نوچەنێت.ههولێر:
بڕیارە رۆژی دووشەممە 20ی نیسانی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێکردنی پرسە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ سەرکردایەتی 5 حیزبە سیاسییەکەی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە(نوچەنێت)ی راگەیاند”ئێمە وەک بزووتنەوەی ئیسلامی هیچ قسەیەکمان لەگەڵ نەکراوە و بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراوین، چونکە تەنها کۆبوونەوەی ئەو پێنج حیزبەیە کە لە حکومەت بەشدارن”.
هەرچەندە حیزبی شیوعی بەشدار نییە لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بەڵام بابەعەلی جەباری، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند”ئێمەش وەک حیزبی شیوعی بانگهێشتکراوین بۆ کۆبوونەوەکە”.
سەبارەت بە ناوڕۆکی کۆبوونەوەکەش وتی”لە بانگهێشتنامەکەدا دیارینەکراوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر چی دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکرێت و سەرۆکی هەرێم سەفەرێکی لەپێشە کە پێدەچێت بیەوێت رای لایەنە سیاسییەکانیش وەربگرێت پێش ئەنجامدانی سەفەرەکەی”.