” موچه‌ی ئامر لیوایه‌ك دوو هه‌زار و چوار سه‌د دۆلار زیادی كردووه، به‌ڵام موچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك یه‌ك دۆلار و نیو زیادی كردووه”
نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای كرد، زیادكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه نا هاوسه‌نگی زۆری تێدایه، وتی “موچه‌ی ئامر لیوایه‌ك دوو هه‌زار و چوار سه‌د دۆلار زیادی كردووه، به‌ڵام موچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك یه‌ك دۆلار و نیو زیادی كردووه”.
كاروان ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ر به فراكسیۆنی گۆڕان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، كە نا هاوسه‌نگییه‌كی زۆر له زیاد كردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه، وتی “ئێمه چه‌ندجارێك داوامان كردووه كه موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وه‌ك موچه‌ی سه‌ربازه‌كانی عێراقی لێبێت، به‌ڵام ئه‌م مانگه واته مانگی نیسان یه‌كه‌م مانگه، لیسته‌كه‌م لایه، پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌سته‌زمان، 499 هه‌زار و كه‌سرێكی وه‌ر ده‌گرت، ئێستا بۆته 509 هه‌زار و كه‌سرێك، به دۆلار حسابم كردووه، كه مانگانه موچه‌كه‌ی بڕی دۆلار و نیوێكی بۆ زیاد كراوه، به‌ڵام ئامر لیوایه‌ك مانگانه 2 ملیۆن و 600 هه‌زار و 800 دیناری زیاد كردووه، واته به دۆلار ده‌كاته 2000 و 400 دۆلار، ئه‌مه جگه له موخه‌سساتی تر كه ئه‌و ئامر لیوایه وه‌ری ده‌گرێت، كه جیاوازی موچه‌ی ئامر لیوایه‌ك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، ده قاتی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌كه‌یه”.
سه‌باره‌ت به‌و نا هاوسه‌نگییه‌ش ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، فراكسیۆنه‌كه‌ی داوای لێپرسینه‌وه ده‌كات، وتی “داوامان له وه‌زیری دارایی كردووه، كه به زوترین كات لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه بكات له‌سه‌ر ئه‌و ناهاوسه‌نگییه، چونكه ئه‌و زیاد كردنه زۆر نا مه‌شروعه و پێویسته لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه بكرێت”.