نوچەنێت.ههولێر:
هەمووارکردنەوەی رەشنووسی دەستوری هەرێم و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی لە پرۆژەی دەستور و گونجاندنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و ماددەو بڕگەکانی تری پرۆژەکە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی،ئەمانە رای فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییە.
ئەمڕۆ 19/4/2015 ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی كۆبویەوەو عادل موراد سکرتێری ئەنجومەن لە باسی دەستورو سەرۆکایەتی هەرێم تیشکی خستە سەر ئەوەی دەبێت دەستوری هەرێم هەمواربکرێتەوەو سازان بکرێت لەسەری و لەناو پەرلەمانەوە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی ئەنجومەن ئاماژەیان بەوەدا کە پشکی یەکێتی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستادا بەبەراود لەگەڵ قورسایی و پێگەو سەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر کەمەو داواکرا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەشێوەیەک کە وەزارەتێک لەجیاتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان دروستبکرێت بەناوی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە کە پارسەنگی سیاسی هەموو لایەنە بەشداربووەکانی حکومەتی هەرێمی تیادا رەچاوبکرێت.
دواترو لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا نوسراوی دواهەڵوێستی ئەنجومەنی ناوەندی خوێندرایەوە سەبارەت بە پرسی دەستورو سەرۆکایەتی هەرێم کە پێکهاتبوو لە سێ خال، وە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، رای ئەنجومەنی ناوەندی پەسەندکراو وە بەفەرمیش نێردراوە بۆ هەریەک لە جێگرانی سکرتێری گشتی و بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێ خاڵەکەش بریتیبوو لە:
١- هەموارکردنی رەشنووسی دەستوری هەرێم و سازان لەسەری.
٢- چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی تەواوەتی لەپرۆژەی دەستوری هەرێمدا.
٣- گونجاندنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ماددەو بڕگەکانی تری پرۆژەکە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی.