عه‌لی باپیر هۆشداری به ده‌سه‌ڵات ده‌دات
نوچه‌نێت
عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هۆشداری به لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی ئه‌نجامی نه‌بێت، ده‌بێت ده‌سه‌ڵات بارودۆخی سوریا و یه‌مه‌نی له پێش چاو بێت.
له لێدوانێكدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، “كه‌ش و هه‌واكه له ئێستادا ئارام بۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا پێویست به زه‌مینه‌سازی چاكتر هه‌یه و ئه‌و زه‌مینه سازیه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م به هه‌ردوو لایه‌نی فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمه‌كه ده‌كرێت”.
باپیر پێیوایه ئێستا جۆرێك له متمانه له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن په‌یدا بووه، وتی “له ئێستادا جۆریك له متمانه په‌یدا بووه له نێوان ئۆپزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا و ئه‌گه‌ر ئه‌و متمانه‌یه‌ش نه‌بوایه ئه‌وا كه‌س بڕوای به دانیشتن و كۆبونه‌وه نه‌ده‌بوو”، باپیر ، له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسیش له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی شه‌ممه به‌ره‌نجامی نه‌بوو ، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته قه‌یرانێكی قوڵه‌وه، وتیشی “خه‌یاڵ پڵاوی ئه‌وه‌بكه‌ن كه وه‌كو پێش 17 ی شوباتیان بۆ ده‌چێته سه‌ر، ئه‌گه‌ر واقیعبینیانه ته‌ماشا بكه‌ن، ده‌بێت ئه‌و واقیعه‌ی له‌یه‌مه‌ن‌و به‌حره‌ین‌و سوریا ده‌بینرێت بیهێننه به‌رچاوی خۆیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا”.