جەبار ئەمین : ناردنی هێزی سوید بۆ هاوکاری پێشمەرگە گرنگە و لەنیگەرانییەکان دەکۆڵینەوە

0

نوچەنێت . سوید

رۆژی ٩/٤/٢٠١٥ حکومەتی سوید بڕیاریدا بەناردنی هێزی یارمەتیدەر بۆ کوردستان، ئەو بڕیارەش وەک پرۆژە پێشنیارێک لەلایەن هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی سوید، ئاراستەی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە کرا بۆ دەنگ لەسەردانی، ئەم بریارەی حکومەتی سوید لەیەک کاتدا بووە مایەی خۆشحاڵی و نیگەرانی کوردستانیانیان، خۆشحاڵی بەوەی سوید بۆ یەکەم جار هاوکاری سەربازی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێش دەینێرێت بۆ کوردستان و بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە، نیگەرانیش لەوەی کە لەپرۆژە پێشنیارکراوەکەی حکومەتی سویددا بۆ پەڕلەمانی وڵاتەکەیان، ناوی کوردستان وەک هەرێمێکی دانپێنراو لەعێراقدا ناهێنێت، و بەباکوری عێراق ناوی دەبات، کەهەمان ئەو ناوەیە لەسەردەمی حکومی بەعس بۆ کوردستان بەکار دەهێنرا، لەو بارەیەوە جەبار ئەمین وەک کوردێکی پەڕلەمانتار لەپەڕلەمانی سوید و لەسەر لیستی پارتی ژینگە، وەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت دەداتەوە.

نوچەنێت : حکومەتی سوید بڕیاری ناردنی هێزێکی یارمەتیدەری دا بۆ کوردستان، ئایا ئەم هێزە کەی دەچێتە کوردستان؟

جەبار ئەمین : حکومەتی سوید بڕیاری فەرمی داوە، ئەوبڕیارەشی وەکو پرۆژە ناردۆتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردنی، پەسەندکردنی پرۆژەکان لەپەڕلەمان لەخێرایی و دواکەوتندا ئەکەوێتە سەر ئەوەی حکومەت چەند بەپەلەیە لەپەسەندکردنی پرۆژەکە، دواتر دەچێتە بوای دەنگدانەوە لەپەڕلەمانی سوید، پێموایە ئەگەر ئەم مانگە نەبێ، مانگی پێنج پرۆژەکە پەسەند دەکرێت و تەواو دەبێت، هیوای حکومەتیش ئەوەیە پێش کۆتایی مانگی پێنج ئیشی فەرمی پەڕلەمان لەسەر ئەو پرۆژەیە تەواو ببێت و پەڕلەمان بڕیاری لێ دابێت، تا بتوانن هێزە سەربازییەکە بنێرن بۆ کوردستان.

نوچەنێت : جگە لەبایەخە لۆجستییەکە، ئەم بڕیارەی حکومەتی سوید تاچەند گرنگە بۆ کوردستان ؟

جەبار ئەمین: ئەمە بۆ جاری یەکەمە سوید هێزی سەربازی بنێری بۆ یەکێ لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوازە، کە دژی رێکخراوێکی تیرۆرستی، پشتگییری هێزی پێشمەرگە یان هێزی عیراقی بکات، ئەمە یەکەم جارە سوید لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارێکی ئاوا بکات، بۆ سوید هەڵوێستێکی تازەیە، و دەیخاتە موعادەلەیەکەوە کە ئێمە چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕوامان نەدەکرد سوید ئامادەبێ تێیدا بێت، واتە بەناڕاستەوخۆ دەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆرستی، وەکو داعش.

بێگومان لەڕووی زیاتر ناسینی کوردستان و گەشتنی هاوکاری زیاتر بەکوردستان، و بەرفرەوانبوونی ئەو بەرەیەی هاوکاری پێشمەرگە دەکات، ئەم بڕیارە بایەخی زۆری دەبێت بۆ کوردستان، وەک وتم بۆ حکومەتی سویدیش گرنگە کە دەچیتە ناو موعادەلەیەکی نوێوە.

نوچەنێت: بۆچی بۆ جێگیرکردنی ئەم هێزە کوردستان هەڵدەبژێرن، لەکاتێکدا بەناوی هاوکاری عێراقە دەچنە عێراق ؟

جەبار ئەمین: چەند هۆیەکی هەیە، هۆیەکی ئەوەیە لەڕووی ئەمنییەوە کوردستان ئارامترە و ناوچەکانی تری عیراق زۆر جێی متمانە نین، هۆیەکی تری ئەوەیە ئێمە هەندێ پەڕلەمانتار و هەندێک لەحکومەتی سوید، داوامان کردووە ئەو هێزە لەکوردستان بێت، چونکە لەوێ زەمینەیەکی باشتر هەیە، چ بۆ هاتوچۆ بۆ کوردستان، چ بۆ زەمانەتی ئەو کەسانەی کە لەوێن، چونکە جێگەکانی تری عیراق زامن نین، هۆیەکی تریشی نزیکی کوردستانە لەجەنگی داعش.

نوچەنێت: ئەم بڕیارە پێشنیارکراوەی حکومەت بۆ پەڕلەمان، تاچەند وەک پرۆتۆکۆل، یان دیکۆمێنتێکی قانونی، لەپەڕلەماندا تۆمار دەکرێت و ئەرشیف دەکرێت؟

جەبار ئەمین : ئەمە وەکو پرۆژەی فەرمی هاتۆتە پەڕلەمان و وەکو پرۆژەی فەرمیش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، و وەک پرۆژەی فەرمیش تۆمارکراوە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ لەپرۆژەکانی تر.

نوچەنێت: کەوایە ناردنی ئەم هێزە سویدییە بۆ کوردستان چەند جێی دڵخۆشی بێت، هێندەش جێی نیگەرانییە، چونکە لەو بڕیارە پێشنیارکراوەی حکومەتی سوید بۆ پەڕلەمانی سوید، بەهەمانشێوەی سەردەمی بەعس باسی کوردستان دەکات و بەناوی باکوری عیراق ناوی دەبات، لەکاتێکدا بەپێی دەستوری عیراق خۆیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دانپێنراوەو زۆربەی وڵاتانی تریش بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری دەنێرن، نەک بەناوی باکوری عیراق، ئێوە پەڕلەمانتارانی کورد هەڵوێستتان چی دەبێ لەسەر ئەوە ؟

جەبار ئەمین : ئێمە زیاترحەزمان دەکرد باسی کوردستان وەکو هەرێمی کوردستان بکرێت، نەک وەکو باکوری عیراق، بەڵام لەڕووی فەرمییەوە، لەڕووی پەیوەندی نێودەوڵەتیی و نوسراوەوە کوردستان بەشێکە لەعێراق، راستە ئێستا کوردستان لەڕووی فەرمییەوە بەپێی دەستوری عێراق، هەرێمەو حکومەتی خۆیی هەیە، و عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە.

بەڵام ئەم هێزە لەخۆیەوەناچێت، بەڵکو ئەم هێزە داواکارییەکی حکومەتی عێراقە، کە وڵاتی سویدیش پشتیوانی بکات لەدژایەتیکردنی داعش، بەڵام لەپاش هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای عێراق، بارودخی ناوچەجیاوازەکانی عێراق وایان لا پەسەند بووە کە ئەم هێزە سەربازییە راهێنەرە بنێرن بۆ کوردستان.

ئەمان وای دەبینن کە کوردستان هەر بەشێکە لەعێراق، من خۆم و ئەکید زۆرێک لەئەندامانی پەڕلەمان زۆر حەزمان دەکرد وەکو هەرێمی کوردستان ناوی کوردستان بێت، بەڵام پرسی گرنگتر بۆ من ئەوەیە کە سوید هەنگاوێکی ناوە بۆ ئەوەی کە بەشدار بێت لەدژایەتیکردنی داعش، بەشدار بێت لەهاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر باشە و دەکرێت ئێمە کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی لەهەنگاوی داهاتوو و لەپرۆژەکانی داهاتوودا ناوی کوردستان وەکو هەرێمی کوردستان بنوسرێ و بێتە ئارا، نەک وەکو باکوری عێراق.

نوچەنێت: بەڵام ئەگەر ناوی هەرێمی کوردستانیش بهاتبا، تەنانەت بەپێی قانونی عێراقیش سوید کارێکی ناقانونی نەدەکرد، چونکە لەدەستوری عێراقدا کوردستان دانپێدانراوە و عێراق وڵاتێکی فیدڕڵە، ئێوە بەئیشی خۆتانی نازانن کاتێک لەم رۆژانە قسە لەسەر ئەو پێشنیارەی حکومەت دەکەن لەپەڕلەمان، ئەوە راست بکەنەوە تا بەشێوەیەکی دروست و رەواتر، بەپرۆتۆکۆل بکرێ؟

جەبار ئەمین: بێگومان دەبێ بپرسین چین وایکردووە ئەوان وابنوسن، لەهەمان کاتدا زۆر گرنگە ئێمە کێشەیەک لەپەڕلەمانی سویددا دروست نەکەین، تا لەسەر هەندێ شتی فەرمی هەڵوێستێکی گرنگی حکومەتی سوید بۆ ناردنی هێز بۆ پشتیوانی لەپێشمەرگە بخەینە ژێر پرسیارەوە، ئێمە ئەبێ زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەین، دەبێ لێی بکۆڵێنەوە پێش ئەوەی لەپەڕلەمان تەگەرە لەبەردەم ئەو کارە دروست بکەین و بیکەینە کێشە، چونکە بەڕاستی لای من ئەمرۆ لەهەلومەرجی کوردستاندا دژایەتیکردنی داعش و پارێزگاریکردن لەخاکی کودستان زیاتر گرنگە، لەوەی کەچۆن ناوی دەبەن، هەڵبەت دەکرێ کاری لەسەر بکەین، بەڵام بەوریایی.

نوچەنێت: خۆ ناکرێ پێمان وابێ حزبەکانی سوید ئاگایان لەدەستوری عێراق نییە، چونکە بۆ مەسەلەی جینۆسایدی کورد ئاماژەیان بەوە دەدا کەلەدەستوری عێراقدا ئەو پرسە بەجینۆساید ناسێنراوە، تۆ گومان نییە لەوەی ناو هێنانی کوردستان بەباکوری عێراق، زیاتر لەوەی رەچاوکردنی قانون، ئەوەبێت کەئەوانەی ئەو بڕیارو پێشنیارانە دەنوسنەوە کەوتبنە ژێر کاریگەری هەوڵی ترەوە ؟

جەبار ئەمین: ئەو بڕیارانە لەلایەن زۆر کەسەوە دەستکاری دەکرێت، کەسێک نییە بەتەنها، بۆیە پێموانییە کە هیچ بۆچونێکی سیاسی دژ بەکوردی لەپشت بێت، ئەوەی من هەست بکەم ئەوەیە زیاتر مەسەلە نوسراوی فەرمییە، کەبەحەزەرەوە دەنوسرێن، چونکە ئەگەر رایەکی سیاسی دژ بەهەرێمی کوردستان بوایە، هێزیان نەدەنارد بۆ ئەوێ و ئامادەی هاوکاریکردنی نەدەبوون، رەنگە رەچاوکردنی هەندێ شت بێ کە حەساسیەت دروست نەکات، بۆ نمونە تۆزێ پێش ئەم ئەم قسانە، موحەلیلێکی سەربازی سویدی لەراگەیاندن قسەی دەکرد، ئینزاری حکومەتی سویدی دەکرد، دەیوت ئەوەی کەئێوە دەیکەن پشتیوانی خەڵکی کوردستانە، کە کەمایەتییە لەعێراقدا، لەوانەیە ئەمە بەهێزکردنی هەندێ خەڵک بێ دژی هەندێ خەڵکی تر، بۆیە دەبێ سوید حەزەری هەبێ لەو مامەڵەی کە لەگەڵ کورددا دەیکات، یانی وای لەقەڵەم دەدا کەحکومەتی سوید هەنگاوێکی زۆر گەورەی ناوە بۆ پشتگیری خەڵکی کوردستان و رەنگە لەزیانی حکومەتی عێراق بێت.

بۆیە من بڕوام وایە لەم پرسەدا چۆنیەتی ناوهێنان گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە، ئەوەیە ئایا چۆن حکومەتی سوید کە زیاتر باس لەئاشتی و نابژیوانی و نەبوونی چەک و نەفرۆشتنی چەک دەکات، ئێستا بەشداری پشتیوانی پێشمەرگە دەکات و هێزی سەربازی دەنێرێت بۆهاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئەوە خۆی لەخۆیدا گەورەترە لەوەی کە ناوەکە ناردنی هێزبێت بۆ باکوری عێراق، یان هەرێمی کوردستان، بەڵام دیسان دەیڵێمەوە دەکرێ لەسەری بڕۆین و کاری لەسەر بکەین.

نوچەنێت: بەڵام ناوهێنانی کوردستان بەباکوری عێراق و تۆمارکردنی لەپرۆتۆکۆلی پەڕلەماندا جێی نیگەرانییە، ئێوە بۆخۆتان چەندین هەوڵتان دا، هەندێ پرسی کورد بەناوی کوردەوە لەپەڕلەمانی سوید بەفەرمی بناسرێ، ئەوکات ئێوە لاتان گرنگ بوو، ناوی کورد بهێنرێ، پێشتریش بەرپرسانی سوید ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هێناوە لەهەندێ پرسدا، کەوایە ئەم ناوهێنانەی کوردستان بەباکوری عێراق پاشەکشە نییە لەهەڵوێستی پێشوویان ؟

جەبار ئەمین: من هەست بەوە ناکەم، ئەمە هاوکارییەک نیە تەنها بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق داوای هاوکاری لەوڵاتی سوید و وڵاتانی تریش کردووە بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی عێراق، بەلای ئەمانەوە کە دەڵێی حکومەتی عێراق، مەبەست عەرەب و کوردو ئاشوری و ئێزیدی و تورکمان و هەموو پێهکهاتەکانە، حکومەتی سوید ناتوانێ لەخۆوە هاوکاری و پشتیوانی بنێرێ بۆ وڵاتێک یان بۆ پارچەیەکی وڵاتێک، یان هەرێمێکی وڵاتێک، بێ رازیبوونی حکومەتی مەرکەزی، حکومەتی مەرکەزی داوای لەمانکردووە، من بەدواداچون دەکەم لەسەر ئەو پرسە، بەڵام گومانی من ئەوە نییە حکومەتی سوید بەرانبەر بەپرسی کورد و حکومەتی هەرێم پاشەکشەی لەڕای خۆی کردبێ، بەڵکو تەنها ئەوەیە کەوتم، رەچاوکردنی هەندێ لایەنی فەرمیی کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com