نوچەنێت.ههولێر:
بەرهەم ساڵح دەڵێت،كاك مەسعود بارزانی جێگەو پێگەی دیارە لەمێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستان. هەڵوێستی بەڕێز بارزانی بەرز دەنرخێنم كە دژی (درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم)ە لەدەرەوەی یاسا
بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و سەرۆكی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكابینەی شەشەمدا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس لەبارەی درێژكردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، بەرهەم ساڵح دەڵێت: كاك مەسعود بارزانی جێگەو پێگەی دیارە لەمێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستان. هەڵوێستی بەڕێز بارزانی بەرز دەنرخێنم كە دژی (درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم)ە لەدەرەوەی یاسا. بڕوام وایە درێژكردنەوەیەكی ئاوا نە بۆ پێگەو ڕێزی ئەو دەشێ، نە بۆ بەرژوەندی كوردستانو یەكڕیزی گەل گونجاوە. نابێت كەسمان بەوە ڕازی بین دوور لەسازانو چوارچێوەی یاسا پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم بۆ ٤ ساڵی ئایندە یەكلایی بكرێتەوە.
لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرهەم ساڵح هۆشداری دەداتو جەختدەكاتەوە كە “ساڵانی رابووردوو، پڕ بەسەرهات بوون بۆ كوردستان. دەستكەوتی گەورە بەدیهاتوون لەچەسپاندنی پێگەكانی حوكمرانی كورد لەدەستوری نوێی عیراق، ناساندنی پێگەی كوردستان لەئاستی جیهانیو پاراستنی ئاسایشی كوردستان بەراورد بەناوچەكە، بەڵام چەندین كێشەش نەك بێ چارەسەر ماونەتەوە، بگرە تەشەنەشیان كردووە: دابەشبوونی حكومەتی كوردستان، بەحزبیكردنی كایەكانی سیاسی و ئابووری،خزم خزمێنە، دابەشبوونی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و هـەواڵگری، تارمایی بەردەوامی هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ، ئاماژەن بۆ كومەڵێ نەخۆشی مەترسیدار كە لەجەستەی حوكمڕانی كوردستانی داوەو فریای نەكەوین ئەوا هیوای مافو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان لەكوردستانیكی ئازاد دەكاتە مۆتەكەو نەهامەتی. بەكوردیو بەكورتی درێژەپیدانی وەزعی ئێستا هەم مەترسیدارەو هەمیش زیانبەخشەو بەردەوامكردنی كارەساتو نەهامەتی زیاترو زیاتری لێدەكەوێتەوە.
هەروەها ناوبراو رایدەگەیەنێت: سەرباری پێویستی یەكلاییكردنەوەی پرسی دەستوورو سیستەمی حوكمڕانی، پێویستە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتی هەرێم بەپشتیوانی راستەقینەی لایەنەكان بەبەرنامەیەكی هەمەلایەنە بێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانەو ئێستاو كۆتاییهێنان بەسەرچاوەكانی گلەیی خەڵكو كاركردنی ڕاستەقینەی دوور لەموزایەدە بۆ یەكخستنەوەی حوكمرانی كوردستانو هێزی پیشمەرگەو گێڕانەوەی ناوچە دابڕینراوەكانو زامنكردنی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لەرێی هەڵبژاردنی بیگەردو ئازادو ڕێزلێگراو.