نوچەنێت.ههولێر:
هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوادەکەن سەرۆکایەتی پەرلەمان لێکۆڵینەوە پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو بکەن، کە زانیاریی کۆبوونەوەکانی حکومەتی داوەتە کۆمپانیایەکی بواری نەوت، هەرچەندە خۆی ئەوە رەتدەکاتەوە.
هەفتەنامەی رووداو لەژمارەی نوێیدا (354) راپۆرتێکی سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیاریی کۆبوونەوەکانی حکومەت بە کۆمپانیای داناغاز بڵاوکردووەتەوەو بەگوێرەی چەند ئیمەیڵێكی كۆمپانیای دانا غاز كە لە سەرچاوەیەكەوە دەست (رووداو) كەوتوون، شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی كوردستان هاوئاهەنگیی گەرموگوڕی لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز هەبووە و زانیاری هەستیاری كۆبوونەوە تایبەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوە بەو كۆمپانیایە، كە لەكێشەیەكی یاساییدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: “ئەو بابەتە ئەوە دێنێت کە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆ بکات، ناکرێت ئەندامانی پەرلەمان بەبوونی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیانە لە چاودێریکردنی تەواوی دەزگا و دامەزراوەکان، بەڵام ئەمین نەبن و ئەو زانیاریانەی کە بەدەستیان بگات بەدەست خەڵکی دیکەی بگەیەنن”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی گوتی:” ئێمە بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین هەم لە ئاستی فراکسیۆنەکانی دیکە و هەم فراکسیۆنەکەی خۆیشمان و هەم لە لیژنەی کاروباری پەرلەمان، کە ئەویش لیژنەیەکی نوێیە دروست بووە کە چاودێری پەرلەمان و پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات”.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە لە هەفتەنامەی رووداو، شێرکۆ جەودەت لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی رووداو بەشدرایکرد بۆ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات. لەبارەی دزەپێکردنی نهێنی كۆبوونەوەكانی حكومەت ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو رایگەیاند “ئامادەم هەموو ئەو ئیمەیلانەی لە نێوان من و کۆمپانیای دانا غاز هەیە، بڵاویان بکەمەوە”.
هەر لەسەر ئەو بابەتە، رێواس فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) گوتی: “من راپۆرتەکەی هەفتەنامەی رووداو و بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆیشم بینیوە، بەڵام تاوەکو لەگەڵ دکتۆر شێرکۆ قسە نەکەین و روونکردنەوەمان پێنەدات ناتوانم هەڵوێستی لەسەر وەربگرم، چونکە حاڵەتێکی ناخۆشە نەک بۆ ئەو کە سەرۆکی لیژنەکەیە، بەڵکو بۆ ئێمەیش کە ئەندامین لەو لیژنەیەدا”.
رێواس فایەق بە ئاماژەدان بەوەی، ئەوەی کە کراوە ئەوان وەک لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ئاگاداری نین، نە لە پەیوەندییەکان نە لە ئیمەیڵەکان، گوتی:” دەبێت د. شێرکۆ جەودەت روونکردنەوەمان پێبدات لە کۆبوونەوەیەکی رەسمی و بۆمان روونبکاتەوە ئەم شتانە چییە، چونکە ئەوەی لە راگەیاندنەکان باسی دەکات جیاواز دەبێت لەو روونکردنەوەیەی بۆ لیژنەکە دەیدات، بزانین بەناوی پەرلەمانتار وایکردووە یان سەرۆکی لیژنە، کە ئەگەر وەک پەرلەمانتار بێت ئەوە پەرلەمان لێی بەرپرسیارە و ئەگەر هەڵەبێت مافی خۆیەتی لێپرسینەوەی پێویستی لەگەڵ بکرێت و ئەگەر هەڵەیش نەبێت ئەوا دەبێت رووداو داوای لێبوردنی لێبکات”.