نوچەنێت.هه‌ولێر:
جێگر و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەساڵیادی بۆردومان و راپەرینی شاری قەڵادزێی دا هەر یەكەیان بەجیا پەیامێك بڵاودەكاتەوەو چەند بەڵێنێكیش بە هاوڵاتیانی ئەو شارە دەدەن.
د.یوسف محە‌مەد سادق،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،لەبەشێكی پەیامەكەیدا بەو بۆنەیەوە دەوڵێت”ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا یادی کاره‌سات و ڕاپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ ده‌که‌ینه‌وه که هه‌رێمه‌که‌مان توشی شه‌ڕێکی نه‌خوازراو بۆته‌وه لەگەڵ گروپی تیرۆرستی داعش و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانمان له‌گه‌ل هێزه‌کانی ناوخۆدا قارەمانانە بەرگری لە نیشتمانەکەمان دەکەن، لەم داستانەشدا دیسانەوە خەڵکی ناوچه‌که‌ی ئێوه له پێشه‌نگی قوربانیدان و بەرگریدایە. زۆریی شه‌هید و برینداره‌کان زۆری پێشمه‌رگه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا، به‌ڵگه‌ی بەڵگە نەویستە بۆ دڵسۆزیتان بۆ کوردستان. بۆیه په‌رله‌مانی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م هه‌موو فیداکاریانه‌ی لەبەرچاوەو بە هەموو توانیایەکەوە کاردەکات داوا ڕه‌واکانی ئێوه‌ی ئازیز جێبەجێ بکات و لای خۆشمانەوە چی له‌تواناماندایه درێغی ناکه‌ین بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە“.
لەلای خۆشییەوە د.جعفر ئمینکی،جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبەشێكی پەیامەكەیدا بەو بۆنیەوە دەڵێت”ئەم شارە خۆشەویستە شایستەی هەموو ئاوڕلێدانەوەیەکەو دەبێ لەهەموو ئاستەکان کار بۆ خزمەکردنی ئەو شارە خۆشەویستەو جێبەجێکردنی داواکانی بکەین“.
دەقی پەیامی سەرۆكی پەرلەمان:
پەیامی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یادی ٤١ ساڵەی بۆردومانی قەڵادزێ
ئه‌مڕۆ یادی چل و یه‌ک ساڵەی بۆردومانی شاری قه‌ڵادزێی خۆراگر دەکەینەوە، ئەو شارەی کە لە ميژووی گەلەکەماندا جێگەی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە لەو دەمەدا کە بەعسیەکان نەخشەی سڕینەوەی کوردیان دادەنا، قەڵادێ باوەشی گەرمی خۆی نەک هەر بۆ پێشمەرگە، بەڵکو بۆ ناوەندێکی گرنگی ئەکادیمی وەک زانکۆی سلێمانی کردبوەیەوە، بۆیە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هەمو تووڕەبوون و قینی خۆی بە سەر ئەم شارەو خەڵکە شۆڕشگێڕەکەیدا رشت.
خه‌ڵکی تێکۆشەری پشده‌ر لە ساڵی 1982 وه‌ڵامی ئەو بۆردوومانەیان به راپه‌ڕینێکی بێ وێنەدایه‌وه و سەلماندیان کە نە بۆردمان و نە زوڵم و زۆرەکانیان ناتوانێ ئیرادەی گەلی کورد تێک بشکێنێ. بەڵام ئەم رق و قینەی رژێمی بەعس تەنها لەو سنورەدا نەوەستا، بۆیە لە پەلامارە نەگریسەکانی ئەنفالدا درێژەی بەوسیاسەتەی خۆی دا‌و لە ساڵی 1989 بۆ چۆکپێدانی ئەم دەڤەرە هەستا بە خاپورکردنی هه‌موو پشده‌ر و راگواستنی خەڵکەکەی بۆ ئۆردوگا زۆره ملێکان. دیسانەوە ئەوەش نەیتوانی ئیراده‌ی به‌رزی خەڵکی ئه‌م ناوچەیە لاواز بکات و ده‌سته‌مۆیان بکات بەڵام سیاسەتی ڕاگواستن و ئۆردوگانشین کردنیش نەیتوانی وره‌ی به‌رزی خەڵک بڕوخێنێ و ئەم سایسەتە بوە هه‌وێنی ڕاپه‌ڕینێکی گه‌وره و لە ٥/ئازاری ١٩٩١ هەمو بەعس نەک هەر لە قەڵادزێ بەڵکو لە کوردستان وەدەر نرا.
به‌ڕێزان.. ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا یادی کاره‌سات و ڕاپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ ده‌که‌ینه‌وه که هه‌رێمه‌که‌مان توشی شه‌ڕێکی نه‌خوازراو بۆته‌وه لەگەڵ گروپی تیرۆرستی داعش و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانمان له‌گه‌ل هێزه‌کانی ناوخۆدا قارەمانانە بەرگری لە نیشتمانەکەمان دەکەن، لەم داستانەشدا دیسانەوە خەڵکی ناوچه‌که‌ی ئێوه له پێشه‌نگی قوربانیدان و بەرگریدایە. زۆریی شه‌هید و برینداره‌کان زۆری پێشمه‌رگه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا، به‌ڵگه‌ی بەڵگە نەویستە بۆ دڵسۆزیتان بۆ کوردستان. بۆیه په‌رله‌مانی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م هه‌موو فیداکاریانه‌ی لەبەرچاوەو بە هەموو توانیایەکەوە کاردەکات داوا ڕه‌واکانی ئێوه‌ی ئازیز جێبەجێ بکات و لای خۆشمانەوە چی له‌تواناماندایه درێغی ناکه‌ین بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه بوو لە هەفتەی رابردودا، بڕیارماندا به ناردنی شاندێکی فه‌رمی له نوێنه‌رانی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌تان له په‌رله‌مانی کوردستان بۆ به‌غدا، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچونی به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی (مه‌رزی کێلێ) بە هاوکاری ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدڕاڵ، که ئومێده‌وارین له‌داهاتویه‌کی نزیکدا مژده‌که‌ی به ئێوه‌ی به‌ڕێز ڕابگه‌ێنین به ئومێدی ئه‌وه‌ی ببێته هۆی بوژانه‌وه‌ی ناوچه‌که و دروستبوونی هه‌لی کاری زیاتر.
له‌کۆتایدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی کاره‌سات و ڕاپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ و شه‌هیدانی به‌رگری له‌نیشتمان داده‌نه‌وێنین و به‌ڵێنی پشتیوانی زیاتر و خزمه‌تی زیاتر بۆ ده‌ڤه‌ره‌که‌تان دوباره ده‌که‌ینه‌وه و هه‌ر شاد و سه‌رکه‌وتو بن.
د.یوسف محە‌مەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٤/٤/٢٠١٥
دەقی پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان:
پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەساڵیادی بۆردومان و راپەرینی شاری قەڵادزێی خۆڕاگردا
به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
ئەمرۆ چل و یەک ساڵ بەسەر دڕندەترین تاوانی نامرۆییانەی رژێمی دیكتاتۆر ی بەعس ی لەناوچوو تێپەڕدەبێ لەرۆژێکی وەک ئه‌مرۆ بوو له 24/4/1974 شاری قه‌ڵادزێ و زانکۆکەی ئامانجی تاوانی بەعسی پێکهێنا کە لەماوەیەکی کەمدا 163 هاووڵاتی شه‌هید بوون و 250 كه‌سیش بریندار بوو ده‌یان خانوو دوكانیش به‌سه‌ر یه‌كدا خاپوور و وێران كران.
ئەگەرچی ئەو کات رژێمی به‌عس ئه‌و تاوانه‌ی به شانازی و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ناو برد، بەڵام ئه‌و تاوانه په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش بوو لەمێژووی حوکمڕانی رژێمێک کەوا به‌م شێوه‌یه هاونیشتمانیانی خۆی له‌خه‌ڵكی سڤیل و بێ دیفاع به‌چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌رێگه‌ی چه‌ند فرۆكه‌یه‌كی جه‌نگی بۆمبهاوێژ ، بۆردومان كرد و زانکۆ‌و قوتابیان و خەڵکی سڤیل و بێ دیفاعی کردە ئامانج.
ئه‌م تاوانه به به‌رچاوی دونیا و دژی هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقی و مرۆییه‌كان ئه‌نجامدرا و پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا و رێكه‌وتنامه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بوو، كه به داخه‌وه له‌ئاستی ئه‌و تاوانه گه‌وره دا و به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ووڵاتانی دونیا بێ ده‌نگییان هه‌ڵبژارد و گوێیان بۆ داد و هاوار و فیغان و ناڵه‌ی گه‌لێك نه‌گرت. هه‌ر ئه‌و بۆردومان و بێ ده‌نگییه نێوده‌وڵه‌تیه سه‌ره‌تای رێگه خۆشكردن بوو بۆ هاندانی رژێمی له‌ناوچووی به‌عس كه به‌رنامه‌ی فراوانتر دابڕێژێ و كار بۆ قڕ كردنی گه‌لی كورد و كوردستان بكا و له‌نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی هه‌شتاكان دا گه‌یشته ترۆپكی كاری نامرۆییانه‌ی خۆی به ئه‌نجامدانی شاڵاوی دڕندانه‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی تری كوردستان .
جارێكی تریش شه‌هیدكردنه‌وه‌ی قه‌ڵادزه و ده‌ڤه‌ری پشده‌ر به خاپوركردنی شاره‌كه و گونده‌كانی و راگواستنی خه‌ڵكی شۆرشگێر و رزگاریخوازه‌كه‌ی بۆ ئۆردوگا زۆره ملێكان.
جێی خۆیه‌تی یادی ئه‌و مامۆستا و قوتابی و خوێندكارانه‌ی زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی تری عیراق به‌رز رابگرین كه ویستیان له‌ناو ریزه‌كانی شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلوول له‌و شاره دا درێژه به‌خوێندن بده‌ن و زانكۆیان له قه‌ڵادزێ ئاوه‌دان كرده‌وه، كه به‌داخه‌وه وه‌ڵامی رژێمی فاشیست بۆ دژایه‌تی كردنی زانست و مه‌عریفه‌ت ناپاڵم و ئاگر و ئاسن بوو، كه به‌شێكی قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته مامۆستا و قوتابیانی زانكۆ بوون.
هەر لەم رۆژەدا راپه‌رینی 24/4/1982 ی خەڵکی ئەو شارە بەرز و پیرۆز رادەگرین، سڵاو بۆ گیانی پاکی دایكه ئامینه و خوشكه سنه‌وبه‌ر دەنێرین کەوا جارێكی تر مێژووی شاره‌كه‌یان به خوێن نه‌خشاند خه‌ڵكی خۆراگری قه‌ڵادزێ دڕیان به شه‌وه‌زه‌نگی تاریكی به‌عسیه‌كان دا و ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریان هێنایه له‌رزه‌و راپه‌رین چه‌ند شاری تری كوردستانی گرته‌وه‌و شۆرشی گه‌لی كوردستان ئاوێته‌ی ئه‌و خه‌باته جه‌ماوه‌رییه بوو كه راپه‌رینی سه‌رتاسه‌ریی كوردستانی له‌به‌هاری ساڵی 1991 لێكه‌وته‌وه‌و سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستی داگیركه‌ران رزگار كرا و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی مێژوویی هێنایه كایه‌وه بۆیە ئەم شارە خۆشەویستە شایستەی هەموو ئاوڕلێدانەوەیەکەو دەبێ لەهەموو ئاستەکان کار بۆ خزمەکردنی ئەو شارە خۆشەویستەو جێبەجێکردنی داواکانی بکەین .
هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كاره‌ساتی بۆردومانی 24/4/ 1974 و راپه‌رینه‌كه‌ی 1982 ی قه‌ڵادزێ و گشت شه‌هیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان .
دکتۆر جعفر ئیبراهیم ئمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٤/٤/٢٠١٥