سەرۆكایەتی هەرێم ئیدانەی تەقینەوەكەی شاری هەولێر دەكات

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی شاری هەولێر دەكات و دەڵێت، ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ شكستی تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان و فەشەلهێنانیانە لە بەرەكانی جەنگ.

تەقی راگەیەنراوەكە:

ئەمڕۆ هەینی 17ـی4ـی 2015 لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی لە شارۆچكەی عەینكاوەی هەولێری پایتەخەت ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ شكستی تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان و فەشەلهێنانیانە لە بەرەكانی جەنگ.

بۆیە تیرۆریستان ترسنۆكانە پەنا بۆ كردەوەی تیرۆریستی دەبەن و هەوڵ دەدەن ئاسوودەیی هاووڵاتیان بشێوێنن. وێڕای ئیدانەكردنی توندی ئەم كارە قێزەوەنەی تیرۆریستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی عەینكاوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.

لەوەیش دڵنیاین كە هێزەكانی ئاساییش لە زووترین كاتدا ئەنجامدەرانی ئەم كارە دڕندەیە بە سزای خۆیان دەگەیێنن و هاووڵاتییە سەربەرزەكانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس بە هەموو توانایەكیانەوە ئارامی و ئاسوودەیی وڵات دەپارێزین. با تیرۆریستانیش ئەوە باش بزانین كە ورەی پۆڵایینی هاووڵاتیانی كوردستان بەمجۆرە كردەوانە دانابەزێت و هەموولایەكمان سوورتر دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشمەرگە قارەمانەكانیش تۆڵەی خوێنی بە ناهەقڕژاوی هاووڵاتیان، لە بەرەكانی جەنگ دەكەنەوە.

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

17ـی 4ـی 2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com