شۆرش قادر : شوێنی مانەوەی هێزەکەی سوید هەولێرە، بۆ نیگەرانییەکان پرسیار لەوەزارەتی دەرەوە دەکەین

0

نوچەنێت . سوید

رۆژی 9/4/2015 حکومەتی سوید بڕیاریدا بەناردنی هێزی یارمەتیدەر بۆ کوردستان، ئەو بڕیارەش وەک پرۆژە پێشنیارێک لەلایەن هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی سوید، ئاراستەی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە کرا بۆ دەنگ لەسەردانی، ئەم بریارەی حکومەتی سوید لەیەک کاتدا بووە مایەی خۆشحاڵی و نیگەرانی کوردستانیانیان، خۆشحاڵی بەوەی سوید بۆ یەکەم جار هاوکاری سەربازی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێش دەینێرێت بۆ کوردستان و بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە، نیگەرانیش لەوەی کە لەپرۆژە پێشنیارکراوەکەی حکومەتی سویددا بۆ پەڕلەمانی وڵاتەکەیان، ناوی کوردستان وەک هەرێمێکی دانپێنراو لەعێراقدا ناهێنێت، و بەباکوری عێراق ناوی دەبات، کەهەمان ئەو ناوەیە لەسەردەمی حکومی بەعس بۆ کوردستان بەکار دەهێنرا، لەو بارەیەوە شۆرش قادر نوێنەری حکومەتی کوردستان لەوڵاتی سوید، وەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت دەداتەوە.

نوچەنێت: حکومەتی سوید بڕیاری ناردنی ‌هێزێکی دا بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە، بەڵام لەو پێشنیارەدا کە بۆ ئەو مەبەستە ناردویەتییە پەڕلەمانی وڵاتەکەی ناوی کوردستان ناهێنێت، ئێوە وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راتان چییە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی سوید کوردستان بەباکوری عێراق ناو دەبات نەک هەرێمی کوردستان؟

شۆرش قادر: ئەوان لەپرۆژە پێشنیارکراوەکە، باسی ئەوەیان کردووە کە هاوکارییەکە بۆ پشتگیری کردنە لەعێراق، بەڵام لەناو عێرقیش پشتگیری لەهێزی پێشمەرگە دەکەن، ئەو هێزە سەربازییەی کەدەینێرن، بۆ راهێنان بەهێزەکانی پێشمەرگە سەرەتا ٣٥ کەسن دواتر مەجالی تیا هەیە زیاد بکرێن بۆ ١٢٠ کەس، شوێنی مانەوەیان لەهەولێر دەبێت و راستەوخۆ بۆ کوردستان دەچن.

ناردنی ئەو هێزە یارمەتیدەرەش لەسەر داواکاری عێراق و کوردستانە، کەکوردسانیش سەربە عێراقی فیدڕاڵە، ئەم داواکارییە سەرەتا داوای حکومەتی کوردستان بووe، کە ئێمە هەم خۆمان وەکو نوێنەرایەتی داوامانکردووە، هەمیش ئەو بەرپرسانەی کوردستان کەهاتوونە ئێرە داوایان کردووە، وەک بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، کەدانیشتمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید، و لەگەڵ وەزیری بەرگری سوید کردووە، و لەپارساڵەوە لەگەڵ حکومەتی سوید مناقەشەمان لەسەر کردووە، بەڵام داوکانی کوردستان بێگومان دەبێ داوای حکومەتی عێراقیشی لەگەڵ بێ وەکو پرسی یاسایی، بۆیە ئێمە زیاتر سەرەنجمان لەسەر ئەوە نییە کەوەکو وڵات حکومەتی سوید دەنوسێ عێراق، بەڵکو ئەوەی گرنگی زۆری هەیە لای ئێمە، خودی هاوکارییەکەیە کە بەهێزەکانی پێشمەرگە دەگات.

نوچەنێت: واتە جێی نیگەرانی نییە بۆتان، لەدوای روخانی رژێمی بەعس و لەدوای هەبوونی دەستورێک لەعێراقدا کەدان بەبونی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنێت، هێشتاش ناوی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لەقاموسی ساسیی سویددا نەیەت و کوردستان بەهەمان ناوی سەردەمی بەعسەوە ناو ببرێ (باکوری عێراق) ؟

شۆرش قادر : نازانم مەبەستت چییە لەقاموسی سیاسی، بەڵام ئێمە ئەوەی لێرە لەگەڵ حکومەتی سوید باسمان کردووەو ئەوەی کەوا هەیە، ئەوەیە، کە عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵە، هەرێمی کوردستانیش هەرێمێکە سەربە عێراق، هەم هەرێم و هەمیش هێزی پێشمەرگە لەدەستوردا دانپێدانراون، ئەگەر حکومەتی سوید بۆخۆشیان ئەوە نەزانن، ئەو گروپە لەهێزەکانیان نانێرن بۆ هاوکاری پێشمەرگە، ئێمەش وەک نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان، لەهەموو دانیشتنەکانمان لەگەڵ سوید، وەکو هەرێمی کوردستان، وەک وەزارەتەکانی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەوان دانیشتووین و پێشوازیمان لێکراوە نەک وەکو وڵاتی عێراق، ئەوەش چۆتە ناو پرۆتۆکۆڵەوە کەئێمە وەکو کوردستان لەگەڵ ئەوان کۆبونەوەو دانیشتنمان هەبووە.

نوچەنێت: ئەو پرۆژە پێشنیارەی حکومەتی سوید لەپەڕلەمانی ئەم وڵاتە کاری لەسەر دەکرێت، هەوڵی ئێوە چی دەبێت لەم ماوەی لەبەردەمتان ماوە، کە ناوهێنانی کوردستان بەباکوری عێراق، بکرێتە هەرێمی کوردستان ؟

شۆرش قادر : پێشنیاری حکومەتی سوید تایبەتە بەخۆیان و ئێمە ناتوانین بەوان بڵێین چۆن کارەکانتان بکەن، بەڵام داوامانکردووە هەم لەگەڵ لیژنەی دەرەوەی پەڕلەمانی سوید، هەمیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوید، لەسەر ئەو پرۆژە پێشنیارکراوە، دانیشتن بکەین، تا هەم زانیاری زیاتریان پێ بدەین، هەمیش لەسەر ئەو پرسە ئەتوانین قسە بکەین و قسەمان دەبێ لەگەڵیان.

نوچەنێت : کەواتە لەو دانیشتنەی بڕیارە لەگەڵیان هەتانىی، باسی ئەوە دەکەن کوردستان هەرێمێکی تایبەتە و ناوی هەرێمی کوردستانە لەعێراقی تازەدا، نەک باکوری عێراق ؟

شۆرش قادر: ئێمە سوپاسی ئەو هەڵوێستەی حکومەتی سوید دەکەین، ستایشی ئامادەییان دەکەین لەهاوکاریکردنی پێشمەرگە، بێگومان لەو دانیشتە لەگەڵ دەربڕینی پێزانینمان بۆیان، باس لەقۆناغەکانی داهاتووی ئەو بڕیارە دەکەین لەگەڵیان، باسی ئەوەش دەکەین دەبێ بوترێ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە نەک هەر لەم دانیشتنە پێشتریش لەسەر ئەوە قسەمان کردووە، و بەناوی هەرێمی کوردستانیشەوە مامەڵەمان لەگەڵ کراوە، داهاتووش هەر ئەوە دەکەین، ئێستا کە لەم پرسەدا نوسراوە باکوری عێراق، شایەن بەپرسیارە، و لەو بارەوە پرسیارمان دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com