ڕۆژنامەی ئەهرام :میسر بە ئازاد کردنی ئۆجەلان بە مەرجەکانی تورکیا ڕازی دەبێت
نوچە.نێت:ئەهرامی میسری
ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری وەڵامی حکومەتی ئەو وڵاتەی بۆ مەرجەکانی ئەردۆغان ڕاگەیاند و تێیدا بە ڕوونی باسی کورد دەکات.
لە ژمارەی دوێنێیدا ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری وەڵامی حکومەتی مسری بۆ مەرجەکانی ئەردۆغان ڕاگەیاند،لە چەند ڕۆژی رابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕایگەیاندبوو تورکیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان و ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە.
ئەردۆگان لەسەر تێك چوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر ڕوونکردنەوە دەدات و بە مەرج ڕازییە لەگەڵ میسر پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە،ئەردۆغان دەڵێت ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای میسر کێشەمان هەیە نەوەک لەگەڵ گەلی میسر،بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی میسر بەخۆیاندا بچنەوە.
ئەردۆگان کۆمەڵێك مەرجی ڕاگەیاندووە کە وەك کارتی تورکیا بەکاری دەهێنێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر،لە گرنگترین مەرجی داواکراوی ئەردۆگان کە بە ناوی گەلی تورکیاوە ڕایگەیاندووە بریتییە لە ئازاد کردنی موحەمەد مورسی سەرۆکی لە کار لابراوی پێشووی میسر .
ئەمەش وای کرد هەر زوو میسر لە ڕێگەی ڕۆژنامەی ئەهرامەوە وەڵامی ئەردۆغانی بداتەوە و بەڵێنی جێبەجێ کردنی مەرجەکانی ئەردۆگانی دا بەوەی دەبێت تورکیاش هەرچی زووە عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکات،چونکە ئۆجەلان کەسایەتییەکی نیشتیمان پەروەر و ئازادیخوازە بۆ گەلەکەی و دەبێت تورکیا ڕێز لە گەلی کورد بگرێت ،گەلی کورد لە ڕابردوودا کەسایەتییەکی وەكو سەڵاحەدینی ئەیوبی تێدا لە دایك بووە کە توانیویەتی لە ڕابردوودا بەیتول مەقدەس و شاری قودس لە ژێر دەستی خاچپەرستەکان ڕزگار بکات،ئەمە لە کاتێکدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زاینی عوسمانییەکانی بە ئاسانی قودسیان تەسلیمی ئینگلیزەکان کردووە,بۆیە دەبێت بە ڕێزەوە لە هەڵوێستی کورد بڕوانرێت و سەرکردەکانیان لە زیندان ئازاد بکرێن.
