نوچەنێت.تایبەت
ئەمڕۆ پێنج شەممە خوێندكارانی خوێندنگای ئیسلامی پشدهر،بەبێ گوێدانه خراپی كەشوهەوا خۆپیشاندانێكیان سازكرد و پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارێکی حكومهتی کوردستان تایبەت بەگواستنهوهی خوێندنگاو پهیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف بۆ سهر وهزارهتی پهروهرده و خوێندنی باڵا دەربڕی.
لەوبارەیەوە ئاسۆ دارا، جێگری بەڕێوەبەری خوێندنگای ئیسلامی پشدهر، لەلێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت رایگەیاند”ئێمە وەكو هەموو مامۆستا ئەكادیمییەكان و بەنوێنەرایەتی هەموو خوێندكارانی خوێندنگاكەمان، ئەمرۆ گردبەنەوەیەكی هێمنانەمان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی پاڵپشتی خۆمان بۆ بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف دەرببڕین بۆ گواستنەوەی خوێندنگاو پهیمانگا ئیسلامیەكان بۆ سهر وهزارهتی پهروهرده و خوێندنی باڵا“.
پشتگیری ئەو مامۆستاو خێندکارانەی ئەو خوێندنگا ئاینیانە، لەکاتێکدایە، كە هەندێك كەس و لایەن دژی ئەم بڕیارەی حكومەت و وەزارەتی ئەوقاف ناڕەزایی دەردەبڕن،لەبارەی ناڕەزاییەکانیشەوە،جێگری بەڕێوەبەری خوێندنگای ئیسلامی پشدەر، بۆ نوچەنێت وتی”ئەوانە یەكەم لەهەڵە تێگەیشتنی خۆیانە، د,وەمیش ئەمانە كۆمەڵێك بەژەوەندی مادی و مەعنەویان هەیە دەكەوێتە مەترسیەوە، چونكە هەم مامۆستای خوێندنگا و پەیمانگاكان و هەم فەرمانبەرەكانیشیان ئەو بڕوانامانەی كە هەیانە باوەڕپێكراو نییە و جێگەی گومانە، بەگواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، دوبارە وردبینی دەكرێنەوە و گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە دژایەتی ئەو بڕیارە دەكەن“.
ئاسۆ دارا داوا لەحكومەتی کوردستانیش دەکات”بەهیچ شێوەیەك لەو بڕیارە، پاشگەزنەبێتەوە،چونکە بڕیارێكە بۆ بنبڕكردنی فكری توندڕەوی دراوە، بڕیارێكە بۆ داهاتوی قوتابییەكان دراوە، بۆ ئەوەی ئایندەیەكی گەشیان هەبێت“.
جەختیشی لەوە كردەوە”ئەگەر لێپێچینەوەو پەشیمان كردنەوە نەبێت، لەلایەن هەندێك كەس و مەلاوە، دڵنیام خوێندكارانی هەموو كوردستان ئەو بڕیارە پەسند دەكەن“.
جێی ئاماژەیە بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.