سیڤەرباپیر : گومان
ئەمشەو گومانێک میوانی دڵمە و
پێم وابێ لێرە سەرخەو ئەشكێنێ ..
هێند بە ئازارە ، هێندە پڕ ژانە
بە هەموو ڕەنگێک ڕووی خۆی ئەنوێنێ ..
بۆیە من ئەمشەو
لە ئاوێنەدا سەیری خۆم ناکەم
چونکە دڵنیام
ئەویش ڕوخسارم لێ ئەشێوێنێ ..
ئەمشەو گومانێک لە لانەی دڵمە و
هەر ئەجریوێنێ ..
نە جێم ئەهێڵێ و
نە لەگەڵ خۆیدا ئەمباتە شوێنێ..
بۆیە من ئەمشەو
بۆ کام دەڤەری تەمەن بڕوانم
بە کامە ڕێگا بچمەوە دوێنێ ..