نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆك كۆماری عێراق،دەڵێت كێشەكانی هەولێرو بەغدا مێژووییو دەستوورین و ئێستا بەغدا پێویستی سیاسیو ئابووریی بەكوردستانە.
سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر فواد مەعسوم لەدیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری «شار» باسی كێشەكانی هەولێرو بەغداو رۆڵی پێشمەرگە لەداعشدا دەكات و دەڵێت،حكومەتی ئیتیحادی پێویستی بەهەرێمی كوردستانە لەڕووی سیاسی، سەربازیی و ئابوورییەوە. لەهەمانكاتیشدا حكومەتی هەرێم لەهەمان رووەوە پێویستی بەبەغدا هەیە. لەڕووی سیاسییەوە دەبێ حكومەتی ئیتیحادی وا سەیر بكرێ كە حكومەتی سازانی بنكەفراوانی هەموو لایەنو پێكهاتەكانە، لەڕووی داراییو ئابووریشەوە بەغدا پێویستی بە كوردستانه، چونكە دوچاری قەیرانێكی گەورەی دارایی بۆتەوە بەهۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لەلایەكو لەكاركەوتنی هێڵەكانی گواستنەوەی نەوت بۆ توركیا، وێڕای پەككەوتنی بیره نەوتییەكانی كەركوك. لەڕووی سەربازییەوە، كوردستان شەڕێكی قورسی داعش دەكاتو رۆڵی پێشمەرگە زۆر كاریگەرو یەكلاییكەرەوەیە لەم شەڕەو كوردستانیش بۆ خۆی بنكەیەكی گرنگە بۆ هەر هێرشێكی پێشبینیكراو بۆ رزگاركردنی موسڵو تكریتو ناوچەكانی تر.
رونیشیكردەوە بەهەمانشێوە،كوردستان پێویستی بەبەغدایە لەڕووی ئابوورییەوە حكومەتی هەرێم پێویستی بە بودجەی بەغدا هەیە، بەتایبەتیش پێویستی بەو پارەیە هەیە كە ساڵانە لەبەغداوە بۆی دێت.
فوئاد مەعسوم راشیگەیاندوە:كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەست نین بەكارمەندانی بەغدا، وەك وەزیر یان پەرلەمانتار، بەڵكو كێشەكان مێژووییو دەستوورییو هەندێكیشیان سیاسین.
سەرۆك كۆمار ئەوەش دەڵێت: كشانەوەی كارمەندانی كورد لەبەغدا لەڕووی تاكتیكییەوە دەكرێ لەپەرلەمان دەستەبەر بكرێ،بەڵام كشانەوەی تێكڕایی سوودێكی ئەوتۆو بەرچاوی نابێو رەنگە تەنیا تۆماركردنی هەڵوێستێكی سیاسی دیاریكراوبێ.هەوڵدان بۆ دابینكردنی مافو بودجەو پێداویستییەكانی تری هەرێم لەبەغدا، مانەوەی وەزیرەكان لەئەنجوومەنی وەزیرانو پەرلەمانتاران لەناو پەرلەمان دەنگێكی گەورەو زوڵاڵتری راستەوخۆمان دەداتێ بۆ بەرگریكردن لەمافەكانی هەرێم، مانەوەی كارمەندانی كوردستان لەبەغدا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دەهێنرێو كاریگەرییان زیاتر دەبێ لەسەر بڕیارەكان، بەتایبەتی كە كورد پۆستی كاریگەریی بەدەستەوەیە لەحكومەتو لەپەرلەمان.