نوچەنێت-رۆیتەرز
بەرپرسێكی گەورەی عێراقیی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە دوای چەندین جار دواخستن، هاوینی ئەمساڵ ئەو فڕۆكە ئێف 16 انە دەگەنە عێراق كە بڕیارە ئەمریكا بەو وڵاتەیان بفرۆشێت.
دركاندنی ئەو زانیارییە دوای ئەوە دێت بەمزووانە حەیدەر عەبادی دەگاتە واشنتن و لەگەڵ باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆدەبێتەوە.
بەرپرسە عێراقییەكە وتویەتی كاتی پێشبینیكراو بۆ گەیشتنی فڕۆكەكان بریتییە لە مانگی تەمموز و ئابی ئەمساڵ، بەڵام روونی نەكردۆتەوە ژمارەی فڕۆكەكان چەند دەبن.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش تا ئێستا لێدوانی نەداوە سەبارەت بە دروستی و نادروستی وتەكانی بەرپرسە باڵا عێراقییەكە.
عێراق پێشووتر داوای 36 فڕۆكەی جۆری ئێف 16ی لە ئەمریكا كردبوو كە لە لەلایەن كۆمپانیای لۆكهێدەوە درووستدەكرێن و نرخی هەر دانەیەكیان 65 ملیۆن دۆلارە.
ئێستا چەندین فڕۆكەوانی عێراقیی لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكی سەرگەرمی مەشق و راهێنانن بۆ فێربوونی بەكارهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكەیە.
عەبادی لەلایەكەوە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ و لەلایەكی دیكەشەوە بەنیازە بە بەهای ملیاران دۆلار داوای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی و چەك لە ئەمریكا بكات لە میانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئۆباما.
چاودێران پێیانوایە عەبادی داوا لە ئۆباما بكات رێگا بە عێراق بدات چەكەكان وەربگرێت و لە داهاتوو پارەكەیان بدات، چونكە ئێستا وڵات لە قەیرانی داراییدایە.