نوچەنێت.ههولێر:
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی ئەو نامانە ئاشکرا دەکات کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان گۆڕیویەتییەوە و ئاماژە بەوەشدەکات: “قبووڵ ناکەم لە دەرەوەی یاسا ماوەی سەرۆکایەتیم درێژ بکرێتەوە”.
بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی imctv ئاماژە بەوە دەکات: “لە کۆبانێوە تاوەکو خانەقین بە درێژایی 1500 کیلۆمەتەر بەرخودانی کورد لەماوەی نزیکەی ساڵێکی رابردوودا گەلی کورد شەڕی داعشی کردو و هێز و هەیبەتی داعشی تێکشکاندووە، هاوکات یەکێتی نێوان لایەنە کوردییەکانی پتەوتر کردووە”.
بارزانی لەبارەی چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ گوتی: “چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ بۆ هاوکاریکردنی خوشک و براکانیان لەکۆبانێ، هەنگاوێكی مێژوویی بوو، ئەوەی دەشیبینم ئەوەیە کە رۆژ بەرۆژ یەکێتی نێوان کورد بەهێزتر و بەرچاوتر دەبێت”.
لەبارەی ئەو نامەیەی کە لەیلا زانا و سرری سوورەیا ئۆندەر، لەلای ئۆجەلانەوە گەیاندیان، بارزانی گوتی: “راستە نامەیەکی بەڕێز ئۆجەلان گەیشتووەتە دەستم و منیش وەڵامم داوەتەوە، ئەوە دەبینم کە ئێستا زەمینە زۆر خۆشە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان پتر کار بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی خۆی بکات و یەکێتی خۆی باشتر رێکبخات”.
لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی دەڵێ: “هێشتا لەبواری سیاسییەوە زەمینە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەوەتەوەیی کورد ئامادەنەبووە”.
لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێستاش دەڵێم کە من قبووڵ ناکەم ماوەی سەرۆکایەتییەکەم درێژ بکرێتەوە، ئێمە پابەندی یاساین، ئێستا پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دانوستاندن دەکەن، هەر رێککەوتنێک ئەوان پێیبگەن ئەوە جێبەجێدەکرێت، هەر شتێک دژی یاسا بێت، مومکین نییە قبووڵی بکەم”.
*(روداو)