دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر كچێكی 9 ساڵانی ئێزدی دووگیان دەبێت

0

 

نوچەنێت-دەیلی ئێكسپرێس

رۆژنامەی “دەیلی ئێكسپرێسی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد كە ئەندامانی رێكخراوی داعش دەستدرێژی سێكسیان كردوەتە سەر ئەو كچە ئێزدییانەی تەمەنیان لە نۆ ساڵ تێپەڕ ناكات، روونیكردەوە كە یەكێك لەوانەی كە دەستدرێژییان كراوەتە سەر ئێستا دووگیانە دوای ئەوەی بە دە كەس دەستدرێژییان كردوەتە سەر لە كاتی داگیر كردنی قەزای شنگالی رۆژئاوای موسڵ لە ناوەراستی مانگی ئابی ساڵی رابردوو. ئاماژەشی بەوە داوە كە تا ئێستاش نزیكەی 4000 كچی ئێزدی لای داعش دەستبەسەرن.

رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەیدا كە لەسەر زاری كارمەندانی فریاگوزاری نێودەوڵەتییەوە گواستویەتییەوە دەڵێت ” رێكخراوی داعش دەستدرێژی سێكسی كردوەتە سەر ئەو كچە ئێزدیانەی كە تەمەنییان لە 9 ساڵ تێناپەڕێت و ئەشكەنجەی داون ، دوای هەشت مانگ لە بەدیل گرتن رێكخراوی داعش سەدان ژن و منداڵی ئازاد كردوە”.

هەورەها لە راپۆرتەكەدا هاتوە :” كارمەندەكانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی كەمپێكی گەورەیان بۆ پەنابەران كردوەتەوە و لە هەوڵی چارەسەركردنی ژنان و منداڵانی كەمپەكەدان لەو شۆكەی كە توشیان بوە لەسەر دەستی گروپێكی تیرۆرستی كە جەنگێكی خوێناوی لە ناوچەكەدا بەرپا كردوە و بەردەوامە”.

هەروەها دەڵێت:” كارمەندەكان منداڵێكی نۆ ساڵانیان دۆزیوەتەوە كە دووگیان بوە دوای ئەوەی بەلایەنی كەمەوە لەلایەن 10 داعشەوە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر” دەیلی ئێكسپرێس دەڵێت كچەكە زۆر منداڵە و زۆریش لاوازە ، كە ئەگەری زۆرە لەكاتی منداڵبووندا گیان لەدەست بدات.

یەكێك لە كارمەندە كەنەدییەكانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی بە ناوی یوسف داود وتوویەتی :” تەنانەت ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوونیش مەترسی بۆسەر ژیانی دروست دەكات”، ئەوشی وت كە ” ئەو دەستدرێژییەی كراوەتە سەری توشی شۆكێكی دەروونی و جەستەیی گەورەی كردوە”.

راپۆرتەكە دووپاتی كردوەتەوە كە ” زیاتر لە 4000 ژن و كچی ئێزدی تا ئێستا لای داعش دەستبەسەرن ، دواجار هەفتەی رابردوو نزیكەی 200 كەسیان ئازاد كران” روونیكردەوە كە ” ئازادكردنی ئەم 200 كچە بە ئامانجی مرۆڤایەتی نەبوە بەڵكو بۆ ئەوەی ئەو كچانە لە كاتی گەڕانەوەیاندا بۆ لای خێزانەكانیان بە لەكەی ئابڕووبەرانەوە بگەڕێنەوە و بەمەش هەموو كۆمەڵگاكەیان لەكەدار بێت”.

داود هەورەها وتی :” من نازانم چ داهاتوویەك چاوەڕێی ئەو منداڵانە دەكات لە كاتێكدا ئەو ژن و كچانە ئەو منداڵانەیان ناوێت، ئەوان زۆر مەینەتییان چەشتوە و هیچیان ناوێت جگە لەوەی ئەو مەینەتییانە هەمووی لەبیر بكەن”.

داود روونیكردەوە :” هەندێك لەو ژنانە هاوسەریان هەیە، ئەگەر دووگیان بن ئەوا هاوسەرەكانیان جارێكی تر نایانگەڕێننەوە بۆلای خۆیان، ئاشكراشە ئەو منداڵانە لە كۆمەڵگادا قبوڵ ناكرێن” ئاماژەشی بەوە دا كە ” هەندێك لەو كچ و ژنانە هەوڵی لەباربردنی كۆرپەلەكانییان دەدەن بەڵام رەوشی چاودێریی تەندروستی بەجۆرێك هەژارە كە لەوانەیە لەكاتی لەباربردنی كۆرپەلەكانیان گیان لەدەست بدەن “.

نوسینگەی كاروباری رفێنراوانیش لە دهۆك رایگەیاندووە لە 7ی نیسانی 2015 نزیكەی 30 رفێنراوی ئێزدییان لەدەست داعش رزگار كردوە و گەیەندراونەتە چیای شنگال.

سەرچاوەكانی نوسینگەی كاروباری رفێنراوان لە دهۆك ئاماژە بە بوونی زیاتر لە 3500 ئێزدی تر دەكەن لەدەستی داعشدا ، لەكاتێكدا 900 ئێزدی تر لەماوە مانگی رابردوودا رزگار كراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com