وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆیەك ڕەت دەكاتەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی دەنگۆی دەستگا ئەمنییەكانی عێراق دەداتەوە كە گوایە دوای گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق، هێزە ئەمنییەكانی كوردستانیش گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت.

بەپێی فەرمانێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، گۆڕانكاری لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقدا دەكرێت و هەندێك دەستگای راگەیاندنی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو بڕیارە دامەزراوە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە.

پێوەست بەم پرسە سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (جەمال محەممەد) بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندوە،سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) دەستی بە گۆڕانكاری لە پۆستەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا كردووە، بەڵام دامەزراوەی ئەمنی لە عێراق لەگەڵ هیی هەرێمی كوردستان جیاوازە و هیچ پەیوەندییەكیان بە یەكدییەوە نییە.

فەریق (جەمال) وتیشی: “لە عێراقدا شتێك بە ناوی سوپاوە نەماوە، بۆیە ئێستا شەڕی داعش و ڕووخانی دامەزراوە ئەمنییەكان وای كردووە دەبێت لە ڕیشەوە گۆڕانكاری لە وەزارەتە ئەمنییەكانی عێراقدا بكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆ هەر بڕیار و ڕاسپاردەیەك بەپێی یاسا خۆی سەرپشك كراوە و دەسەڵاتی پێ دراوە،بەڵام بە هیچ شێوەیەك بڕیاری بەغدا پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە”.

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، ئاگاداری ئەوە نین كە بە هۆی گۆڕانكارییەكانی (عەبادی)ـیەوە ئەفسەرانی كورد لە سوپای عێراق لادرابن وەك ئەوەی باس كراوە، بەڵام لە دامەزراوە ئەمنییەكانی كوردستاندا گۆڕانكاری دەكرێت، ئەو گۆڕانكاریانەیش دەگەڕێتەوە سەر كات و شوێنی ڕووداوەكان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com