پارتی بەتوندی وەڵامی تۆمەتەكانی PKK دەداتەوە

0

نوچەنێت.رووداو:

پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دەستی بە هەڵمەتێك كردووە لەدژی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەڵێ پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرداری لە ئێزدییان دەكات،بەرپرسێكی پارتییش بۆ PKK : كوردانی ئێزدی دەزانن كێ خزمەتیان دەكات.

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا دووران كالكان ، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی PKK لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنەكەیاندا ، كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە دەڵێ ” ئیدارەی باشووری كوردستان زوڵم لە ئێزدیان دەكات . پارتی بەPKKیش دەڵێ دەست لە دیموكراسی هەڵگرن . بەڵام ئێمە قبوڵناكەین كەس زوڵم لە ئێزدیان بكات . ئەوەی ئێزدی لە كۆمەڵكوژیی رزگاركردن ، دیموكراسیی PKK بوو . هەموو دونیا ئەوە قبوڵدەكات ، بێزەحمەت ئێوەش قبوڵیبكەن”.

دووران كاڵكان، كە ناسراوە بە (عەباس) و كەسێكی غەیرە كوردی نێو سەركردایەتی PKKیە ، لە درێژەی قسەكانیدا لەوبارەوە دەپرسێت ” كێ شنگالی رزگاركرد؟ هەندێك هەستان و گوتیان گەریلا هێزی داگیركەرە . ئەوە شەرمە، ئایا ئەوە شەرم نییە؟ ئەگەر گەریلاش وەك پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بكردبا ، ئێستا شتێك لە شنگال بەناوی كوردەوە نەدەما”.

رەخنەی ئەوە لە بەرپرسان و میدیای PKK دەگیرێت كە هەمیشە كوردانی ئێزدی بەناوی “ئێزدی”یەوە ناودەهێنێت ، وەك هەوڵێك بۆ بەجیانیشاندانیان لە نەتەوەی كورد ، كە ئەوەش سیاسەتی ئەرمینیا و رژێمی سەدام و سووریا بووە لە رابردوودا.

ئەمڕۆ چوارشەممە میدیای PKK بڵاویكردەوە كە مونزر دێرسم ، ئەندامی تەڤگەری دیموكراسی ئێزدی TEVDA كە رێكخراوێكی سەر بە PKKیە ، لە رێوڕەسمێكدا بە بۆنەی جەژنی چوارشەممەی سووری كوردانی ئێزدی لە دێرسم ، بە تووندی رەخنەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان گرت و رایگەیاند كە “ئیدارەی پارتی دیموكراتی كوردستان ” لە 2003وە تاوەكو كاتی گیرانی شەنگال لەلایەن داعشەوە لە مانگی ئابی رابردوودا زوڵمی لە ئێزدیان كردووەو، لە لەبەرامبەر داعشدا ” بەرگرییان لە ئێزدیان نەكرد و بوونە بەشێك لە بكوژان”.

ئەو بەرپرسەی TEVDA دەڵێ پارتی دیموكراتی كوردستان ، رێگە لە دامەزراندنی كانتۆنی شەنگال دەگرێت و دان بە قوتابخانەكانی چیای شنگال دانانێت كە لەلایەن PKK كراونەتەوە. هەروەها دەڵێ ” پارتی دیموكراتی كوردستان YBŞ، YPJ-Şengal قبوڵ ناكات” ، كە ئەوانە دوو هێزی چەكدارن PKK بۆ كوردانی ئێزدی دەڤەری شنگال دروستیكردوون .

دوای گرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، بەخۆی سەرپەرشتیكردنی میحوەری شنگالی گرتە دەست و، بە پێی گوتەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی نزیكەی 100 پێشمەرگەی پارتی تەنیا لە شەڕەكانی بەرەی شنگالدا شەهیدبوونە.

سەربەست سندۆری ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند : “خەڵكی شنگال خۆی دەزانێت كێ خزمەتی كردوون، لە ساڵی 2003ەوە ئیدارەی پارتی لەو ناوچەیە خزمەتی خەڵك دەكات. دوای هاتنی چەكدارانی داعشیش، هێزەكانی پێشمەرگە كە زۆربەی هەرەزۆریان پێشمەرگەی پارتین، بەرگریان لەچیای شنگال كرد و ئێستاش بەرگری لەو ناوچەیە دەكەن “.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی : “خەڵكی ئەو ناوچەیە لەكاتی لێقەومانیش هەر هانایان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێنا و نەیانتوانی بەهۆی مامەڵەی خراپ و حیزبییانەی PKK لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستاندا بمێننەوە و، زۆربەی هەرەزۆریان لەو ناوچانە حەوێنراون كە پارتی ئیدارەی دەكات، پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەمپەكانیش ئیدارەیان دەكات و كار دەكات بۆ باشتركردنی گوزەرانیان”.

سەربەست سندۆری ، سەبارەت بە لێدوانەكانی دووران كالكان گوتی “با بچێت خۆی فێری كوردی بكات ئینجا بێت باسی شەنگال بكات، چونكە تائێستا زمانی كوردیش نازانێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com