مەترسیدارترین بازرگانیی لە عێراق سەری هەڵداوە

0

 

نوچەنێت- عەرەبی جەدید

محەمەد عەباس ، گەنجێكی عێراقیە ، لە نزیك یەكێك لە نەخۆشخانە حكومیەكانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی گورچیلە وەستابوو، ئەو كەسانەی راو دەكرد كە بە دوای گورچیلەدا دەگەڕان بۆ ڕزگار كردنی خۆیان یان كەسە نزیكەكانیان .ئەو هەژاری و قەیرانی داراییەی رووی لە عێراق كردوە وای لە هەندێك لە گەنجان كردوە خو بدەنە كڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ. نرخەكانیان بەپێی كڕیار و فرۆشیار دەگۆڕێت كە لە نێوان 25 بۆ 50 هەزار دۆلاردایە.

بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەوە بوەتە دیاردە، بەجۆرێك چەندین باندی مافیای تایبەتمەندی لەو بوارەدا پێگەیاندوە كە وەكو باندە رێكخراو و نهێنییەكان كار دەكەن. عەباس یەكێكە لەو گەنجانەی كە بازرگانی كڕین و فرۆشتنی گورچیلە دەكات، لە ناوچەی كەرادەی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، پەیامنێری “عەرەبی جەدید” چوە لای و بۆ ئەوەی سروشتی ئەم بازاڕە و چۆنیەتی كار كردنیان بزانێت بەمجۆرە دەست بە گفتوگۆ كۆا :” تۆ محەمەدی؟ بە زاراوەی عێراقی وەڵامی داینەوە ( بەڵێ‌ خاڵە) ، پێویستم بە گورچیلەیەكە لەبەر ئەوەی نەخۆشم و توشی ئازاری زۆر بووم، یەكێك لە هاوڕێكانم ناونیشانی تۆی پێداوم”.

محەمەد وەڵامی دایەوە :” خاڵە بەمجۆرە نابێن لەسەر شەقام، وەرە با لە قاوەخانەیەك پیاڵەیەك چا بخۆینەوە و دكتۆر حسین ئەلهیندی بتبینێت بۆ ئەوەی بڕیار بدات چی بكەین”.

لە قاوەخانەیەكی نزیك دانیشتین و پیاڵەیەك چامان خواردەوە ، دوای چەند ساتێكی كەم دكتۆر حسین ئەلهندی لامان ئامادە بوو، سڵاوی لە محەمەد عباسی دەڵاڵی گورچیلە كرد و ئەویش بە منی ناساند و پێی وت كە پێویستم بە كڕینی گورچیلە هەیە لەبەر ئەوەی توشی سستی گورچیلە هاتووم، بەڵام ئەلهندی قسەی زۆر نەدەكرد ، داوای لێكردین پشكنینەكانی تایبەت بە دۆخی نەخۆشییەكەم بهێنین بە مەبەستی دیاریكردنی كات بۆ بینینی پزیشكی تایبەتمەند، لێرەوە من و محەمەد چوینە جێگایەكی تر بۆ رێككەوتن لەسەر نرخەكە.

لە رێگادا محمەد وتی :” تۆ رۆژنامەنوسیت یان ئەفسەری پۆلیسیت، رواڵەتت لە كەسێكی نەخۆش ناچێت و زۆر ناچیتە وردەكاری شتەكانەوە وەك ئەو نەخۆشانەی هەموو جارێك دێنە لامان، ڕاستی بڵێ‌ پێش ئەوەی ئەم شەقامە بێنمە سەرت “.

لێرەدا جگە لە وتنی راستی كارێكی ترم لەدەست نەدەهات :” بەڵێ‌ من رۆژنامەنوسم، بەڵام بەڵێن بێت ناوت بە نهێنی دەهێڵمەوە و هیچی ترم ناوێت جگە لە زانینی راستیەكان ” دەڵاڵەكە كەمێك بێدەنگ بوو و پاشان بە دەنگێكی بەرز وتی :” برام هەر لە سەرەتاوە بتوتایە كە رۆژنامەنوسیت”.

لەكاتی رۆیشتنماندا بە شەقامەكەدا عەباس دەستی بە گێڕانەوەی ئەو زانیارانە كرد كە لای بوو ، جارجاریش بە گەرمی سڵاوی لە دوكاندارەكانی سەر شەقامەكە دەكرد و ئەوانیش بە هەمان گەرموگوڕی وەڵامیان دەدایەوە.

عەباس وتی :” بازرگانی گورچیلە قازانجی زۆرە و پارەیەكی زۆرمان دەستدەكەوێت ، من لە بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە بووم بە بازرگانی كڕین و فرۆشتنی گورچیلە، هەر نەخۆشێك دێتە لامان بۆ كڕینی گورچیلە ، لە نۆڕینگە تایبەتییەكەی خۆمان پشكنینە تایبەتیەكانی بۆ دەكەین بۆ دیاری كردنی جۆری ئەو گورچیلەی كە دەیەوێت لەگەڵ نرخەكەی”.

ئاماژەی بەوەدا كە نرخی گورچیلەیەك لە 5 هەزار دۆلارەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە زیاتر لە 25 هەزار دۆلار ، پرۆسەی گواستنەوەی گورچیلەش لە نەخۆشخانە تایبەتیەكانی بەغدا یان هەولێر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن ، ئەو كارانەی دەیانكەین دەبێت زۆر بە نهێنی ئەنجام بدرێن ، چونكە پۆلیس چاودێریمان دەكات و چەندین كەس لە بازرگانانی گورچیلە دەستگیر كراون. هەروەها ئەوەش دەڵێت كە ” پرۆسەی فرۆشتنی گورچیلە بە شێوازێكی راست و دوور لە فڕوفێڵ بەڕێوە دەچێت ، ئێمە لەسەر بنەمای شانۆگەرییەكەی هونەرمەندی میسری عادل ئیمام كار دەكەین كە دەڵێت ” شتی پاكم بدەرێ‌ منیش پاكت دەدەمێ‌” دوای ئەوەی كڕیار دەدۆزینەوە و نرخەكە دیاری دەكەین ، نەخۆشەكە دەبەینە نۆڕینگەی ئەو پزیشكەی كە نەشتەرگەرییەكە ئەنجام دەدات لە بەرامبەر 2500 دۆلار”.

لەلای خۆشیەوە عصام عەبدولستار كە گورچیلەی خۆی پێش ماوەیەك فرۆشتوە ، دەڵێت :” من دەرچووی زانكۆم و لە ساڵی 2009 ەوە بێكارم ، گورچیلەی خۆمم لە بەرامبەر 10 هەزار دۆلاردا فرۆشت، من ئێستا یەك گورچیلەم هەیە ، بەڵام تاكسییەكم كڕی بۆ ئەوەی بەسەر هەژاری روانینە بێنازەكانی دایكم و خوشك و براكانمدا زاڵ بم دوای مردنی باوكم لە شەپۆلەكانی تەندوتیژی تائیفیدا”.

عەبدولستار ئاماژە بەوە دەكات كە چەندین كەس دەستكورتی گەنجان دەقۆزنەوە و گورچیلەكانیان دەكڕن، هەموو جارێكیش پرۆسەی فرۆشتنەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام نادرێت ، زۆر جاریش فرۆشیارەكان دەكەونە داوی مافیاكانەوە و گورچیلەكەی دەفرۆشن بێئەوەی هیچ پارەیەكی بدەنێ‌.

لەلای خۆیەوە عەقید حەمید عەباس ، بەڕێوەبەری بەشی تاوانە رێكخراوەكان لە بەغدا دەڵێت وەزارەتی ناوخۆ لە سەرەتای ئەمساڵەوە توانیویەتی چوار باندی فرۆشتنی گورچیلە هەڵبوەشێننەوە، عەباس روونیدەكاتەوە و دەڵێت :” مافیاكان ناسنامەی كڕیار و فرۆشیارەكان ساختە دەكەن و پرۆسەی گواستنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەكانی بەغدا و هەولێر ئەنجام دەدەن بە بیانوی ئەوەی كە خۆبەخشن”.

هەروەها دەڵێت :” ئەم كارە بە تاوانی گەورە بەرامبەر كۆمەڵگە سەیر دەكرێت، ئەو دەڵاڵانەی كە كارئاسانی دەكەن لە نێوان كڕیار و فرۆشیارەكاندا زۆر باشترن بە بەراورد لەگەڵ ئەو مافیایانەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ دەدزن”.

لەبارەی رێگاكانی وەستاندنی ئەم كارەش وتی :” هۆكاری ئابووری گرەنتی نەهێشتنی ئەو كێشەیەیە بە تەواوی ، قەیرانی دارایی لای تاكی عێراقی وای لێكردوە گورچیلەی بفرۆشێت ، كەموكوڕی دەزگا تەندروستییەكانیش رێگەی بۆ كڕیارەكان خۆش كردوە بۆ كار كردن لەگەڵیان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com