نوچەنێت.ههولێر:
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوەو بەوتەی جێگری سكرتێری ئەنجومەنەكەش یەكێك لەتەوەرەكانی كۆبوونەوەكە راگەیاندنی هەڵوێستیان دەبێت لەسەر هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستورو سیستمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە: ئەمڕۆ 19/4/2015 ئەنجومەنی ناوەندی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەشاری سلێمانی كۆبوونەوەی فراوانی مانگانەی خۆی ئەنجامدەدات و كۆبوونەوەكەش چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت.
وتیشی: لەو كۆبوونەوەیەدا هەڵوێستی ئەنجومەنی ناوەندی لەبارەی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان و سیستمی سەرۆكایەتی هەرێم رادەگەیەنین و پێشتریش هەڵوێستی خۆمان لەڕێی نامەكەوە داوەتە جێگرانی سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی كە بڕیار بەدەستن تا هەڵوێستی ئەنجومەنی ناوەندیان لەلا روون بێت.
زوبێر عوسمان راشیگەیاند:ئەنجومەنەكەمان هەڵوێستی ئەوەیە كە رەشنوسی دەستور بەسازان هەموار بكرێتەوەو چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی تەواوەتی لەناو پرۆژەی دەستوری هەرێمداو گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ماددەو بڕگەكانی تری پرۆژەكە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی.