نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان دەڵێت، پێشنیاز کراوە پارتە سیاسییەکان، پەکەکە ئاگادار بکەنەوە چیتر دەست لە کاروباری ھەرێم وەرنەدات.
بەڵێن عەبدوڵا،ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی ڕاگەیاندوە”لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی کوردستان باسی شنگال و، لێدوانەکەی ئەم دواییەی (کاڵکان) کرا؛ بڕیارە پارتە سیاسییەکان پەکەکە ئاگادار بکەنەوە کە چیتر دەست وەرنەدەنە کاروباری ھەرێمی کوردستان، ڕەنگە ئەم ئاگادارکردنەوەیشە لە ڕێگەی لایەنێکی سیاسییەوە بکرێت.”
بەوتەی ئەو بەرپرسەی زەحمەتكێشان”سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش ئەو پێشنیارەی پێ باش بوو کە لایەنە سیاسییەکان خۆیان پەیوەندی بە پەکەکەوە بکەن و، هەر لایەنێک و، لە ئاست خۆیەوە ئاگاداریان بکاتەوە؛ خۆی پێشتر باس لەوە دەکرا کە حکوومەت ئەو کارە بکات”.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە”هەموو لایەنەکان وایان پێ باشە قسەیان لەگەڵدا بکەین و، تێیانبگەیێنین کە ڕازی نابین دەست لە کاروباری ھەرێمی کوردستان وەربدەن، ئاخر سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمانمان ھەیە”.
راشیگەیاند”ئەو جۆرە لێدوانانە جۆرە دەستوەردانێکە لە کاروباری ھەرێمدا؛ ئێمە حکوومەت و پەرلەمانمان ھەیە و، کەس هەقی نییە دەست لە کاروباری ھەرێم وەربدات”.