشیروان بووە، وتویەتی کە دەبیت کاک رەسوڵ مامەند دەستگیر بکات، وەک ئاماژە بۆ ئەوەی کە ئەوە لە بەرانبەر کاک نەوشیروان کراوە، ئێوە تا چەند ئاگاتان لەو پلانە بوو؟ چۆن بوو سەرکردایەتی ئێوە دەستگیر نەکران؟.

سەلام گۆمەشینی: شەری یەکێتی و سۆسیالیست هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر، هێزەکانی سۆسیالیست و (جود) لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر و خۆشناوەتی زاڵ تر دەبن لەسەر هێزەکانی یەکێتی، لەشەرەکانی نێوانیاندا هێزەکانی سۆسیالیست و جود دەتوانن هێزەکانی یەکیتی وەدەرنێن، و بەرەو ناوچەی خۆشناوەتی برۆن کە مەڵبەندی چواری یەکێتی لێ ئەبیت، مەڵبەندی چواری یەکێتی بکەنە ئامانجی پەلاماردان و هێزەکانی سۆسیالیست و جود لە دۆڵی بالیسان، کۆدەبنەوە لە رۆژی١٩٨٣/٤/٢٧ شەر دەست پێدەکات، دوای دوو رۆژ شەر کە کوژراو برینداری لە هەردوو لای لێ دەکەوێتەوە، هێزەکانی سۆسیالیست و(جود) دەتوانن، دەست بەسەر مەڵبەندی چواری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دابگرن، ئەوەش زەربەیەکی کوشندە بوو بۆ یەکێتی، یەکێتی خاڵی لاوازی سۆسیالیست و بەرەی جود دەدۆزێتەوە، کە ئەویش سەرکردایەتیەکەیانە کە هێزێکی کەمی لێ هەیە و زۆربەی کادیری ئیداری و راگەیاندنن و هێزەکانی سۆسیالیست و جود دوور دەبن لە سەرکردایەتی، یەکێتی ئەو فرسەتە دەقۆزێتەوە و قرناقاو پشت ئاشان وئاشقوڵکە دەکاتە ئامانج، بۆ پەلاماردان، بۆیە یەکێتی هێزەکانی خۆێ کۆدەکاتەوە و بە سەرکردایەتی و سەرپەرشتی کاک نەوشیروان مستەفا، لە شەوی ١٩٨٣/٤/٣٠ هێرش دەکەنە سەر سەرکردایەتی سۆسیالیست و حزبی شیوعی و بەرەی جود، دوای شەرێکی خوێناوی کە ژمارەیەکی زۆر کوژراو وبرینداری لێدەکەوێتەوە، سەرکردایەتی سۆسیالیست و جود بەرەو سنووری ئێران پاشەکشە دەکەن، کۆمەڵێکیش لە پێشمەرگەی سۆسیالیست و حزبی شیوعی و هاورێ کەریم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی بە دیل دەگیرێن. بۆیە من پێموا نیە کاک نەوشیروان مستەفا تەنها بەو مەبەستە پەلاماری سەرکردایەتی سۆسیالیستی دابیت، بۆ دەستگیر کردنی کاک رەسول مامەند، جونکە پەلامارەکە بۆ هەموو بەرەی جود بووە و پەیوەندی بە گرتنەکەی کاک نەوشیروانەوە نەبووە، خۆ ئەگەر ئەوە مەبەست بووایە، دەبوو پەلاماری حزبی شیوعی نەدەن.

سڤیل/ پێشتر سۆسیالیستیش لەگەڵ بەرەی جود بوو، یەکێتی ئەو بەرەی وەک بەرەی دژی خۆی دەبینی، پێشتریش پرسیارێکی لەو شیوەمان کرد، هۆی چی بوو دواتر سۆسیالیست نزیکتر لە یەکێتی دەبینرا؟.

سەلام گۆمەشینی: بەرەی جود هەڵوەشایەوە و لەشوێنی ئەو بەرەیە بەرەی کوردستانی جێگەی گرتەوە، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لایەنێکی سەرەکی ئەو بەرەیە بووە، پەیوەندییەکان لە نێوان لایەنەکانی ئەو بەرەیە، بە ‌هێزو تۆکمە بوون کە لایەنەکان هەموو بە یەکەوە توانیان سەرکردایەتی ئەوراپەرینە مەزنەی بەهاری سالی ١٩٩١ وئەو سەرکەوتنە گەورەیە بۆ گەلەکەمان تۆمار بکەن، نزیکی سۆسیالیست لە یەکیتی، زیاتری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سۆسیالیست لە کاتی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان باڵێکی ناو یەکیتی نیشتمانی کوردستان بووە، هەروەها بە یەکەوەش شۆرشی نوێی گەلەکەمانیان هەڵگیرساندوەتەوە، لە دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلولی سالی ١٩٧٥، کە لە ئەرزی واقعدا بە یەکەوە لە گۆرەپانی خەباتدا بوون، لە دژی رژیمی فاشستی بەعسی گۆڕبەگۆر.

سڤیل / لەسەر دەمی بەرێز رەسوڵ مەمەندو دکتۆر مەحمود و کاکە حەمە، کامیان سەردەمی زێرینی سۆسیالیست بوون وەکو حزب ؟ ئەکرێ شیکارێکی سەرکردایەتی هەر سێ سەرکردەکە بکەی؟

سەلام گۆمەشینی/ لە کۆنگرەی یەکەمی حزبی سۆسیالیستی کوردستان سەیدا سالح یوسفی، بە نهێنی بە سکرتێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەلبژێردرا، بەڵام بە داخەوە دوای ٤٠ چل رۆژ بەسەریدا تێنەپەری لە رۆژی ١٩٨١/٦/٢٥ لە لایەن رژێمی بەعسی گۆربەگۆرەوە شەهید دەکرێت و خوالێخۆشبوو کاک رەسوڵ مامەند جێگەی دەگرێتەوە وەکو سکرتێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان، لەسەردەمی ئەودا حزبی سۆسیالیستی کوردستان لە رووی رێکخستن و ئۆرگانیزمەکردنی دەزگاکانی گەشە و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی، هەر چەندە حزب دوچاری قەیران و شەڕو لەت بوون ببوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتی گەورە بە دەستدەهێنێ، لەوانە ئاشتەوای نیشتمانی وپێکهێنانی بەرەی کوردستانی کە حزبی سۆسیالیست رۆڵی بەرچاوی تێیدا بینی، هەروەها سۆسیالیست رۆڵی گەورەی بینی لە سەرکردایەتی کردنی راپەرینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ی گەلەکەمان، بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتیش رۆلی کارێگەری تێیدا بینی، بۆیە بەڕای من دەکرێ بڵێم کە سەردەمی کاک رەسول مەمەند سەردەمی زێرینی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بووە.

کاک دکتۆر مەحمود عوسمان، لە سەردەمی سکرتێریی کاک رەسول مەمەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە و رۆڵی هاوکارو دیاری بووە، لە بەشداری کردنی چالاکیەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان.

کاکە حەمەی حاجی مەحمود لە سالی ١٩٩٤ لە رێکخستنی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بووە بە سکرتێری ئەو حزبە، پێموایە کاکە حەمە نەیتوانیوە کادیر وئەندام و پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و جەماوەرەکەی لە ناو چوار چیوەی ئەو حزبە کۆبکاتەوەو سەرکردایەتیان بکات، بە پێچەوانەوە زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەستەدەستە لەکادیر، ئەندام، پێشمەرگە دێرینەکانی سۆسیالیست وجەماوەرەکەی رێزەکانی ئەو حزبەیان جێ هێشتووە.

سڤیل/ هۆکاری دوورکەوتنەوەی دکتۆر مەحمود عوسمان چی بوو؟ کێشەکانی سۆسیالیست خۆی؟ یان دۆخی کوردستان ؟ تا چەند راوێژ لەگەڵ ئێوە کرا بۆ دوور کەوتنەوەی؟

سەلام گۆمەشینی/ لە دوای حەل بوونی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، کاک دکتۆر مەحمود عوسمان، خۆی بریاری دوور کەوتنەوەی داوە، لەگەڵ هیچ لەباڵەکان نەچوو بۆ ناو پارتی و یەکێتی، وەک کەسایەتیەکی سیاسی و نیشتمان پەروەرو سەربەخۆ مایەوە، کە من پێموایە بەشێکی پەیوەست بووە بە کێشەکانی کۆنی ناو سۆسیالیست و بەشێکیش بە بارودۆخەکەو راوبۆچونی خۆیەوە، لە کاتی رێکخستنەوەی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، من ئاگادارم کە لە لایەن دەستەی دامەزراندن و کادیرانەوە داوای لێ کرا کە ببێ بە سکرتێری ئەو حزبە، بەڵام کاک دکتۆر مەحمود عوسمان خۆی قبوڵی نەکرد، من ئاگادار نیم لەوەی کە راوێژی لەگەڵ کەسانێک کردبێت و دوای ئەوە بریاری خۆی دابێت، ئێستاش هەروەکو خۆی ئەڵێ سەر بە هیچ حزبێک نیە و لە هەمان کاتیشدا لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان ئەندامی ئەنجومونی نیشتمانی عێراقە.

سڤیل/ حزبی سۆسیالیست بە هەر ناوێکەوە بێت توانی بە هەموو قۆناغەکاندا حزبەکە تێپەرێنن و تاکو ئەمرۆش بەردەوامی پێبدەن، ئەمە خاڵی جیاوازی ئەو سەرکردایەتیەی ئێستا نیە لە ئێوە کە دوور کەوتنەوە لەو حزبەو لەگەڵ بەردەوامی دان نەبوون بە حزبی سۆسیالیست؟

سەلام گۆمەشینی/ من پێموایە کە بارو دۆخی کوردستان و هاوکێشەی هیزەکان و شەری ناوەخۆ وتاکڕەوی ونەبوونی دیموکراتی و قۆرخ کردن، خراپ بە کارهێنانی حزب و لەدەست دانی پرنسیبەکانی ئەو حزبە، ئەوانە هەمووی هۆکاری ئەوەبوون کەدەستە دەستە لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و کادیر و ئەندامەکانی سۆسیالیست لەو حزبە دوورکەونەوە، و سۆسیالیست لەو نیوانەدا دەوری خۆی لە دەست بدات، لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە لاوازی ریکخستن و ئۆرگانەکانی کە نەیانتوانیوە ئەو حزبە بکەن بە حزبێکی تۆکمەو کارا، دەبوو ئەو حزبە ئێستا هێزی سێهەم بوایە لە کوردستاندا دوای ١٧حەڤدە ساڵ لە رێکخستنەوەو بە پێی خەبات و سەروەرییەکانی رابردوویەوە، هەروەها دەبوو خاوەنی هەزاران کادیر و ئەندام، لایەنگرو جەماوەری خۆی بایە، کە چی ئەمرو بە پێچەوانەوە تا دێت بچوک دەبێتەوە و ناو بە ناو زۆریک لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و کادیرو ئەندامەکانی لە دەست دەدات و لە جەماوەریش دوور دەکەوێتەوە، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کاتێ کە حزبێک پرنسیبەکانی خۆی لە دەست دەدات و مافی کادیرو ئەندامەکانی خۆی پێشێل دەکات و رێزیان لێ ناگرێت و دەستەیەکی سەپێنەرو زاڵ ئەو حزبە قۆرخ دەکات و کادیر وئەندامە دلسۆزەکانی دەکاتە کەفشی فیدا بۆ بەرژەوەندییەکانیان، بێ گومان ئەمە خاڵی زەق و جیاوازی بووە، سەرکردایەتی ئەو حزبە نەیتوانیوە باوەش بۆ کادیرو ئەندام ولایەنگرو جەماوەرە دڵسۆزەکەی بکاتەوە و رێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو خەڵکە بگرێ، بە پێچەوانەوە ئەوان سیاسەتی دژایەتی و دەرپەراندنی کادیرو ئەندام وپێشمەرگە دێرینەکانی سۆسیالیستیان کردە ئامانج، بەمەبەستی ئەوەی حزبەکە لە بەرژەوەندی سکرتێر و بنەماڵەکەی بێتەوە، هەتا وای لێ هات بە ناوی شەخسی ناوی ئەو حزبە بهێنن و بڵێن حزبەکەی فڵان.

سڤیل / لەم ماوە حزبی سۆسیالیست دیموکرات ، کۆنگرەی خۆی بەست، کۆنگرەی حزبی سۆسیالیست تا چەند دەبیتە هۆی زیندووترکردنی ئەوحزبە تاچەند ئەکرێ جێی هیوای ئەوانە بێ، کە لە سۆسیالیست بێ هیوا بون؟

سەلام گۆمەشینی / لە پێشدا پێویست بوو ئەوکۆنگرەیە بە شێوەیەکی تەندروست ببەسترابا و وەرچەرخانێك با بۆ رزگار کردنی ئەو حزبە لە قەیرانەکانی و لە توانایدابا کادیرو ئەندام، پێشمەرگە دێرینەکان و سۆسیالیستەکان لە ژێر چەترەکەی خۆی کۆکاتەوە کۆنگرەی راستەقینەی سۆسیالیستەکان با، کەچی ئەو کۆنگرەیەش هەر وەکو ئەوانەی پێشووتریان بووە، بۆیە من پێموایە نە ئەو کۆنگرەیەو نە کۆنگرەکانی داهاتووشیان بەو شێوازە، نابێتە مایەی هیوا بەخشین بۆ کادیرو ئەندام، سۆسیالیستەکان و جەماوەرەکەی، بە پێچەوانەوە بەرەو ئاراستەیەکی خراپ تر رۆیشتووە، من پێموایە و هیچ ئایندەیەکی گەش و زیندوو وهیوا بەخشی تێیدا بە دی ناکرێ، بۆ نمونە هەروەکو من بیستومە ئەڵێن زیاتر لە ( ٣٥٠ ) کەسیان لە شارەزوورەوە بە کۆستەر بردۆتە هەولێر لە بەرانبەر پارەیەک بۆ ناو کۆنگرە، کە مافی ئەوەیان نەبووە بەشدار بن لە کۆنگرە، ئەوەش تەنها بۆ مەبەستی دەنگدان بردویانن، بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بۆ ئەولیست و دەستەیەی مەبەست بووە کە خۆیان تێیدا باڵادەستن، جا چەواشە کردن و فێڵ کردن لە کادیر و ئەندامانی خۆیان دەبێ چ هیوایەکی زیندوو ببەخشێ بە کادیر و ئەندام و سۆسیالیستەکان، چۆن بەو شێوازە دەتوانن ئەو حزبە بگێرنەوە بۆ حزبێکی زیندوو و کاریگەر و هیوا بەخش بۆ کادیر و ئەندام و سۆسیالیستەکان، بۆیە من پێموایە ئەگەرکەسانێک تا ئەمرۆ بە هیوای ئەو کۆنگرەوە بوو بن، ئەوا ئەو هیوایەشیان بۆ نەماوەتەوە.

سڤیل / ئێستا سەرقاڵی رێکخستنی بزووتنەوەی سۆسیالیستن بۆ چی؟ لە بەر چی؟ بۆ هەوڵتان نەدا ئەوەی مەبەستتانە لە ناو خودی ئەو حزبە بیکەن؟.

سەلام گۆمەشینی/ بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان وهاتنەوەی بۆ کۆری خەبات و تیکۆشان بۆ راستکردنەوەی هەڵەو شکستەکانی رابردوویی و رزگار کردنی رێبازی سەیدا سالح یوسفی نەمر، وەک رێبازو ئایدیۆلۆژی، بەرز راگرتنی سەروەرییەکانی، پاراستنی بەها پیرۆزییەکانی شەهیدان، خەبات وفیداکاری پێشمەرگە و تێکۆشەرەکانیەتی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە درێژەدان و بەردەوام بوونمان لە خەباتدا، بۆ بەدیهینانی هەموو ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەمانە کە لە رابردوودا بە بەردەوامی خەباتمان بۆ کردوە، و لەئێستاشدا بزووتنەوە بە پرۆگرامێکی دیموکراتی پێشکەوتوو لە خەباتدا دەبیت، لە پێناو بەدەست هێنانی مافی چارەنووس بۆ گەلەکەمان، وە هەروەها تێدەکۆشێت بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی شارستانی دیموکراتی پێشکەوتوو کە تێیدا دیموکراتی و ئاشتی، ئازادی، مافی مرۆڤ، سەروەری یاسا، ئازادی بیرورا و بۆچون، ئازادی رۆژنامەگەری، داد پەروەری کۆمەلایەتی و یەکسانی ژن و پیاو لە ماف و ئەرکدا و ژیانێکی شایستە و بەختیار بۆ کۆمەڵگای کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ئێستا لە باوەشی جەماوەردا لە خەباتدایە. لە وەڵامی بەشەکەی تری ئەم پرسیارەتان، من وەڵامم داوەتەوە و روونم کردوتەوە کە هیچ هیواو ئومیدێکمان بەو هەیکەل و پێکهاتە بێ ئامانج و ناوەرۆکە بەتاڵە نەما بوو کە بتوانین وەکو رێبازو ئایدیۆلۆژی لە چوارچیوەی ئەو حزبە درێژە بە خەبات بدەین.

…………………..

 

 

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com