سیاسه‌ت به دیوێكی عه‌شائیریدا
رێبوار ره‌زا چوچانی
ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئاشنابوون به فه‌لسه‌فه و پرسیاره گوماناوییه‌كان به‌شێك بن له هه‌نگاو نان به‌ره‌و فه‌لسه‌فه، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر پرسیار كردن یه‌كه‌م هه‌نگاو بێت بۆ كه‌شف كردنی رووی نادیاری شته‌كان و هه‌وڵدان بێت بۆ تێگه‌شتن و روون بوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نا روونییانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌شتنه ساده‌كانی مرۆڤه‌وه‌ن، ئه‌وا مرۆڤ كاتێك بیر ده‌كاته‌وه یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌ست پێده‌كات، بۆ گه‌شتن به خودێكی راسته‌قینه، خودێك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وێنایانه‌ی ده‌وروبه‌ر پێیده‌به‌خشن، چونكه زۆرجار ئه‌و وێنایانه، به‌شێكن له‌و پرۆسه‌یه‌ی كه بۆ بچوك كردنه‌وه و بێسه‌نگ كردنی مرۆڤ ده‌چه‌رخێت.
پرسیار هه‌نگاونانه به‌ره‌و دنیایه‌ك مرۆڤ تێیدا بیرده‌كاته‌وه، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ش بوونی مرۆڤ له بوونێكی لاوه‌كییه‌وه، ده‌گۆڕێت بۆ بوونێكی كاریگه‌ر، كه توانای ده‌ستكاری كردنی دنیا و ده‌وروبه‌ر و زه‌مه‌نه چه‌قبه‌سنووه‌كانی هه‌یه، به‌ڵام له لای مرۆڤی كورد هه‌نگاونان بۆ دوور كه‌وتنه‌وه له بیركردنه‌وه و به قه‌ده‌غه سه‌یركردنی پرسیاره گوماناوییه‌كان، ره‌واجی خۆیان هه‌یه و ئه‌و رۆحه‌یان كوشتووه كه مرۆڤ به دوای وه‌ڵامی پرسیاره جددییه‌كاندا وێڵ بێت، روو كردنه پرسیاره‌كان به‌جۆرێك مرۆڤی كورد رووبه‌ڕووی ترس ده‌كاته‌وه، ئه‌سته‌مه بتوانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناخیدایه، پرسیار بكات و له مانا و جه‌وهه‌ری شته‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی تێبگات، كه ئه‌م هه‌نگاوه‌ش سه‌ره‌تا له پرسیارێكی ساده‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌و پرسیاره‌ی رووبه‌ڕووی خود ده‌كرێته‌وه “من كێم؟”، كاتێك مرۆڤ گه‌ڕا به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بوون و له‌وێشه وه‌ك خودێكی به ئاگا و خاوه‌ن بوون و خاوه‌ن بیركردنه‌وه، هه‌وڵی مانیفێست كردنی خۆی ده‌دات، له‌وێشه‌وه تێده‌گات ئه‌و وه‌ك خود، چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه و چ په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌یبه‌ستێته‌وه به سروشت و ده‌وروبه‌ره‌وه، ئه‌مه ئه‌و هه‌نگاوه‌یه مرۆڤ له بوونێكی لاوه‌كییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ بوونێكی كاریگه‌ر، به‌ڵام ناشێت به‌بێ هه‌ڵوه‌سته كردن له‌سه‌ر ئه‌و هۆكار و بارودۆخانه‌ی بوونه‌ته به‌شێك له‌و ره‌وشه، باس له‌و بێبه‌هابوونه‌ی بیركردنه‌وه بكه‌ین له‌لای مرۆڤی كورد، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێێنه‌وه سه‌ر رابردوو و ئه‌و فۆرمه‌ی كه هێزه سیاسییه‌كان كارییان له‌سه‌ر كردووه، بۆ مت كردنی جڤات و رام كردنی مرۆڤه‌كانی، ده‌بینین هه‌موو ئه‌مانه پاڵپشت بوون بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه له تاكی كورد، چونكه به‌شێكی گه‌وره‌ی پرۆژه‌ی هێزه سیاسییه‌كان و هه‌موو ئه‌و فشاره ده‌روونی و رۆحی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه به درێژایی دنیای دوای راپه‌ڕین، له‌سه‌ر مرۆڤی كورد هه‌بوون، وا یانكردووه تاك متامانه به خۆكردنی لێبسێنرێته‌وه و چاوه‌ڕوانی فه‌زلی سیاسییه‌كان بێت، تا ده‌ستی بگرن و بیخه‌نه سه‌ر رێگه‌یه‌ك به‌ره‌و ئامانجێكی نادیار.
به درێژایی دنیای دوای راپه‌ڕین، دۆخێك خۆی سه‌پاندووه به‌سه‌ر جڤاتی كودیدا، تێیدا مرۆڤ بێبه‌ها ده‌كرێت و ئاراسته ده‌كرێت، به‌ره‌و پشتكردنه بیركردنه‌وه و روو كردنه گوێڕایه‌ڵی، ئه‌م ئاراسته كردنه‌ش بۆته فاكته‌رێك، جڤات وه‌ك كارگه‌یه‌ك ده‌ربكه‌وێت، كه مرۆڤی تێكشكاو به‌رهه‌م بێنێت و خودی جڤاتیش وه‌ك جڤاتێكی پاسیڤ، نه‌توانێت هه‌نگاو به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روون بنێت، زاڵبوونی ئه‌م دۆخه به‌شێكی زۆری مرۆڤی كوردی به‌ره‌و ئاقارێك بردووه، كه زار قه‌ره‌باڵغی مێشك به‌تاڵ بێت، به جۆرێك كه زۆربه‌ی گوزارشته‌كان ده‌رخه‌ری هه‌رزه‌گۆیی و كاڵفامین و رۆژانه گوێبستی ئه‌و هه‌موو هاتوهاواره ده‌بین، به‌ڵام گوێمان له رسته‌یه‌ك نابێت، كه مانیفێستی بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ بێت و ئامانجی خستنه‌ڕووی پرسیارگه‌لێك بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ سه‌رقاڵ بكات بۆ گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامه‌كان و بۆ ساتێكیش بێت ئاشنای بیركردنه‌وه‌ی بكات.
دنیای دوای راپه‌ڕین بۆ كورد، دنیایه‌كه بارگاوییه به ململانێ پروكێنه‌ره بێ ئامانج و ناوه‌رۆك به‌تاڵه‌كان، ئه‌م ململانێیانه به‌جۆرێك مرۆڤ ماندوو ده‌كه‌ن، بۆ ساتێكیش نه‌توانێت له كه‌شێكی ئارام‌دا بیر بكاته‌وه، هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه مرۆڤه‌كانی سه‌رقاڵی شه‌ڕی یه‌كتر كردووه و هه‌ر یه‌كه‌یان به دوای خواوه‌ندێكی سیاسی كه‌وتوون تا قه‌ده‌رییان بۆ خوێنێته‌وه.
دنیای دوای راپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی دنیای خه‌ونه گه‌وره‌كانی مرۆڤی كورد بوو، به‌ڵام به دیوێكی تردا، دنیای كوشتنی سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌ونانه‌ش بوو، كه مرۆڤی كورد ساڵانێكی زۆر بۆ ئاینده هه‌یبوو، چونكه گواستنه‌وه‌ی ململانێكانی شاخ و تێكه‌ڵبوون به دنیای شار و تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رداره جوامێره وه‌همییانه‌ی كه شاخه‌كانیان به خوێنی گه‌نجه‌كانمان سور كرد، بونه هۆی پاكتاو كردنی ته‌واوی ئومێده غه‌مگینه‌كانی تاكه‌كانی ئه‌م جڤاته، وایانكرد ئیتر مرۆڤ خه‌ون به نیشتیمانێكی به‌هه‌شت ئاساوه نه‌بینێت، به‌ڵكه خه‌ون به چۆنێتی هه‌ڵهاتن له‌و دۆزه‌خه ببینێت، كه دیاری ده‌ستی سیاسییه نه‌زانه‌كانمان بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد، مرۆڤ بیر له كێشه قوڵه‌كان نه‌كاته‌وه و به دوای جه‌وهه‌ری بوون و كاریگه‌رییه‌كانی بوون نه‌گه‌ڕێت، چونكه دۆخێكی شپرزه‌ی سه‌پاوی وا هاته پێشه‌وه، مرۆڤی سه‌رگێژ كرد به جه‌نگ و بینیی قوربانیگه‌لێك كه قوربانی ململانێ شه‌خسییه‌كانی سه‌رداره وه‌همییه‌كانی كورد بوون، ئه‌م دۆخه نه‌ك ته‌نها زیانی به تاكایه‌تی گه‌یاند، به‌ڵكه بووه هۆكارێك بۆ شكستهێنانی پرۆژه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی و هه‌نگاو نان به‌ره‌و بونیاتنانی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و نیشتیمانی كرده بوونێكی كه‌م به‌ها، له‌لای مرۆڤی كورد، بۆیه تا هه‌نوكه‌ش، به‌شێكی زۆری تاكه‌كانی ئه‌م جڤاته، هه‌ڵهاتن له نیشتیمان كه وێنایه‌كی دۆزه‌خیانه‌ی له زه‌ینیدا درووست كردووه، له‌سه‌رووی هه‌موو شته‌كانه‌وه داده‌نێت.
چونكه رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌بووه، كه ته‌واوی هه‌نگاوه‌كان به ئاراسته‌ی كوشتنی رۆحی یاخی بوونه، ئه‌مه‌ش به هه‌موو مانایه‌ك، به‌شێكه له تیرۆری كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی مرۆڤ، چونكه كاتێك مرۆڤ خه‌سێندرا و نه‌یتوانی یاخی بێت، كاتێك پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌گیر ده‌ستی پێكرد بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی یاخێتی و بێ به‌ها كردنی پرسیار، ئه‌وكاته ده‌ست ده‌كرێت به خستنه‌سه‌ر پێی پرۆسه‌یه‌ك، كه تێیدا مرۆڤ به رۆبۆت ده‌كرێت، پرۆسه‌یه‌كی گشتگیر ده‌ست پێده‌كات بۆ كوشتنی ته‌واوی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه مرۆڤ به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی دنیا ده‌بات، له‌و كاته‌شدا مرۆڤ جگه له وتن، كه وتنه‌كه‌ش هیچ نیه جگه له خۆخاڵیكردنه‌وه له هه‌ڵچوونه ده‌روونییه‌كان، هیچ كارتێكی تری به ده‌سته‌وه نامێنێت، به‌ڵام ئه‌و وتنه‌ش هیچ مانایه‌كی نیه، جگه له درووستكردنی ژاوه ژاوێكی پروكێنه‌ر، كه هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و تیاچوون ده‌بات.
ماوه‌یه‌ك په‌یامنێر بووم له هه‌فته‌نامه‌ی جه‌ماوه‌ر، ئه‌وكات كۆمه‌ڵێك گه‌نج بووین به قه‌ولی خۆمان (سه‌رقاڵی موناقه‌شه‌ی فیكری بووین!!!)
به‌ڵام ئێستا كه بیر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌گه‌مه قه‌ناعه‌تێك ئه‌و موناقه‌شانه‌ی ئێمه ته‌نها هه‌وڵێك بوو بۆ كه‌وته سه‌ر رێگه‌ی بیركردنه‌وه، (ئه‌گه‌رچی ئه‌وكات رۆحی گه‌نجێتیمان وایلێكردبووین هه‌موومان خۆمان به كه‌سانی بیركه‌ره‌وه بزانین!!!)، به‌ڵام ئێستا ده‌زانم هه‌موومان نه‌زان بووین و منیش له هه‌مووان نه‌زان تر، چونكه نه‌مانده‌زانی ئه‌سڵی كێشه‌كانمان له كوێن، ته‌نها ده‌مزانی بڵێین، له گفتوگۆكاندا هه‌میشه به دوای تاكتیكدا ده‌گه‌ڕاین، زۆرجار ئه‌و تاكتیكانه‌ش به هه‌ڵه به‌كارمان ده‌بردن، چونكه هیچ كاتێك نه‌بوو كه بتوانین به‌جددی بیر له دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بكه‌ینه‌وه، تا له خه‌مه‌كانی جڤات تێبگه‌ین، براده‌رێكمان هه‌بوو، هه‌موو ده‌مێك باسی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌یگوت، “فه‌لسه‌فه به دیوه عه‌شائیرییه‌كه‌یدا”، نه ئه‌وكات و نه ئێستاش من تێنگه‌شتم مه‌به‌ستی ئه‌و چییه له دیوه عه‌شائیرییه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه، به‌ڵام ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م، به‌شێكی زۆری تێگه‌شتنی ئێمه، هه‌م بۆ دنیا و هه‌م بۆ خه‌مه‌كانی جڤات و هه‌م بۆ بیركردنه‌وه و هه‌میش بۆ سیاسه‌ت، دیوێكی عه‌شائیری هه‌یه، به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پرۆژه‌ی دۆزه‌خییانه‌ی هێزه سیاسییه‌كانه، چونكه تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هێزه سیاسییه‌كان له پشته‌وه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده وه‌ستاون و ناهێڵن هه‌نگاو بنرێت، بۆ خستنه‌سه‌ر پێی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی له قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندی خوێندندا، كه منداڵ ئاشنای پرسیار بكه‌ن، به بڕوای من ترسی هێزه سیاسییه‌كان له‌وه نیه كه جڤاتێكی پاسیڤ و نه‌خوێنده‌وار درووست ببێت، به‌ڵكه ترسی ئه‌وان له هوشیار بوونه‌وه‌ی جڤاته، ئه‌و هوشیار بوونه‌وه‌ش به قه‌ولی خۆیان، زه‌نگێكی مه‌ترسیداره و به ڕووی خۆیان به‌رنامه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یاندا لێده‌درێت.
ئێستاش كه بیر له‌و سه‌رده‌مه ده‌كه‌مه‌وه، ده‌پرسم ئه‌وه چ رۆحێكی گه‌ڕیده و یاخی بوو، كه له رێگه‌ی ئه‌و بوونه لاوه‌كییه‌ی ئێمه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌لاوه ئاسادا مانیفێستی خۆی ده‌كرد، مانیفێستێك سه‌ر له‌به‌ری شته‌كانی ده‌سڕییه‌وه، ئێستاش هه‌ست ده‌كه‌م كاریگه‌ری ئه‌و دۆخه‌یه، كه بڕوا و متمانه‌م به هیچ كام له سیاسییه‌كان و پرۆژه‌كانیان نه‌ماوه، متمانه‌م به هیچ هه‌نگاوێكیش نه‌ماوه بۆ رزگار بوون له‌و دۆخه سه‌پاوه‌ی كه له دوای راپه‌ڕینه‌وه دنیایه‌كییان بۆ كود درووست كردووه، پڕ له عه‌زابی خۆماڵی، چونكه دواجار هه‌موو هه‌وڵه‌كان گۆڕینه‌وه‌ی سیاسه‌تێكه به سیاسه‌تێكی تر، سه‌ركرده‌یه‌ك به سه‌ركرده‌یه‌كی تر، عه‌زابێك به عه‌زابێكی تر.
چونكه به بڕوای من، سیاسییه‌كان ئه‌هلی درۆ و له خشته‌بردنی مرۆڤن، خه‌ریكی وێنا كردنی ژیانێكن، مرۆڤ تێیدا دیل بێت و هیچ مه‌ودایه‌كی نه‌بێت، بۆ بیركردنه‌وه و گوزارشتكردنی ئازادانه‌ی بیروڕاكانی، وه‌رگێڕانی ئه‌م دنیایه‌ش كه له ناخیاندا درووستبووه بۆ سه‌ر واقیع، ئه‌و مه‌رگه‌ساته درووست ده‌كات، كه مرۆڤی كوردی تێكه‌وتووه، ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی كه وێنای دنیایه‌كن، له دوای راپه‌ڕینه‌وه درووست بووه، دنیایه‌ك بیركردنه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانی، خول خواردنه‌وه‌یه به ده‌وری گوزارشته‌كه‌ی محه‌مه‌د ماغوت، كه پێیوایه جگه له پێڵاوه‌كانی، هیچی تری نیه به نیشتیمانه‌كه‌یه‌وه بیبه‌ستێته‌وه، ئه‌م گوزارشته ئه‌گه‌رچی ده‌رخه‌ری دنیایه‌ك بێئومێدییه، كه مرۆڤ سه‌رگێژ ده‌كات به خۆیه‌وه و دواجار جگه له جێهێشتنی سه‌رزه‌مینی بێئومێدییه‌كان، هیچی تری بۆ درووست ناكات، به‌ڵام بۆته به‌شێك له بیركردنه‌وه و دنیابینی گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته، چونكه نیشتیمان له زه‌ینیاندا، وێنایه‌كی بۆ درووست بووه، شوێنگه‌یه‌كه بۆ كوشتنی ئازادی و سه‌ندنه‌وه‌ی رۆحی وێڵگه‌ری و پرسیاركه‌ر و گومان درووستكه‌ری مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به‌ره‌نجامی ئه‌و كاركردنه‌یه، كه حیزبه سیاسییه كوردییه‌كان، كارییان له‌سه‌ر كردووه و كردوویانه‌ته فۆرمێك بۆ سیاسه‌ت كردنیان، فۆرمێك كه (دیوه عه‌شائیره‌كه‌ی سیاسه‌ت!!!!) زاڵ ده‌كات، به‌سه‌ر سیاسه‌تی هاوچه‌رخانه و حیزبایه‌تی و حوكمڕانی هاوچه‌خ.
Facebook: rebwar raza chuchani