پارتی: قسەكانی دۆران کالکان تەنیا دەكرێت لە دەمی دوژمن و داگیركار بێتەدەر

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێت کە،(دۆران كالكان) لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و، زێدەڕۆیی كردووەتە سەر خەڵكی كوردستان. قسەكانی ئەم پیاوە ئەوەندە دوورن لە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندیی نەتەوەییه‌وه‌، تەنیا دەكرێت لە دەمی دوژمن و داگیركار بێتە دەر، نەك سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی.

دەقی لێدوانی گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتیی لەبارەی قسەكانی دۆران كالكان:

جەماوەری سەربەرزی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكان و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمییەكانی كوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان
لەكاتێكدا كە گەلی كوردستان لە باشوور بە ڕووی دڕەندەترین بوونەوەری مێژوو هاتەوە و تیرۆریستانی شكاند، لەوكاتەی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە باشوور هەنگاوی زۆر پڕبایەخی بە ئاراستەی بووژانەوە و پێشكەوتن و پتەوتربوونی دیموكراسی ناوە و، رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی جیهانی و ناوچەیی هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندندایە، لەكاتێكدا كە زیاتر لەهەر ساتەوەختێك گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، بۆئەوەی ئەم قۆناغە پڕلە هەڕەشە و تەحەدیاتەی لەبەردەممانە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین، بەداخەوە (دۆران كالكان) ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (مەد نوچە)، لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و، زێدەڕۆیی كردووەتە سەر خەڵكی كوردستان. قسەكانی ئەم پیاوە ئەوەندە دورن لە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندیی نەتەوەییه‌وه‌، تەنیا دەكرێت لە دەمی دوژمن و داگیركار بێتە دەر، نەك سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی. بۆچوونی لەم جۆرە لەبارەی كورد و كوردستان زۆر مەترسیدارن و پێویستە هەموو لایەكی لێ بێتە دەنگ و، رێگا لە زێدەڕۆیی لەم چەشنە بگیرێت.
یەكەم: كەسێك كە یەك وشەی كوردی نەزانێ‌ و دیاریش نەبێت سەر بە چ نەتەوەیەكە و بڕوایشی بە مافەكانی گەلی كوردستان نەبێ‌، بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات یان رێگا بە خۆی بدات دواڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردن بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێت و لەبارەیەوە بدوێت. (كالكان) كێیە و بۆ دەبێ‌ لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردی باشوور قسە بكات؟
دووەم: لەكاتێكدا دوژمنان و داگیركاران، كوردستانیان بەسەر چوارپارچە دابەش كردووە و گەلی ستمەمدیدەی كوردستان بووەتە قوربانیی دەیان پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی خۆی سەدان هەزار شەهیدی داوە و جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران كراوە، كەچی هێشتا دۆران (كالكان) ئاسوودە نییە و حەز بە دابەشبوونی زیاتری كوردستان دەكات و چاوی لە پارچە پارچەبوونی زیاتری گەلی كوردستانە. (كالكان) چۆن رێگا بەخۆی دەدات ئەوها بێباكانە تەپڵی دووبەرەكی لێ بدا و باسی سۆرانی و بادینی و ئێزدی بكا؟ ئایە هیچ دوژمن و داگیركارێك تائێستا رێگایان بەخۆ داوە ئەوها ئاشكرا و بێ‌شەرمانە باسی لەت لەتكردنی گەلی كورد بكەن؟
سێیەم: (كالكان) باسی دیكتاتۆریەت دەكات و تۆمەتی دیكتاتۆربوون بۆ باشوور و هەولێر و پارتی هەڵدەبەستێ. پرسیاریان لێ دەكەین لە كوردستاندا كێ‌ بەقەدەر حزبەكەی پەكەكە لە هزر و كرداردا شمولی و خۆسەپێنە؟ لەوشوێنەی پەكەكە باڵادەستە كوا ئازادی؟ كوا چالاكیی حزبەكان؟ كوا ئازادیی رادەربڕین و بوونی بەرامبەر؟ لەوشوێنانەی دەستیان بەسەرداگرتووە، كەی بواری ئەوەیان بە خەڵك و رای بەرامبەر داوە بوونیان هەبێت؟ كوا لەژێر دەستەڵاتی پەكەكە رەنگ و دەنگی جیاواز بواری ژیانی هەیە؟ كەسێك لێوانلێو بێت لە هزری توندڕۆیی و دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و تۆقاندن چۆنچۆنی باسی ئازادی دەكات؟
چوارەم: بوونی كەسێكی وەك ئەو، كێشە بووە بۆ خودی پەكەكەش. ئەو لە وەڵاتی ئەڵمانیا بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر و زیندانی كرا و دواتریش هات لە سووریا گیرسایەوە. هەر ئەو و هاوشێوەكانی ئەون وایانكردووە پەكەكە هەردەم تۆمەتی تیرۆرستبوونی بخرێتە پاڵ. ئەم تەرزەكەسانە بۆ خودی پەكەكەش مایەی سەرئێشە و كێشە بوونە.
پێنجەم: رشتنی فرمێسكی تیمساحانە بۆ خوشك و برایانی ئیزدی و خەڵكی شنگال هیچ چارەیەكی بۆ خەڵكی مەزڵومی ئەو دەڤەرە پێنابێت. تیرۆریستان شنگالیان جینۆساید كرد، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ یاری بە برینی كوردانی ئێزدییه‌وه‌ بكەن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە گیانفیدایی و خوێنی خۆی، بست بە بستی دەڤەری شنگالی رزگار كرد و كەسیش بەقەدەر پارتی بۆئەم دەڤەرە خوێنی نەبەخشی و، ئەوەیش بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت.

بۆ دواڕۆژی دەڤەری شنگالیش پارتیی دیموكراتی كوردستان رای خۆی ناسەپێنێت، بەڵكو بڕوای بەدەنگ و هەڵبژادەی خەڵكی ئەم دەڤەرە هەیە. پارتی بەترس و تۆقاندن و چەواشەكاری خۆی ناسەپێنێت و پێیوایە دەبێ‌ خەڵك ئازادبن و چارەنووسیان لە دەستی خۆیاندا بێت، نەك ئەوەی خەڵكێك بێن و بەزۆر هزر و سەلیقە و ئیدارەی نامۆ بەسەر خەڵكی برینداری شنگالدا بسەپێنن. خەڵكی شنگال ئازادیخوازە و رێگانادەن چواچێوە و زیندانێكیان بەسەردا بسەپێندرێت.
لە كۆتایدا ئەوە دەڵێین كە بۆچوون و قسەكانی (دۆران كالكان) پتر لە ئیرەیی و نەزانی و رقیەتی و، چاوی بە دیموكراسی و ئازادی و فرەلایەنی و پێكەوەژیان و پێشكەوتن و دەستكەوتەكانی باشووری كوردستان هەڵنایەت. ئەو و هاوبیر و هاوشێوەكانی تەنانەت یەك دەستكەوتیشیان بۆ باكوور بە دەست نەهێناوە و تەنیا كاریان تێكدانی یەكڕیزی و شێواندن بووە. با (كالكان) باش بزانێ، باشووری كوردستان پارووی ئەو و هاوشێوەكانی نییە و باشوور زۆر لەوە مەزنترە كە بیریشی لێ بكەنەوە. باشتریشە ئەو سنووری خۆی بزانێت و چیتر زێدەڕۆیی نەكات و، هیواداریشین كە ئەو بۆچوونە بیروڕای شەخسیی خۆی بێت و، ئێمەیش لەو بڕوایەدا نین لەناو پەكەكەدا خەڵكی تری وەك ئەو هەبێت كە ئەوها لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردستانەوە تاریك و رقاوی بیر بكاتەوە.
باشووری كوردستان حزب و لایەنی سیاسی و دامودەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی خۆی هەیە، پەكەكە چۆن رازی نییە نەك لایەنێكی هەرێمی كوردستان بەڵكو خەڵكیتریش لە باكووری كوردستان رۆڵی هەبێت، نابێ‌ رێگا بە خۆی بدات بە گوتە و كردەوە كێشە بۆ جەماوەری باشووری كوردستان دروست بكات.

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
16/4/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com