لەوای شەڕی داعشەوە، میدیای رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكییەكان بە تایبەتی فشارێكی زۆریان درووستكردووە تا ئەمریكا و هاوپەیمانان راستەوخۆ هاریكاریی پێشمەرگە و حكومەتی كوردستان بكەن لە شەڕی داعشدا، ئەمە نموونەیەكە لەو بابەتانە كە تێیجا بە گرنگییەوە بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی وەرگیراوە:
كورد پێویستیان بە هاریكاریی زیاتری ویلایەتە یەكگرتووەكانە
ترولی رۆبنز، لە رۆژنامەی دەیلی ئینكوایەرە
پەنجا یارد لە هوتێلەكەی منەوە، لە گەڕەكی مەسیحی نشینی عەینكاوە، ئوتوتمبیلێكی بۆمبڕێژكراو تەقییەوە. ئێستاش بۆنی دوكەڵ لە نیلیی كافێ دێت، كە تەقینەوەكەی تێدا روویدا، كە تێیدا دوو پیاو كوژران، كاتێك ل كافێ هاتبونە دەرەوە بۆ ئەوەی جگەرەیەك بكێشن.
بەڵام چەند دووكانێك لەولای ئەو قاوەخانەیەوە، قاوەخانە و خواردنگەی دیكە كراون و خەڵك بە ئاسوودەییەوە لە بەردەمیان دانیشتوون. لە راستیدا هەولێر لە شارە هەرە سەلامەتەكانی عێراقە، هەرچەند دوای دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامیی، ژمارەی بازگە و دیوارە ئەمنییەكان زۆرتربوونە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەلێت “بە سەرەنجدان لەو هەموو هەڕەشەیەی لەسەرمانە،لایەنی ئەمن و ئاساییشمان زۆر باشە”. دەبێ بڵێین كوردستان بە درێژایی 600 میل لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی رووبەڕووە و تەنیا 50 میل لە موسڵەوە دوورە، كە جیهادییەكان كردوویانەتە پایتەختی خەلافەتەكەیان.
پێشمەرگەی كورد پێشەوەچوونێكی جددییان لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیی بەدەستهێناوە، بەجۆرێك توانیویانە 90%ی ئەو ناوچانە كۆمترۆڵ بكەنەوە كە ساڵی پێشوو لێیان سەندرابوو، هەروەك چەند ناوچەیەكی دەرەوەی هەرێمەكەشیان كۆنترۆڵ كردووە.
رێبەرە كوردە رێزدارەكە دەشڵێت “ئێمە چەند ناوچەیەكی ستۆاتیژیمان كۆنترۆڵ كردووە، وەكوو بەنداوی موسڵ، چونكە سوپای عێراق ناتوانێ كۆنترۆڵی بكات”. نێچیرڤان بارزانی لەنێو بارەگا رازاوەكەیەوە پێیشی گوتین “دەوڵەتی ئیسلامیی ئێستا خراوەتە دۆخی بەرگرییەوە، هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەكگرتووەكان یارمەتییەكی بەرچای پێشكەش كردووین و لەو رووەوە ئێمە سوپاسگوزارین”.
سەختە تێبگەین بۆچی ئەو جەنگە یەكلاكەرەوەیەی كوردەكان وای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان نەكردووە كە راستەوخۆتر پشتیوانیی پێشمەرگە بكات. چونكە كاتێك دێتەسەر شكاندنی دەوڵەتی ئیسلامیی، كورد متمانەپێكراوترین یاریكەرن.
زۆر لەمەوبەر نەبوو، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشبینی كردبوو ئەم بەهارە سوپای عێراق پەلاماری موسڵ بدات. بەڵام وادەكە بەسەرچوو، ئەوەش رووینەدا. كەچی دوو هەفتە لەمەوبەر جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا وتەیەكی گەشبینانەی راگەیاند، بەوەی وەهای بینی تاوانەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی بووەتە هۆی یەكخستنی عێراقییەكان. نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو قسانەوە بە پێكەنینەوە دەڵێت “وام دەزانی باسی سویسرا دەكات، ئەوەی ئەو باسی دەكرد وڵاتێك بوو حەزم دەكرد سەرێكی لێبدەم”.
یەكێك لە كاریگەرییەكانی شەڕەكە ئەو لێشاوی ئاوارەیەیە كە درووستی كردووە، هەر لە شێخە دەوڵەمەندەكانی موسڵەوە هەتا كلدانە مەسیحییەكان و عەرەبە هەژارەكانی تكریت. بەوەی ژمارەیان دەگاتە 1،5 ملیۆن كەس، ئەو ئاوارانە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەكەیان بە راددەی 30% زیادكردووە. ئەوەی بارزانی بێزار كردووە بەغدا بەشدارییەكی ئەوتۆی نەكردووە لە پێدانی تێچووی دارایی ئەو ئاوارانە.
كە بە هەلیكۆپتەر بەسەر هەرێمەكەدا دەسووڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆری كەمپی ئاوارە دەبینی. ئەم ئاوارانە فشارێكی دارایی سەختیان خستۆتە سەر هەرێمەكە، بەتایبەت ئێستا كە نرخی نەوت دابەزیوە و بودجەش لە بەغداوە پچڕاوە. لەوەتەی دەوڵەتی ئیسلامیی دەستی بە هێرشەكانی كردووە، ئابووریی روو لەگەشەی كوردستان وەستاوە. خاكەكە پڕە لە باڵەخانەی تەواونەبوو.
پرسیارم كرد كە ئاخۆ سوپای عێراق ئامادەیی تێدایە بەم زووانە پەلاماری موسڵ بدات؟ نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا وتی “نەخێر..وای نابینم..هیچ پلانێكی جددی لەو جۆرە لە بەغداوە نابینم”.
لە راستیدا، گرتنەوەی موسڵ چەندە پێویستی سەركەوتنی سەربازیی هەیە، ئەوەندەش پێویستی بە سەركەوتنی سیاسییە. ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش خاوەن دانیشتووانێكی سوننە مەزهەبن، سوننەش ترس و گومانێكی زۆریان بەرامبەر حكومەتی شیعە بەسەردازاڵی بەغدا هەیە. هەتا ئەو سوننانە لە داعش هەڵنەگەڕێنەوە، سەخت دەبێ داعش لە ناوچەكانیان وەدەربنرێت، یان رێگا لە دووبارە گەڕانەوەی داعش بگیرێت. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “گەورەترین پرسیاری ئێمە ئەوەیە، رۆژی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە چی روودەدات”.
ترسی شیعەكان بەوە زیاتر بووە كە كوردی لێ دەچێت، بەهێزترینی هێزە شەڕكەرەكان لەدژی داعش بریتین لە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێرانن. لە شەڕی ئەم دواییەی كۆنترۆڵكردنەوەی تكریتدا، ئەو میلیشیا شیعانە ماڵی سوننەكانیان سوتاند و تاڵانیان كردن.
هێشتا سوپای نیزانیی عێراق ئامادەیی شەڕی داعشی تێدا نابینرێت. حكومەتی بەغداش نایەوێت وەك پێویست چەك بەو خێڵە سوننییانە بدات كە دەیانەوێت لەدژی دەوڵەتی ئیسلامیی بجەنگێن. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت دەبێت بەغدا رێگە بە سوننەكان بدات ناوچەی خۆڕێبەری خۆیان هەبێت، ئەوەش وایان لێدەكات زیاتر ئارەزووی مامەڵەكرد نلەگەڵ بەغدایان هەبێت. بەڵام ئەوە خواستێكی دوورمەودایە و پێمان ناڵێت گێ دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ وەدەردەنێ.
نێچیرڤان بارانی دەلێت “ئەگەر كێشەكە تەنیا سەربازیی بێت، پێشمەرگە دەتوانێت موسڵ كۆنترۆڵ بكات”. بەڵام وەك ئەو دەڵێت ئەگەر پێشمەرگە شارێكی عەرەبیی وەك موسڵ بگرێت، ئەوە گرفت درووستدەكات لەنێوان عەرەبە نەتەوە پەرستەكان و كوردەكاندا، ئەوەش شتێك نییە كورد حەزی لێبكات.
جەنگاوەرانی كورد دەبێت سنوورێك 600 میلی كۆنترۆڵ بكەن. ئەوان تاكە هێزی گەورەی متمانەپێكراون بۆ بەرپرچدانەوەی داعش، ئەمەش وادەكات سەخت بێت لەوە تێبگەین كە ئاخۆ بۆچی واشنتن وەك پێویست بە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان نازانێ.
واشنتن سوورە لەسەرئەوەی هاریكارییەكان بۆ پێشمەرگ لە رێگەی بەغداوە بن. ئەوەی لە رێگەی بەغداوە دەگات، یان درەنگ دەگات، یاخود هەر ناگات، یان بەشی پێویستی لێ ناگات. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “ئەوەی ئێمە لە بەرەكانی شەڕ دەیكەین، وەك پێویست لێی تێناگەن و پێی نازانن”، بارزانی دەشڵێت “ئێمە لە بەرەوەی پێشەوەی شەڕین لە بەرامبەر خراپترین رێكخراوی تیرۆریستیی كە كۆمەڵی نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبێتەوە. ئێمە 1300 شەهید و 5500 بریندارمان داوە”.
ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا دەیەوێـت دەوڵەتی ئیسلامی لە موسڵ وەدەرنرێ، دەبێت كۆشكی سپی راستوخۆ یارمەتییەكان بگەیەنێتە هەولێر، یان فشاری جددی لە بەغدا بكات كە هاریكاریی پێویست بگەیەنێتە هەولێر. حیكمەت چییە لە سزادانی هێزێك كە باشترین تۆماری هەیە لە بەرپەرچدانەوەی داعش و پاشەكشەپێكردنیان؟